ناردنی چەک و کاروانی لۆجستی بۆ سوریا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە

سێشەممە 13 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 23:41
https://kurdish.iswnews.com/?p=20561

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ کاروانێکی چەک و لۆجستی سەر بە هاوپەیمانی ئەمریکا لە سنووری هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هاتە ناو بنکەکانی ئەمریکا لە پارێزگای حەسەکەی سوریا.

لە ١٢ی کانونی یەکەم، زیاتر لە ٩٠ بارهەڵگری سەر بە هاوپەیمانی ئەمریکا لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە و لە ڕێگەی دەروازەی نایاسایی ئەلوەلیدەوە چوونە ناو بنکەکانی ئەمریکا لە سوریا.

کاروانە ئاماژەپێکراوەکە هەڵگری کەرەستەی لۆجستی، زرێپۆش، چەک و تەقەمەنی لەوانە هۆویتزەری ئێم ٧٧٧ بەرەو بنکەی هاوپەیمانی ئەمریکا لە شاری ئەلشەدادی لە پارێزگای حەسەکە جووڵەیان پێ کراوە. بنکەی ستراتیژی ئەلشەدادی لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەلجەبسە لە ناوچەکانی باشووری حەسەکە بە یەکێک لە گرنگترین کۆگاکانی چەک و سووتەمەنی هاوپەیمانی ئەمریکا دادەنرێت.

شایانی باسە ئەمە دووەم کاروانی هێزەکانی ئەمریکایە کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە عێراقەوە ڕەوانەی سوریا کراوە. تا ئێستا دیار نییە کە هاوپەیمانی ئەمریکا بۆ چ مەبەستێک ئەم بڕە چەکانەی لە عێراقەوە بۆ سوریا گواستووەتەوە، بەڵام وەک دەوترێت ئەو هەنگاوانە بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەگەری هێرشی گروپە خۆڕاگریەکان ئەنجام دراوە.

لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە سەرچاوە خۆجێییەکان رایانگەیاندووە کە هاوپەیمانی ئەمریکا ئەو چەکانەی رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێست و دژایەتیی بەرپرسانی ئەمریکی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێی تورکیا لە ناوچەکانی باکوری سوریا لە دژی هێزە کوردییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم کاروانە بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی هێزەکانی SDF ڕەوانەی سوریا کرابێت و پێدەچێت ئەم کارە لە پێناو پشتیوانی ئەمریکا لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بووبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *