دوایین دۆخی بەرەکانی یەمەن؛ زانیاری گشتی لەسەر لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی یەمەن + نەخشەی مەیدانی (کوردی)

یەکشەممە 18 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 17:05
https://kurdish.iswnews.com/?p=20759

هاوکات لەگەڵ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە یەمەن لە ٢ی نیسانی ٢٠٢٢ و سێ جار درێژکردنەوە و دواجار کۆتایی ھاتنی لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانی سعوودیە کەوتە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکی زۆرەملێ لە سەرۆکایەتیی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە (دەستلەکارکێشانەوەی عەبد ڕەبو مەنسور هادی و پێکهێنانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی). ئەم پرسە بووە هۆی زنجیرەیەک گرژی لە نێوان کوتلە جیاوازەکاندا و دواجار جۆرێک لە بنبەستی سیاسی و سەربازی لە نێوان گروپە جیاوازەکانی ژێر فەرماندەیی هاوپەیمانی سعوودیە زاڵ بوو. بۆیە کۆنترۆڵی هەریەک لە لایەنەکان بەسەر ناوچەکاندا جێگیر بووە و ئێستا دەتوانرێت بە وردی زیاتر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپەکانی یەمەن جیا بکرێتەوە.

نەخشەی یەمەن بەپێی دوایین دۆخی مەیدانی تا ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بەم شێوەیە:

١- ئەنساروڵڵا و یەکینە جەماوەرییەکان: (ڕەنگی سەوز)
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەنساروڵڵا و یەکینە جەماوەرییەکان بریتین لە ١٥ پارێزگای ڕۆژئاوا و ناوەندی یەمەن کە پایتەخت و شارە گەورەکان و زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەخۆدەگرێت. سەرەڕای تەواوبوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ ململانێیەک لە هیچ کام لەو میحوەرانەدا نییە و ئەنساروڵڵا بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی جۆراوجۆر، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵانکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی یەمەن لەلایەن کەشتیە بیانیەکان، چاودێری بەرەکان دەکات.

بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا و حکومەتی ڕزگاری یەمەن لەلایەن زۆرینەی گەلی یەمەن و حیزبی کۆنگرەی گەل و پارتەکانی دیکەی یەمەن و پشتیوانی دەرەکی ئێران و گرووپە خۆڕاگرییە ئیسلامییەکان پاڵپشتی دەکرێن.

٢- هاوپەیمانی سعودیە و حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن: (ناوچە سوورەکان و هەموو ڕەنگەکانی نەخشەکان جگە لە سەوز)
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هاوپەیمانی سعودیە بریتین لە ١٣ پارێزگای یەمەن کە گەورەترین ڕووبەری ئەم وڵاتە لەخۆدەگرێت. بەڵام زۆرینەی ئەو ناوچانە ناوچە بیابانی و بێ دانیشتووەکان دەگرێتەوە. سەرەڕای ئەمەش سەرچاوە نەوتییەکان و کەناراوەکانی باشووری یەمەن و چەند خاڵێکی ستراتیژی لەژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانی سعوودیە دایە. هاوپەیمانی سعوودیە ئەم بابەتانە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر ئەنساروڵڵا لە دانوستانەکاندا بەکاردەهێنێت. بەڵام سەرەڕای دەستڕاگەیشتنی هێزەکانی هاوپەیمانی سعوودیه بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لایەنەکانی دژبەری ئه نساروڵڵا، لایەنەکانی سەر بەم هاوپەیمانییه ئەو دەسەڵاتیان نییە و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانه کێبڕکێ و شەڕی یەکتر دەکەن.

پێکهاتەی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی تێوەگلاو لە شەڕی ناوخۆ، پێکهاتەیەکە کە پۆست و وەزارەتەکان لە نێوان کوتلە زلهێزەکاندا دابەش دەکات بۆ ئەوەی هێزی مرۆیی و ئیمکاناتە سەربازییەکانی ئەو کوتلانە لە دژی دوژمنی سەرەکی خۆیان کەڵک وەربگرن. ئەو کوتلانە بریتین لە: حیزبی ئیسڵاح، ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور، هێزەکانی بەرخۆدانی نیشتمانی لەژێر فەرماندەیی تاریق ساڵح، کە هەریەکەیان توانیویانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کاریگەری و کۆنترۆڵی بەشێک لە یەمەن بکەن، کە بەم شێوەیەیە:

٣- ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور: (ڕەنگی شین)
“ئەنجوومەنی ئینتقالی باشووری یەمەن” (المجلس الانتقالی الجنوبی یا STC) ناوی ئەنجومەنێکە کە پێکهاتووە لە ڕەوتە سەرەکییەکانی باشووری یەمەن، لەوانە “حراک الجنوبی”، “المقاومت الجنوب” و حیزبی “رابطه الجنوب العرب” کە لە ١١ی ئایاری ٢٠١٧ دامەزرا و ئامانجیان دابەشکردنی باشووری یەمەنە. لە ئێستادا بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی ڕیاز لە تشرینی دووەمی ۲۰۱۹، ئەم ڕەوتە پۆستی سەرۆک وەزیران و نیوەی ٢٤ وەزارەتەکەی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی بەدەستەوەیە. هەروەها ناوچە جوگرافییەکەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بریتییە لە: پارێزگای عەدەن، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای لەحج، ئەبین و بەشێک لە پارێزگای ئەلبەیزا، پارێزگای حەدرەمووت و تەعەز.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هێزەکانی “حزام الامنی”، “الهبه الحضرمیه”، “مقاومة الجنوب” و لیوا چەکدارەکانی دیکەی باشوور، گرووپی لاوەکیی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوورن و لەلایەن ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیەوە پاڵپشتی دەکرێن.

