هێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ سەر سنوورەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران شکستی هێنا
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای هێرشی گرووپە تیرۆریستی و جوداخوازەکان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی شاری سەراوان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، چوار ئەندامی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسیج شەهید بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی بارەگای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٩ی کانوونی یەکەم، دوابەدوای هێرشی چەکدارانی گرووپە تیرۆریستی و جوداخوازەکان بۆ سەر هێزەکانی لیوای ٤٤ی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەراوانی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئەم وڵاتە، نەقیب محەممەد گۆدەرزی لەگەڵ سێ ئەندامی بەسیجی بە ناوەکانی ڕەحیم بەخش پارکی (ئەهلی سوننە)، حەمیدرەزا عابیدی و مەحمود نیکخاهزادە شەهید بوون.
چەکدارانی گرووپە تیرۆریستیەکان دوای بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەیان لەلایەن هێزەکانی ئێران، ناوچەکەیان بەجێهێشت و بەرەو خاکی پاکستان هەڵهاتن. تا ئێستا وردەکاری زیانەکانی تیرۆریستان بڵاونەکراوەتەوە. عەقید حوسێن عەلی فەراحی، فەرماندەی فەوجی سنووری سەراوان، بە ئاماژەدان بە ڕێگریکردنی پاسەوانانی سنووری جێگیر لە ناوچەی “ئەسفەندەک” لە هاتنی تیرۆریستان بۆ ناو خاکی ئێران، وتی:
تیرۆریستان توانای بەرگری لەبەرامبەر هێزەکانی ئێمەیان نەبوو و بە کەڵک وەرگرتن لە ناوچە شاخاوییەکان بەرەو وڵاتی پاکستان هەڵاتن. هەروەها پاسەوانانی سنوور دوای کێوماڵکردنی ناوچەکە دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی تیرۆریستان دا گرتەوە.
سەراوان یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتیترین خاڵی ئەم وڵاتە و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی پاکستان. زۆربەی دانیشتوانی ئەم شارە موسڵمانی سوننەن و ئەمەش وایکردووە گروپە تیرۆریستی و جوداخوازەکان کە بنکەکانیان لە بیابانەکانی پاکستانە زۆربەی چالاکییەکانیان ئاراستەی ئەم شارە بکەن.
لێدوانەکان