یادداشت: ئامانجەکانی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران
لە چەند ڕۆژی رابردوودا محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی سیاسی-ئابووری سەردانی تارانی کرد. لەم سەردانەدا بابەتگەلێکی وەک گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەرکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لەو ناوچانە و ئاسۆی هەناردەکردنی ٢٠ ملیار دۆلاری کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق و درێژەدان بە ڕۆڵی نێوەندگیریی بەغدا لە نێوان تاران و ڕیاز تاوتوێ کران.
کۆتایی مانگی رابردوو تشرینی دووەم، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکی دوو ڕۆژەدا بە پێشوازی سەید ئیحسان خەندوزی، وەزیری ئابووری و دارایی ئێران بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتە تاران و لە سەعدئاباد بەشێوەی فەرمی لەلایەن سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە پێشوازی لێکرا.
ئەم سەردانە کە پاش ماوەیەکی کەم لە زنجیرە هێرشەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر پێگەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، لە بواری ئەمنی – سەربازیدا گرنگییەکی زۆری هەیە.
بە لەبەرچاوگرتنی جەختکردنەوەی ئێران لەسەر ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک بڕیار سەبارەت بە زیادکردنی هاوکارییە سەربازیی-ئەمنییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەدڵنیاییەوە لە دیداری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران دراوە، و پێدەچێت لە هەفتەکانی داهاتوودا، حکومەتی ناوەندی عێراق بە مەبەستی زیادکردنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق بە کردەوە هەنگاو بنێت.
یاوەریکردنی سودانی لە لایەن سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیشەوە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم سەردانە بووە و دیدارەکەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی دەتوانێت خاڵێکی دەستپێک بۆ هاوکاری هاوبەشی نێوان ئێران و حکومەتی نوێی عێراق بۆ چەکداماڵینی گروپە تیرۆریستییەکان لە باکووری عێراق و زیادکردنی فاکتەری ئەمنی سنوورە هاوبەشەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بێت.
تەوەری دیکەی وتووێژەکانی نێوان لایەنەکان، تاوتوێکردنی ڕۆڵی حکومەتی نوێی عێراق لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز بووە و سودانی جەختی لە گرنگی بەردەوامی نزیکبوونەوەی ئێران و سعودیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقدا کردەوە. بەو پێیەی پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە لەسەر بنەمای تێڕوانینی جیاواز سوودی بۆ عێراق نابێت، حکومەتی عێراق بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات وەک نێوەندگیرێک بۆ سەقامگیری وڵاتەکەی و ناوچەکە هەوڵ بدات. بە لەبەرچاوگرتنی پێشوازی لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پێشبینی دەکرێت سودانی لە پرسی نێوەندگیری نێوان تاران و ڕیاز لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنێت.
جگە لە پرسە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەکان، گفتوگۆی ئابووری و زیادکردنی هاوکاریی دوولایەنە و هەروەها بەهێزکردنی ئاسۆی هەناردەکردنی ٢٠ ملیار دۆلاری کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران بووە. بوونی درێژترین سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و دەروازە و بازاڕی سنووری و هەبوونی زەمینەی پێویست بۆ هاوکاریی بازرگانی و ئابووری، توانای گونجاوی بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە. هەر بەو هۆیەشەوە بەرپرسانی باڵای ئێران و عێراق لە هەوڵی گەیشتن بە هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات لە بەرزترین ئاستدان.
بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی نزیکی سودانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانی عێراق و گروپەکانی نزیک لە ئێران، چاوەڕوان دەکرێت ناوبراو ڕۆڵێکی ئەرێنی و بنیاتنەرتر لە زیادکردنی پەیوەندی و هاوکارییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بە تایبەت سەربازی-ئەمنی، سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئێران لە چاو مستەفا کازمی بگێڕێت.
لێدوانەکان