٤- هێزەکانی حیزبی ئیسڵاح: (ڕەنگی وەنەوشەیی)
حیزبی ئیسڵاح (حزب التجمع اليمني للإصلاح) یەکێکە لە گەورەترین و کۆنترین حیزبەکانی یەمەن کە وەک نوێنەری ئیخوان موسلیمین لە یەمەن کاردەکات. ئەم حیزبە لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٩٠ لەلایەن شێخ عەبدوڵڵا بن حسێن ئەلئەحمەر یەکێک لە گەورەکانی هۆزی حاشدەوە پێکهێنراوە و لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بە سەرۆکایەتی موحەممەد عەبدوڵڵا ئەلیدۆمی چالاکی هەیە. دوای دەستپێکردنی لەشکرکێشی هاوپەیمانی سعوودیە بۆ سەر یەمەن، حیزبی ئیسڵاح لە ٣ی نیسانی ٢٠١٥ پشتیوانی خۆی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕاگەیاند و لەگەڵ ئەنساروڵڵا کەوتە شەڕەوە.

لە ئێستادا شارەکانی مارب، تەعەز، سیئۆن و ناوچە کوێستانییەکانی پارێزگای ئەلجەوف و بەشێک لە پارێزگاکانی شەبوە و حەجە لە ژێر دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی ئەم حیزبەدان.

٥- هێزەکانی سەر بە تاریق ساڵح (بەرخۆدانی نیشتمانی): (ڕەنگی زەرد)
“بەرخۆدانی نیشتمانی” (المقاومة الوطنية اليمنية) ناوی گرووپێکی سەربازییە بە سەرکردایەتی تاریق ساڵح، کوڕەزای عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن، کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧ پێکهێنرا. ئەم ڕێکخراوە زیاتر لە ١٠ هەزار هێزی سەربازی هەیە و لە چەند بەشەوە پێکهاتووە لەوانە: ئەندامانی پێشووی پاسەوانی سەرۆکایەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەربازانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی جیابووەوە لە حکومەتی سەنعا، هێزەکانی ئەلعمالقە و ئەلتەهامە.

ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانە بریتین لە ناوچەی باشووری ڕۆژئاوای یەمەن کە بریتین لە ئیدارەی حەیس لە باشووری پارێزگای حودەیدە، ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای تەعەز، و هەروەها ئیدارەکانی بیحان و عەین لە پارێزگای شەبوە. شایانی باسە ئەم پێکهاتەیە لەلایەن ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیەوە پاڵپشتی دەکرێن و هێزەکانی ئەلعمالقە و ئەلتەهامە لەبری تاریق ساڵح فەرمانەکانیان لە فەرماندەیی هاوپەیمانی سعودیە و بەتایبەت ئیمارات وەردەگرن.

٦- گروپە تیرۆریستییەکانی ئەلقاعیدە و ئەنسارول شەریعە و داعش: (ڕەش)
چالاکییەکانی گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لە یەمەن لە ژێر ناونیشانی “ئەلقاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی” لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستی پێکرد و لە ساڵی ٢٠١١ەوە بە ناوی گرووپی ئەنسارول شەریعە بەردەوامی بەو چالاکیانە داوە. دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و سەرۆکایەتیی عەبدڕەبو مەنسوور هادی، ئەم گرووپە بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر چالاکیان کرد و کۆنترۆڵی تەواوی هەندێک ناوچەیان گرتە دەست، بەڵام پێشڕەوی ئەنساروڵڵا لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکانی سەنعا و سەعدە و هتد .. ڕێگری لە پێشڕەوی ئەو گرووپە کرد. هەربۆیە هێزەکانی ئەلقاعیدە لە ناوچە دوورەدەستەکانی یەمەن، لەوانەش بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی یەمەن، باکووری پارێزگای ئەلبەیزا و چەند شوێنێکی دیکە بە مەبەستی بەردەوامی چالاکییەکانیان جێگیرکران.

لە ئێستادا ئەم گرووپە هیچ شار و ناوچەیەکیان بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتدا نییە و ناوچەکانی ژێر کاریگەری (نفوزی) ئەوان ناوچە کوێستانییەکانی پارێزگاکانی حەزەرمەوت، شەبوە و ئەبین دەگرێتەوە. هەروەها دوای ئۆپەراسیۆنی ئەنساروڵڵا لە باکوری پارێزگای ئەلبەیزا، ئەندامانی ئەلقاعیدە بۆ شاری مارب گواسترانەوە و خرانە ژێر دەسەڵاتی حیزبی ئیسڵاح.

ویلایەتی سەنعای گرووپی داعشیش لە مانگی نیسانی ٢٠١٤ پێکهێنرا و جگە لە بۆردومان و تیرۆر و هتد، تا ئێستا هیچ چالاکیەکی تایبەتیان نەبووە. ئەندامانی داعش لە یەمەن بە گشتی لە هۆزە توندڕەوەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری یەمەن و خەڵکی جیابووەوە لە ئەنسارول شەریعە و ئەلقاعیدەن.
پێکهێنانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە یەمەن پەیوەندییەکی نزیکی بە کردەوەکانی عەبد ڕەبو مەنسور هادی سەرۆکی پێشووی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە و عەلی موحسین ئەحمەد جێگری پێشووی سەرۆکی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە و چەند بەرپرسێکی دیکەی حیزب و دامەزراوە ئەمنییەکانەوە هەیە. هەر لەو پێوەندییەدا دادگای تاوانەکانی یەمەن ئەو کەسانەی بە تاوانبار زانیوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *