هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە + وێنە و ڤیدیۆ

یەکشەممە 4 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 10:14
https://kurdish.iswnews.com/?p=20207

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکی خۆڕاگریی فەلەستین بۆ سەر شارۆچکەی زایۆنی نشینی ناحل عۆز، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دوای هێرشی مووشەکی شەوی ڕابردووی خۆڕاگری فەلەستین بۆ سەر شارۆچکەی “ناحل عۆز”ی زایۆنیستەکان لە ڕۆژهەڵاتی غەززە، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە کردە ئامانج.

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکەی قادیسیەی سەر بە کەتیبەکانی ئەلقەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس لە ڕۆژئاوای خان یونس، زەوییەکی کشتوکاڵی لە ڕۆژهەڵاتی دەروازەی ڕەفەح و خاڵێکی چاودێری سەر بە خۆڕاگری فەلەستینیان لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، بە چەند موشەکێکەوە کردە ئامانج. ئەم هێرشانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

دوای ئەم هێرشانە، کەتیبەکانی ئەلقەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: یەکەی ئاسمانی خۆڕاگری لە کاتی هێرشەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر کەرتی غەززە ڕووبەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بووەتەوە و تەقەیان لێکردووە.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، پێدەچێت هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کەڵکیان لە مووشەکی شان‌هاوێژی سام-٧ وەرگرتبێت. ئەوە چوارەمین جارە کە خۆڕاگری فەلەستین ئەم چەکە بۆ بەئامانجگرتنی فڕۆکەکانی ئیسرائیلی بەکار دەهێنێت. پێشتریش لە ١٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢، ١٩ و ٢١ی نیسانی ٢٠٢٢، هێزە فەلەستینییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئاسمانی کەرتی غەززە کەڵکیان لە مووشەکی شان‌هاوێژی سام-٧ وەرگرتبوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کەناڵی ١٢ی تەلەڤزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی، سوپای ئەم ڕژێمە لە کاردانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی موشەکهاوێژەکانی سام-٧ بۆ سەر فڕۆکەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، بنکەیەکی دیکەی حەماسی بۆردومان کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا ناوەندێکی بەرهەمهێنانی موشەکەکانی حەماس و تونێلێک و بنکەیەکی سەربازیی سەر بە خۆڕاگری فەلەستینییەکانی کردۆتە ئامانج.

شایانی باسە کە بەشێک لە میدیاکانی عیبری، سەرایا ئەلقودس، باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییان وەک بەرپرس لە تەقاندنی موشەک لە کەرتی غەززەوە بەرەو ناوچە داگیرکراوەکان راگەیاندووە. بە گوێرەی ئەم میدیاکان سەرایا ئەلقودس ئەم هێرشەی لە وەڵامی شەهیدکردنی دوو فەرماندەی خۆڕاگری لە جنین لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامداوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *