هێزەکانی سوپای سوریا ڕەوانەی ناوچەکانی باکووری پارێزگای حەلەب کران

چوارشەممە 14 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 19:34
https://kurdish.iswnews.com/?p=20587

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سووریا بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە کوردییەکان، سوپای سووریا چەند کاروانێکی هێز و کەرەستەی سەربازیی خۆی ڕەوانەی باکووری پارێزگای حەلەب کرد.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکینەکانی زرێپۆش و پیادەی سوپای سوریا بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئەم وڵاتە لە پارێزگای حەلەب جێگیر کراون.

جێگیرکردن و ناردنی هێزەکانی سوپای سوریا لەسەر بنەمای هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەمینی لە دژی پێگەکانی گرووپە کوردییەکان لە شارەکانی تەل رەفعەت و منبج و عەین ئەلعەرەب (کۆبانی) ئەنجامدراوە و پێدەچێت ئەم ڕێوشوێنانە دوای دانوستانی فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی حکومەتی سوریا بە نێوەندگیری ڕوسیا گیراوەتەبەر، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ناکرێت ڕێککەوتنی گرووپە کوردییەکان و حکومەتی سوریا لەم بارەیەوە پشتڕاست بکرێتەوە.

بەپێی زانیاریەکان یەکەکانی فیرقەی ٢٥ی هێزی تایبەتی سوپای سوریا بە فەرماندەیی جەنەڕاڵ سۆهەیل ئەلحەسەنیش ڕەوانەی ناوچەکانی باکووری پارێزگای حەلەب کراون و لەو ناوچانە جێگیر بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە مەیدانییەکان، ژەنەڕاڵ سۆهەیل حەسەن فەرمانی بە سەرجەم یەکە سەربازییەکانی ژێر فەرماندەیی کردووە بە هێز وەڵامی هەر جۆرە تەقەکردنێک بەرامبەر هێزەکانی سوپا بدەنەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی جێگیرکردنی هێزەکانی سوپای سوریا و بەهێزکردنی پێگەکانی ئەو هێزانە و پێداگری فەرماندەکانی سوریا لەسەر بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی سوریا، پێدەچێت هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا و بە تایبەتی پێگەی گرووپە کوردییەکان لە ئاستی هێرشی تۆپخانەیی و ئاسمانییەکاندا بمێنێتەوە و سوپای تورکیا دەستبەرداری ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکەی بێت. هەروەها به لەبەرچاوگرتنی دژایەتیی لایەنه ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان له بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی تورکیا له باکووری سوریا، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا دەتوانێت ئەم وڵاته رووبەڕووی ئاستەنگ و کێشەی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی و به تایبەت له بواری سیاسیدا بکاتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *