عەتوان: ساڵی نوێ، ساڵی خۆڕاگریی فەڵەستین و تۆڵەکردنەوە لە زایۆنیستەکان دەبێت

سێشەممە 20 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 09:32
https://kurdish.iswnews.com/?p=20810

شرۆڤەکاری بەناوبانگی عەرەب لە نوێترین نووسینی خۆیدا ئاشکرابوونی بەڵگەی نوێی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی عەرەبەکان و تەنانەت جولەکەکان لە وڵاتانی عەرەبی تاوتوێ کردووە و جەختیکردووەتەوە کە ئەو وڵاتانە دەبێت تۆڵە لە تەل ئەبیب بکەنەوە و ڕواڵەتی ڕاستەقینەی تیرۆریستیی بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بکەن.

چەند مانگ بەر لە ئێستا ” ئادام ڕاز ” مێژووناسی زایۆنیست بە ئاشکراکردنی چەندین بەڵگەی فەرمی لە تاوانەکانی سوپای ڕژێمی داگیرکار لە دژی ٨٠ سەربازی میسری لە شەڕی حوزەیرانی ١٩٦٧ ئاشکرا کرد.

لە میانەی شەڕی ساڵی ١٩٦٧ گرووپێک لە هێزەکانی کۆماندۆی میسر لە نزیک شارۆچکەی نەحشون لە نزیک هێڵی ئاگربەستی ساڵی ١٩٤٨ بوونە ئامانجی هێرشێک و زیانێکی زۆری مادی و گیانی بەوان گەیشت و پاش تەواوبوونی پرۆسە سەربازییەکە، بەرپرسانی ئەو شارۆچکەیە بە هاوکاری سوپای ڕژێمی داگیرکار و بە شۆفڵ، کوژراوە میسرییەکانیان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا شاردەوە.

لەم چوارچێوەدا، عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری بەناوبانگی جیهانی عەرەب و سەرنووسەری ڕۆژنامەی ” رای الیوم ” لە نوێترین نووسینی خۆیدا ڕایگەیاند: چەندین هەفتە لە پاش ئاشکرابوونی بەڵگە ئیسرائیلییەکان لە سەر پشتڕاستکردنەوەی تاوانەکانی سوپای ئەو ڕژێمە لە دژی زیاتر لە ٨٠ سەربازی میسری و بەخاکپساردنی ئەوان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا، ڕۆژنامەی یدیعوت ئاحارانۆت چەندین بەشی بیرەوەرییەکانی ژنڕاڵ بنیامین گلی بەرپرسی لقی هەواڵگری سەربازی ڕژێمی زایۆنیستیی بڵاو کردووەتەوە، ئەو بیرەوەرییانەی کە بڵاوکردنەوەیان قەدەغە بووە. لەو بیرەوەرییانەشدا ژنڕاڵە زایۆنیستەکە دانی بەوەدا ناوە کە لە ساڵی ١٩٥٤ فەرمانی پێکهێنانی تۆڕێکی سیخوڕیی لە میسر دەرکردووە کە لە جولەکەکانی ئەو وڵاتە پێک بێت و ئامانجەکانیشی ئەوە بووە کە لە سینەما و بیناکانی سەر بە ئەمریکا و بەریتانیا تەقینەوە ئەنجام بدات.

عەتوان ڕایگەیاند: بە پێی دانپێدادانی ئەو ژنڕاڵە زایۆنیستە، فەرمانی تەقاندنەوەی سینەماکان و بیناکان لە میسر لە سەر داوای بنحاس لاوون وەزیری ئەو کاتەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی دەرکراوە و ئامانجەکەشی لاوازبوونی حکومەتەکەی جەمال عەبدولناسر سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی میسر و هاندانی ئەمریکا و بەریتانیا لە دژی ئەو بووە تا بەریتانیا هێزەکانی لە نۆکەندی سوێس بکشێنێتەوە و جولەکەکانی میسر هەست بە مەترسی بکەن و بۆ فەڵەستینی داگیرکراو کۆچ بکەن.

لەو نووسینەدا هاتووە: خاڵی گرنگ ئەوەی کە ئەو پلانە تیرۆریستییە بە تەقینەوە هاوشێوەکان لە سینەما و گەڕەکە جولەکەنشینەکانی بەغدا لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٥١ بۆ ترس و تۆقاندنی جولەکەکان و ناچارکردنی ئەوان بۆ کۆچکردن بەرەو ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین تەواو بوو. بە تایبەت ئەوەی کە لەو قۆناغەدا پێکهاتەکانی عێراق پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەیان هەبوو و حکومەتی ئەو کاتەی عێراقیش سێ وەزیری جولەکەی هەبوو.

ئەو شرۆڤەکارەی جیهانی عەرەب لە درێژەدا ڕایگەیاند: تەقینەوەکان لە سینەماکانی بەغدا و گەڕەکە جولەکەنشینەکانی و ڕووداوی لەو شێوەیە بووە هۆی کۆچکردنی نزیکەی ١٠٥ هەزار جولەکە بۆ فەڵەستینی داگیرکراو و زۆربەی ئەوانیش هێشتا خولیای گەڕانەوەیان بۆ عێراق هەیە و لەوەی کە چوونەتە فەڵەستینی داگیرکراو، زۆر پەشێمانن. ئەوان بەردەوام ڕەخنە لە بزوتنەوەی زایۆنیزم دەگرن کە لە پشتەوەی ئەم پیلانەدا بووە. پیلانەکە هەروەها بووە هۆی کۆچکردنی هەزاران جولەکە لە میسرەوە بەرەو فەڵەستینی داگیرکراو. هەر بۆیە ئێمە ئەم بەڵگە و کردەوە تیرۆریستییانەی ڕژێمی داگیرکاری بە چەند هۆکارێک تاوتوێ دەکەین:

١- زیاتربوونی هێرشەکانی لۆبیی ئیسرائیل لە دژی عەرەبەکان، موسڵمانان و ئەفریقییەکانی دانیشتووی ئەورووپا و تەنانەت ئەو جولەکانەی کە هێشتا پاڵپشتی لە ئامانجی فەڵەستین دەکەن و تاوانی زایۆنیستەکان ڕەتدەکەنەوە.

٢- دەستپێکردنی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی توندڕۆی بنیامین نتانیاهۆ بۆ گەڕی دووەمی کەمپینی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناسراو بە ئابراهام، بە تایبەت لە نێو وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس و زیاترکردنی هەوڵەکانی دژایەتیی ئێران لە نێو ئەو وڵاتانە بە ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی عەرەبی – زایۆنیستی لە دژی ئێران.

٣- جەختکردنەوەی دووبارە لە سەر ئەوەی کە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە سەر بنەمای تیرۆریزم بونیاد نراوە و ئەم ڕژێمە تەزویرە لە ڕۆژی یەکەمەوە لە تیرۆریزم وەک چەکی مانەوەی خۆی کەڵکی وەرگرتووە. ئەو ڕووداوانەی کە ئەمڕۆ لە فەڵەستین دەبینرێت و کوژرانی گەنجە فەڵەستینییەکان و دەستبەسەرکردنی منداڵان و کۆمەڵکوژکردنی هەزاران کەس لەوان کە هێشتا تەمەنیان ١٦ ساڵ زیاتریش نییە، بەڵگەیە لە سەر ئەمە. ئاماری نوێش پیشان دەدات کە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ئێستا زیاتر لە ١٥ هەزار منداڵی فەڵەستینی دەستبەسەر کردووە.

٤- داوای ئەوە لە بەرپرسانی میسر و عێراق دەکرێت کە دۆسیەی تیرۆری ڕژێمی زایۆنیستی بە تایبەت لەسێدارەدانی سەربازە میسرییەکان لە بیابانەکانی سینا پاش شەڕی حوزەیران کە بەڵگەکانی لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا هەیە، بکەنەوە تا جیهان بە گشتی ڕواڵەتی ڕاستەقینەی تیرۆریستیی ڕژێمی زایۆنیستی بناسن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دیسانەوە بناسرێن.

لە درێژەی ئەو نووسینەدا هاتووە: حکومەتی میسر لێکۆڵینەوەی تایبەت بە لەسێدارەدانی دیلەکانی خۆیی داوەتە ڕژێمی زایۆنیستی و ئێمە نازانین کە قاهیرە بۆ تۆڵەی خوێنی شەهیدان و دیلەکانی خۆی چی دەکات. جێی داخە کە لەم ڕۆژانەدا بێدەنگییەک لە جیهانی عەرەب لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەبینین و ئەمەش هێندەی دیکە ئەو ڕژێمەی بۆ کۆمەڵکوژکردنی فەڵەستینییەکان هان داوە، هەروەها بووەتە هۆی پەرەپێدانی سیاسەتی داگیرکاری لە دژی مزگەوتی ئەقسا و درووستکردنی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان.

بە پێی نووسینەکە، تیرۆری شیرین ئەبوعاقلە پەیامنێری فەڵەستینی و جەنی زکارنە منداڵی فەڵەستینی کە لە پشتەوەی خانووەکەیان لە شوێن پشیلەکەیدا دەگەڕا، کوژرانی دوو برای گەنجی فەڵەستینی لە لایەن ئۆتۆمبێلێکی زایۆنیستەوە و دەیان نموونەی دیکە، لەو تاوانانەن کە لە لایەن حکومەتە عەرەبییەکانەوە لە بەرچاو نەگیراون.

عەتوان لە کۆتاییدا جەختیکردووەتەوە: ساڵی نوێ، ساڵی خۆڕاگریی فەڵەستین دەبێت کە لە سەرتاسەری ناوچە داگیرکراوەکان وەڵامی تاوان و تیرۆرەکانی ڕژێمی داگیرکار دەداتەوە. تۆڵەی خوێنی هەموو شەهیدانی عەرەب و نەک تەنیا فەڵەستینییەکان دەکاتەوە و بەمەش دەچێتە پێشوازی کابینەی نوێی زایۆنیستی و سەرۆکەکەی و ئەو هەموو کەسانە توندڕۆیە کە دەیانەوێت فەڵەستینییەکان کۆمەڵکوژ بکەن و لە خاکی خۆیان دەریان بکەن. ڕەنگە سەرهەڵدانی گرووپی ” عەرین ئەسود ” (مەڵبەندی شێران) و فەوجەکانی جنین و نابلۆس و لێدوانەکانی محەممەد زەیف فەرماندەی کەتیبەکانی عێزەدین قەسام و یەحیا سنوار سەرۆکی حەماس لە کەرتی غەززە و ئەبوعوبەیدە وتەبێژی کەتیبەکانی قەسام لە پاش دوو ساڵ، هێمایەکی گرنگ لەم بوارەدا بێت.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *