عێراق هەوڵی نزیکبوونەوە لە چین دەدات؟ ئەمریکا تاکە بەربەستی پەیوەندییەکانی بەغدا و پەکینە

 جام کوردی
نووسەر: جام کوردی
شەممە 10 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 18:11
https://kurdish.iswnews.com/?p=20460

عێراق دەڵێت کە دەتوانێت خاڵی پێکەوەبەستنەوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان بێت، لە کاتێکدا کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا سەبارەت بە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی بەغدا لە گەڵ پەکین هۆشداریی داوە، شارەزایانی عێراقی بە هەستیارییەوە لە کێبڕکێی دوو هێزە گەورە ئابورییەکەی جیهان لە سەر گۆڕەپانێکی یاریی دیاریکراو دەڕوانن.

بەشێک لە چاودێران دەڵێن کە چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە و ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە 10 مانگی سەرەتایی ئەمساڵ گەیشتووەتە 33 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار و دەتوانێت تا کۆتایی ساڵی 2022 بگاتە زیاتر لە 40 ملیار دۆلار. ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق و چین زیاتر لە سەر هەناردەی نەوتی عێراق و هاوردەی کاڵای چینییە. هەروەها چین لە بواری ئاوەدانکردنەوە و وزە و پرۆژە ژێرخانییەکانی عێراق سەرمایەگوزاریی کردووە بەڵام پێدەچێت کە هەموو ئەمانەش لە بەرامبەر تایبەتمەندییەکانی پەیوەندیی عێراق بە هێڵی ئاورێشم زۆر کەم بێت.

ڕۆژی هەینی 9 ی کانوونی یەکەمی 2022 محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداریی لە لوتکەی عەرەبی – چینی لە وڵاتی سعوودیە کرد.

سودانی بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و چین وتی کە بەغدا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لە گەڵ چین لە چوارچێوەی ڕێگای ئاورێشمی نوێ بەهێزتر بکات، هەروەها دەیەوێت پەیوەندییەکان لە بواری وزە و پرۆژە ژێرخانییەکان پەرە پێبدات.

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاماژە بەوەی کە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی – چینی لە سەر بنەمای تێگەیشتنی تەواوە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بۆ بونیادنانی سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگ و گەشەسەندوو، وتی کە عێراق ئامادەیە خاڵی پێکەوە بەستنەوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان بێت.

ئایا عێراق دەتوانێت بەرەو پتەوکردنی پەیوەندییەکان و سەرمایەگوزاریی هاوبەش لە گەڵ چین هەنگاو بنێت؟ چ هۆکارێک دەتوانێت ببێتە ئاستەنگ و بەربەست لەم ڕێگایەدا و ئایا عێراق بە پشت بەستن بە دەرفەتی وەک بەندەری فاو و پێگەی ستراتیژی جوگرافیی خۆی، دەتوانێت پەیوەندی بە پرۆژەی هێڵی ئاورێشمی نوێوە بکات؟

ئەمریکا لە سەر پەیوەندییەکانی چین هۆشداریی بە عێراق داوە

دکتۆر نەبیل مەرسومی مامۆستای بەشی ئابوریی زانکۆی بەسرە و یەکێک لە بەناوبانگترین شارەزایانی ئابوریی عێراق لە سەر ئەم پرسە وتی کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەم دواییە لە سەر پەرەسەندنی هاوکارییەکان لە گەڵ چین هۆشداریی بە عێراق و وڵاتانی عەرەبی داوە، لە بەر ئەوەی کە لە وەها حاڵەتێکدا زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە دەگەێنێت.

مەرسومی وتی: چین هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق دەدات و هۆکاری ئەمەش بۆ گوشارەکانی چین لە دژی ئەمریکا بە تایبەت بەکارهێنانی عێراق وەک کارتێکی سەربازی لە بەرامبەر ئەو وڵاتە، پێگەی ستراتیژیی عێراق و دەوڵەمەندیی بۆ تەواوکردنی پرۆژەی هێڵی ئاورێشمی نوێ و ئەگەری ڕۆڵی کاریگەری عێراقی لە سیاسەتەکانی داهاتووی ناوچەکەکە دەگەڕێتەوە.

ناوبراو وتی: بەم هۆیەوە چین هەوڵ دەدات کە عێراق ببێتە بەشێک لە پرۆژەی هێڵی ئاورێشمی نوێ و حکومەتی عێراقیش لەم پێناوەدا لە مانگی ئاداری 2019 و لە سەردەمی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی بە ڕاشکاوانە خواستی خۆیی لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ پەکین پیشان داوە.

