ئێران: ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک پاڵپشتی ڕژێمی زایۆنیستی لە پێگەیەکدا نین باس لە مافی مرۆڤ بکەن
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەکدا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە هیچ درۆنێک بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکرانیا بە هیچ لایەنێک نەدراوە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا و هەڵوێستی دوژمنانەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی، ڕۆژی رابردوو پێنج شەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بەیاننامەیەکی لە ١١ بڕگەدا بڵاو کردەوە.
لە یەکێک لە بڕگەکانی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ وەک هەمیشە ماوەتەوە و لە زۆر بواری وەک مافی خوێندنی ژنان، یەکسانی ماف و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە دەسەڵاتە پێشڕەوەکانە.
لە بڕگەی دووەمی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارهێنانی مافی مرۆڤ وەک ئامرازی سیاسیی گەیشتنی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بە ئامانجەکانیان و پەیرەوکردنی سیاسەتی دووفاقی لە بواری مافی مرۆڤ لە لایەن ئەو وڵاتانەوە ئیدانە دەکات، ئەو وڵاتانەی کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافی فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی تاوانبار و منداڵکوژی زایۆنیستییەوە ئیدانە دەکات و بەم پێیەش ئەو وڵاتانە لە پێگەیەکی ئەخلاقی و یاساییدا نین کە بتوانن لە سەر مافی مرۆڤ دژی وڵاتانی دیکە بڕیار بدەن.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە هەڵوێستی نەگۆڕی تاران لە قەیرانی ئۆکرانیا، پاڵپشتییە لە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە و کۆتایی هێنان بەم قەیرانە بە ڕێگاچارەی سیاسی، وەک چۆن کە بەردەوام لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە جەخت کراوەتەوە، ئێمە هیچ درۆنێکمان بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکرانیا بە هیچ لایەنێک نەداوە و سەرجەم هاوکارییەکانی ئێران و وڵاتانی دیکە لە بواری بەرگری و سەربازیدا بە پێی یاسای نێودەوڵەتی بووە.
جام کوردی
لێدوانەکان