لیوا قائانی: سعوودیە هێندە بچووکە کە شیاوی دوژمنایەتی نییە / چارەنووسی ئەمریکا شکستی زیاترە
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە سعوودیە بوکەڵەی دەستی ئەمریکایە و بایەخی ئەوەشی نییە وەک دوژمن دابنرێت و وتی: ئەگەر دەمانەوێت لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری جیهانی و ئەمریکای تاوانباردا ڕابوەستین، دەبێت خۆڕاگری بکەین.
لیوا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی شەهید حەسەن ئێرلو، وتی: وشەی خۆڕاگری هێندە کاریگەریی هەبووە کە تەنانەت دوژمنانیش لە نهێنییەکەی تێگەیشتوون. ئەمریکای تاوانبار و سەگی پەروەردەکراوەکەی بە ناوی ڕژێمی زایۆنیستی و بوکەڵەی دەستەکەی وەک سعوودیەیان بەرداوەتە گیانی موسڵمانان و 7 هەزار ملیار دۆلاریان بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئێران وەک دڵی بەرەی خۆڕاگری، بەکار هێناوە.
ناوبراو وتی: ئەو تێچووە زۆری دوژمنان ئەنجامێکی نەبووە و لە سەرجەم بەرەکاندا شکستیان هێناوە، ئەمڕۆ بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن هەرچی چەک و پارەی زیاتر بەکار دێنن، ناتوانن لە بەرامبەر خۆڕاگری گەل و ناوچەکەی ئێمە بە سەرکەوتن بگەن.
لیوا قائانی بە ئاماژە بە سەرکەوتنەکانی بەرەی خۆڕاگری لە سوریا، لوبنان، فەڵەستین، عێراق و یەمەن وتی: سرنج لە هەر گۆشەیەکی ئەم ناوچەیە بدەیت دەبینی کە گەلانی ناوچەکە بە کاریگەری وەرگرتن لە مەکتەب و ئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامی، ئیمام خومەینی (رە) و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ڕێگای ژیانی سەربەرزانەیان گرتووەتەبەر، خۆڕاگرییان کرد و سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، هەر بۆیە بەرزترین وشە بۆ شەهیدانی ئێمە وشەی خۆڕاگرییە.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بە ئاماژە بە سزا و گەمارۆ نامرۆڤانەکانی دوژمنان لە دژی گەلی ئێران وتی: ئەگەر ئەم ڕێژەیە لە سزا و گەمارۆکان لە هەر وڵات و ناوچەیەکی دیکەی جیهان جێبەجێ دەکرا، ئەو حکومەتە دەڕووخا، بەڵام ئێمە سەرکەوتووانە و بە خۆڕاگری گەمارۆکانمان تێپەڕاند.
لیوا قائانی وتی: وڵاتی ئێمە وڵاتی خۆڕاگری و وەبەرهێنانی هێزە بۆ هەر مرۆڤێکی بەشەرەف کە لەم جیهانەدا ژیان بە سەر دەبات.
ناوبراو بە ئاماژە بە شکستە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێراق، یەمەن و سوریا وتی: گەلانی ناوچەکە هێندە زەبر و گورزێکی گەورەیان لە ئەمریکا وەشاندووە کە هێشتا بەرەو پاشەکشەی زیاتر دەڕوات، ئەوان لە ڕووی لاوازییەوە شەهید سولێمانییان تیرۆر کرد و بە هۆی ئەو شکستانەوە دەستیان دایە ئەو تاوانەوە.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ئەمریکییەکان وا دەزانن کە بە گوشار لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانن ئێران لە ئامانجەکانی دوور بکەنەوە، بەڵام من وەک ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە دەڵێم کە هەرچی گوشارەکان زیاتر بکەن، خۆڕاگری ئێمەش زیاتر دەبێت و پاشەکشەی زیاتر بەوان دەکەین.
لیوا ئیسماعیل قائانی وتی: دوژمنی سەرەکی لەم ڕێگایەدا ئەمریکایە، سعوودیە وەک بوکەڵەی دەستی ئەمریکایە و هێندە گرنگ نییە وەک دوژمن سەیر بکرێت، لە 20 ساڵی ڕابردوو بە بەرەکەتی خوێنی شەهیدانی خۆڕاگری لە هەر گۆڕەپانێکدا شکستی وەها بە سەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیدا سەپێندراوە کە لە پاشەکشە بەردەوامن.
ناوبراو سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕژێمی زایۆنیستی وتی: ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکداین کە لە هەفتەدا 40 تا 50 کردەوە لە دژی ئەو ڕژێمە لە کەرتی خۆرئاوای فەڵەستین ئەنجام دەدرێت، ئەو ڕۆژەی کە شەهید سولێمانی تیرۆر کرا بەوانمان ڕاگەیاند کە ماڵەکانتان بفرۆشن و لە فەڵەستین بڕۆن، ئەمڕۆ لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین هەنگاوی چۆڵکردنی ئەو ناوچانە دەستیپێکردووە.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران وتی: بە بەرەکەتی خوێنی شەهیدان ئەم ڕێگا پڕ لە شانازییە بە سەربەرزییەوە درێژەی دەبێت، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەییش وەک هەمیشە بەهێزەوە ڕێبەرایەتی ئەم شۆڕشە مەزنە دەکەن.
جام کوردی
لێدوانەکان