هۆکاری دیکەی کاریگەر لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و چین لە ڕوانگەی ئەم شارەزا ئابورییەوە، نەوت و وزەیە.

مەرسومی وتی: پەکین دەیەوێت سەرمایەگوزارییەکی زیاتری لە کەرتی نەوت و وزەی عێراقدا هەبێت، لە ئێستاشدا ڕێژەی سەرمایەگوزارییەکانی ئەم وڵاتە لە عێراق زۆرە.

عێراق پێویستی بە پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە گەڵ سەرجەم وڵاتان هەیە

ئابوریناسەکەی عێراق وتی کە چین بیر لە دۆزینەوەی دەرفەتی باشتر بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراق دەکاتەوە و بۆ نموونە دەیەوێت پشکی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکا و لۆک ئۆیلی ڕووسیا لە هەندێک کێڵگەی نەوتی بکڕن بەڵام عێراق ئەوەی ڕەتکردووەتەوە لە بەر ئەوەی کە پێی وایە بوونی کاریگەری چین دەتوانێت ئاستەنگ بۆ سەرمایەگوزاریی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا لە کەرتی وزەی عێراق بخوڵقێنێت.

مەرسومی پێی وایە کە دەبێت حکومەتی عێراق لە هاوسەنگی لە گەڵ وڵاتانی جیاجیا، هاوسەنگی دابین بکات، ئەگەرچی پرسی سەقامگیری ئەمنی عێراق بۆ سەرجەم کۆمپانیاکان بە تایبەت کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا گرنگ و کۆمپانیاکانی چینیش هەوڵ دەدەن ئەم کێشەیە تێپەڕبکەن.

ئەو مامۆستای زانکۆی بەسرە ڕایگەیاندووە کە چینییەکان بە هەندێک گرێبەستی تایبەت لە گەڵ بەڵێندەرە خۆجێییەکان پرۆژەکان جێبەجێ دەکەن، بۆ نموونە گرێبەستی درووستکردنی قوتابخانەکان بە بودجەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بە چینییەکان دراوە و ئەوانیش لە ڕێگای گرێبەستی دووەمەوە جێبەجێیان کرد و سوودێکی زۆریشیان هەبووە کە مەزندە دەکرێت 700 ملیۆن دۆلار بێت بە بێ ئەوەی کە ڕۆڵێکی وەهایان لەو پرۆژانەدا هەبووبێت، لە بەر ئەوەی کە پلان و جێبەجێکردن و چاودێرییەکەی لە ئەستۆی عێراقییەکاندا بووە.

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە کە چین دەبێت ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییەکانی وەها سیاسەتێکی ئابوری بێت، لە بەر ئەوەی کە عێراقییەکان لەو بڕوایەدان کە چین سوودێکی زۆر لە وڵاتەکەیان دەبات بەڵام خزمەتێکی وەهای بۆ ئەوان نییە.

پێگەی عێراق لە جیهانێکی چەندجەمسەری

دکتۆر بیلال خەلیفە ئابوریناسی دیکەی عێراق لە ڕوانگەیەکی کراوەترەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و پەکین و ڕایگەیاندووە کە چین لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە بۆ وڵاتانی جیهان گرنگە و ئەو پەیوەندییانەش گرنگییەکی ستراتیژیی بۆ وڵاتانی جیهان هەیە، بە تایبەت ئەوەی کە جەمسەرێکی نوێ لە ئاستی جیهان بە سەرکردایەتی ڕووسیا و چین سەریهەڵداوە. ئەم جەمسەرەش بە تایبەت بە هەندێک تایبەتمەندی و هەنگاوی چینەوە گرنگییەکی زیاتری هەیە، بۆ نموونە، دامەزراندنی بۆرسەی پترۆ یۆئان (بۆرسەی وزەی شانگهای بۆ ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو بە یۆئانی چین) لە بەرامبەر پترۆ دۆلار (ئاڵوگۆڕی نەوت بە دۆلار) و هەروەها دامەزراندنی ” بانکی سەرمایەگوزاریی چین لە پرۆژە ژێرخانییەکان ” کە بڕیارە بکرێتە جێگرەوەی بانکی جیهانی.

بە بۆچوونی خەلیفە، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا (شەڕی ئۆکرانیا و ڕوبەڕوی وڵاتانی ڕۆژئاوا) شتێک بەدەر لە خێرایی سەرهەڵدانی جەمسەری دووەمی جیهانی نییە و لە لایەکی دیکەوە، ئابوریی چین، گەورەترین ئابوریی جیهانە و لە بەرژەوەندی عێراقدایە کە لە گەڵ لایەنی براوەی داهاتوودا بێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەزموونی هاوکاری و پێکەوەبوونی عێراق لە گەڵ ڕۆژئاوا، کارەساتی بە دواوە بووە و مێژووی ئەم پەیوەندییانە پڕە لە داگیرکاری، سزا و گەمارۆی ئابوری و پیلانگێڕییەکان، بەڵام ئەزموونی پەیوەندییەکان لە گەڵ چین زیانی نەبووە و پرۆژەکانی عێراق بە نیوە بودجەوە جێبەجێ دەکرێن.

بیلال خەلیفە وتی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی عێراق و چین لەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، لە سەدا 2 زیادی کردووە و ئەمەش عێراقی خستووەتە ڕیزی هاوبەشە گرنگەکانی چینەوە تا لە پاش سعوودیە و ڕووسیا، سێهەم گەورە هەناردەکاری نەوت بۆ چین بێت.

خاڵە گرنگەکانی پەیوەندییەکانی عێراق و چین

بە بۆچوونی ئەم ئابوریناسە عێراقییە، چەندین خاڵ بووەتە هۆکاری پتەوبوونی پەیوەندییەکانی چین لە گەڵ عێراق و گەڕانەوەی بەغدا بەرەو پەکین:

1 – چین مێژووی داگیرکاریی نییە بە تایبەت لە عێراق.

2 – چین لە کاروباری سیاسیی وڵاتانی دیکەدا دەستێوەردانی نییە و تێڕوانینی ئابوریی هەیە، هەر بۆیە لای گەلان و حکومەتەکانی دیکە قبووڵکراوە.

3 – چین سەبارەت بە موسڵمانان بە تایبەت پرسی فەڵەستین، مێژوویەکی خەراپی نییە.

4 – چین لە زۆربەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هاوکاری عێراقی کردووە، بە تایبەت لە ساڵی 2003 کە دەنگی بە داگیرکاریی عێراق نەداوە.

5 – تێچووی پلان و پرۆژەکانی چین بەراورد بە نرخی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ جێبەجێکردنیان کەمترە.

ڤیتۆی ئەمریکا گەورەترین بەربەستی بەردەم پەیوەندییەکانی عێراق و چینە

ئەو شارەزا عێراقییە ڕایگەیاند کە ڤیتۆی ئەمریکییەکان بە تەنیا بەربەستی بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و پەکین دادەنرێت.

بیلال خەلیفە وتی: ئەو ڤیتۆیە کاتێک بینرا کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ چەند گرێبەستێکی گەورە سەردانی پەکینی کرد و ئەمەش هێندە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای توڕە کرد کە خۆپێشاندانەکانی تشرینی 2019 لە دژی حکومەتەکەی ناوبراو کەوتەڕێ تا گەیشتە ڕووخانی ئەو حکومەتە و بە دەسەڵات گەیشتنی مستەفا کازمی وەک کەسێکی نزیک لە بەرەی وڵاتانی ڕۆژئاوا.

بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ چین، عێراق چی بکات؟

بیلال خەلیفە چەندین ڕێکاری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق لە گەڵ چین خستووەتەڕوو کە بریتین لە:

1 – بڕیار بوو کە پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو بدرێتە کۆمپانیایەکی چینی لە بەر ئەوەی کە پێشنیارەکەی باشتر لە کۆمپانیاکەی کۆریای باشور بووە و هەروەها پشتی بە دابینکردنی دارایی چینەوە دەبەست نەک حکومەتی عێراق کە لە بودجەی گشتی پارەی پرۆژەکەی بۆ کۆمپانیاکەی کۆریای باشور دابین دەکرد. (پێدانی پرۆژەکان بە کۆمپانیا چینییەکان).

2 – پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی، وەک کردنەوەی کارگە ڕاگیراوەکان و درووستکردنی کارگەی نوێ بە تایبەت ئەوەی کە عێراق هاوردەکاری زۆربەی کاڵا و بەرهەمەکانە.

3 – پەرەپێدانی پرۆژە ژێرخانییەکانی وەک ڕێگاوبان، هێڵی ئاسن و ڕێڕەوە ئاوییەکان.

4 – پەرەپێدانی کەرتی نیشتەجێبوون بە پێی پێویستیی ئێستای عێراق.

5 – داواکاری عێراق بۆ ئەندامبوون لە ڕێکخراوی شانگهای تەنانەت وەک چاودێر.

6 – داواکاری عێراق بۆ ئەندامبوون لە گرووپی بریکس.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *