وردەکاری پلانی جێگیرکردنی پاسەوانانی سنووری عێراق لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا

سێ شه‌ممه‌ 13 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 19:46
https://kurdish.iswnews.com/?p=20555

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕاوێژکاری ئەمنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونکردنەوەی لەبارەی پلانی نوێی جێگیرکردنی پاسەوانانی سنووری عێراق لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا خستەڕوو.

ڕۆژی رابردوو ١٢ی کانونی یەکەم، حوسێن عەللاوی، ڕاوێژکاری ئەمنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای شەفەق نیوز، بە ئاماژەدان بە پلانی جێگیرکردنی هێزەکانی عێراقی لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا ڕایگەیاند: هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناوچە سنوورییەکان، پرۆسەی بەهێزکردنی هێزەکان، شوێنی جێگیرکردنیان، دیاریکردنی خاڵە سنوورییەکان و دروستکردنی ژێرخانە پێویستەکان.

عەللاوی جەختی لەوە کردەوە: لە ئێستادا وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ڕێگەی هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە، هەوڵدەدات ڕێوشوێنی دیاریکردنی ڕێگاکانی دامەزراندنی خاڵە سنوورییەکان، بنکەکان و هەروەها دامەزراندنی بارەگا کۆنەکان لەسەر هێڵی سفری سنووری عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران ئەنجام بدرێت. ئەم ڕێوشوێنانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی ٤٠ ساڵەی عێراق بۆ پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ لایەنی ئێرانی و تورکیی و هەروەها سەرجەم سنوورە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەگیرێنەبەر.

بەگوێرەی ئەم راگەیێندراوە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی هەرێمی كوردستانی عێراق جێگیر دەکرێن و ئەم بابەتەش بەشێکە لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی باکوری عێراق.

شایانی باسە لە ٤ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێران لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە دەرکردووە. ڕۆژێک دوای راگەیەنراوەکە، دوو لیوای پاسەوانی سنووری عێراق ڕەوانەی سنوورە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا کران.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *