ئەسەد نەخشەکانی ئەردۆغانی تێکدا

دووشەممە 5 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 19:01
https://kurdish.iswnews.com/?p=20250

لە دوو مانگی ڕابردوو چەندین جار بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە گەڵ سوریا دەدەن و تەنانەت سەرۆک کۆماری تورکیا ئامادەیە تا لە پاش 11 ساڵ لە گەڵ بەشار ئەسەدی هاوتای کۆببێتەوە، بەڵام وەڵامە نەرێنییەکەی ئەسەد بۆ ئەنکەرە و دواخستنی بۆ پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 ی تورکیا، نەخشەکانی ئەردۆغانی تێکداوە.

لە یەک ساڵی ڕابردوو جموجوڵەکانی ئەردۆغان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەک سعوودیە و ئیمارات و تەنانەت ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی بووەتەوە و پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و قاهیرەش ڕەنگە تووشی گۆڕانکاری بنەڕەتی ببێت.

لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی مۆندیالی قەتەر بوو کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە گەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر بە نێوەندگێڕیی شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر و بۆ یەکەم جار لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو وتووێژێکی کورتی هەبوو، لەو کاتەدا میدیاکانی ناوچەکە ڕایانگەیاند کە ئەو وتووێژە ڕەنگە دەستپێکی کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد بێت.

ئەگەرچی ئەردۆغان و سیسی لە دەوحە کۆبوونەوە بەڵام کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا بووە کە ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان تورکیا و میسردا هەیە، بە تایبەت لە دۆسیەی لیبیا و پاڵپشتییەکانی تورکیا لە گرووپی ئیخوان موسلمین، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش لە دەوحە یەکەم هەنگاوی نەهێشتنی ناکۆکیی نێوان ئەم دوو وڵاتە ئیسلامییە هەڵگیرا.

لە ڕۆژان و مانگەکانی ڕابردوو بەرپرسانی تورکیا بە چەندین جار باسی گۆڕینی تێڕوانینی خۆیان لە بەرامبەر سوریا کردووە و تەنانەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ئەگەری کۆبوونەوەی خۆی و سەرۆک کۆماری سوریای خستەڕوو بەڵام تا ئێستا نەبووەتە کردار و تەنانەت دیمەشق ڕایگەیاندووە کە بە گەشبینییەوە لەو هەنگاوەی ئەنکەرە ناڕوانێت.

ڕۆژنامەی الاخباری لوبنان ماوەیەک پێش ئێستا لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری سوریای بە تایبەت لە سەر جموجوڵەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ دیمەشق بڵاو کردەوە، ئەو لێدوانانەی کە لە کۆبوونەوەی بەشار ئەسەد و ژمارەیەک لە چالاکوانانی میدیایی و توێژەرانی سوری باس کرا.

ئەسەد لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و تورکیا وتی کە کۆبوونەوەی بەرپرسانی نێوان هەر دوو وڵات لە ئێستادا تەنیا ڕەهەندی ئەمنی و هەواڵگریی هەیە و ڕەنگە لە داهاتوودا ئاستی کۆبوونەوەی بەرپرسان بەرزتر ببێتەوە.

ناوبراو وتی کە ئەنکەرە ئامادەیی خۆیی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیمەشق دەربڕیوە بەڵام ئێمە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لە تورکیا دەکەین نەک لێدوان و قسەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە.

بەشار ئەسەد وتی کە ڕەنگە ئەنکەرە لە تێروانینە سیاسییەکانی خۆیدا ڕاستگۆتر لە هەندێک وڵاتی عەرەبی بێت بەڵام ناتوانین ئەوەش بڵێین کە ئەم تێڕوانینەی تورکیا مانۆڕێکی سیاسییە یا هەنگاوێکی جیدییە.

لە پاش لێدوانەکانی بەشار ئەسەد، بەسینە شەعبان ڕاوێژکاری سیاسی و میدیایی سەرۆک کۆماری سوریا لێدوانی بەرپرسانی تورکیای سەبارەت بە ئەگەری ئاشتی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەد و ئەردۆغان بە فریوێکی سیاسی ناو برد.

ناوبراو وتی کە لێدوانەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا، بابەتێکی میدیاییە و پەیوەندیی بە ڕاستییەکانەوە نییە.

بەسینە شەعبان وتی: چەندین مانگە کە ئەم لێدوانە میدیاییە دەبیستین و هۆکاری تایبەتی خۆیشی هەیە و ئەمەش دەتوانێت وەک بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بێت یان ئامرازی گوشاری سەر لایەنەکانی دیکە.

بەڵام بەشار ئەسەد لە لێدوانێکی دیکەدا پێشنیاری کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەردۆغان ڕەتکردەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دیمەشق جەختی لە سەر کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا کردووەتەوە و پێشنیاری کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵاتی بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕەتکردووەتەوە.

ڕۆیتەرز لە سەر زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە دیمەشق لەو بڕوایەدایە کە وەها کۆبوونەوەیەک لە گەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە بەرژەوەندی ئەردۆغان دەبێت، بە تایبەت ئەگەر پلانی تورکیا بۆ گەڕانەوەی 3 ملیۆن و 600 هەزار پەنابەری سوری بۆ وڵاتی خۆیان بخرێتەڕوو.

یەکێک لەو دوو سەرچاوە ئاگادارە لە سەر زاری ئەسەد ڕایگەیاندووە کە بۆ بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر سەرکەوتن پێشکەش بە ئەردۆغان بکەین؟ پێش هەڵبژاردنەکان هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکاندا ناکرێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە دیمەشق پێش کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا، ئەم هەوڵ و لێدوانانە بە بێ سوود دەزانێت.

ئەگەرچی کە حکومەتی ئەنکەرە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو هەوڵی ئەوەیداوە کە کێشەکانی لە گەڵ وڵاتانی وەک سعوودیە، ئیمارات و میسر چارەسەر بکات کە لە گەڵ سعوودیە و ئیمارات سەرکەوتوو بووە و سەبارەت بە میسریش بە نێوەندگێڕیی میری قەتەر یەکەم کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و سیسی لە شاری دەوحە بەڕێوەچوو، بەڵام دۆسیەی سوریا جیاوازترە، لە بەر ئەوەی کە لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوو حکومەتی ئەنکەرە بە تەواوی لە گەڵ ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی، فەرەنسا، بەریتانیا، سعوودیە، قەتەر و ئیمارات پاڵپشتیی لە گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەسەد کردووە.

لەم پێناوەدا دیمەشق چەندین مەرجی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەنکەرە خستووەتەڕوو و داوای چەند خاڵێکی کردووە وەک: دیاریکردنی خشتەیەکی کاتیی بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا (پارێزگای ئیدلب و باکوری حەلەب)، داخستنی بارەگا و چالاکیی گرووپی ناسراو بە نەیارانی سوریا لە تورکیا، ڕێزگرتنی تورکیا لە دەسەڵات و سەروەری سوریا، ڕاگرتنی پاڵپشتی لە گرووپە جوداییخوازەکان و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە تورکیا داگیری کردووە، لە گەڵ کردنەوەی ڕێگای ستراتیژی و نێودەوڵەتیی M4 کە زەریای مەدیتەرانە لە گەڵ ناوچەی سنوریی عێراق پێکەوە دەبەستێتەوە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا پێویستە بوترێت کە تورکیا هەمان ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە و ئیمارات لە گەڵ سوریاش تاقیدەکاتەوە تا بتوانێت کەڵک لە تایبەتمەندییە ئابورییەکانی سوریا و ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە وەربگرێت و لەم ڕێگایەوە یارمەتیدەری بوژانەوەی ئابوریی خۆی و سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بێت، بەڵام دەبێت بوترێت کە پلانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەسەد ئاشکرا بووە و چاوەڕوان دەبێت تا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2023 ی تورکیا ڕوون ببێتەوە.

خاڵی دیکەش ئەوەیە کە لە ئێستادا سوپای تورکیا بە بیانووی تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، هێز و چەکی زۆری بۆ هێرشی وشکانی لە دژی باکوری سوریا ئامادە کردووە کە ئەمەش ڕوبەڕوی دژایەتی دیمەشق بووەتەوە و لە ئەگەری جێبەجێکردنی دیسانەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە ئاڵۆزتر دەکات.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *