پرسیاری خەڵک: ئایا تورکیا و ئێران لە باکووری حەلەب رووبەرووی یەکتر دەبنەوە؟ ئایا هێزەکانی ئێران لە باکووری حەلەب کشاونەتەوە؟

شەممە 3 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 21:51
https://kurdish.iswnews.com/?p=20202

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا و کشانەوەی هێزەکانی سەر بە ئێران لە باکووری حەلەب و هەواڵی هاوشێوە بڵاوبوونەوە. بەڵام هەواڵە مەیدانییەکان بەشێوەیەکی دیکە باس لە ڕووداوەکانی باکوری سوریا دەکات.

ماوەی چەند ڕۆژێکە تورکیا بە بیانووی تەقینەوەکەی ئەم دواییەی شەقامی ئیستقلالی ئەستەمبوڵ باس لە پرسی ئەمنی و شەڕی گرووپە تیرۆریستییەکان لە باکووری سووریا دەکات. ئەم پرسە کاردانەوەی جیاوازی ڕووسیا، ئەمریکا، لایەنە کوردییەکان، حکومەتی سوریا و هەروەها “ئێران”ی لێکەوتەوە.

هەڵوێستی ڕوسیا بەرامبەر بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە باکوری سوریا، سەرەڕای شەرمەزارکردنیان، ئاماژەیە بەو بەڵێنە پوچانەی کە لە کاتی ڕێککەوتنی ٢٠١٩دا بە ئەردۆغان داوە. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ ڕووسیا و تورکیا ڕێککەوتنێکی ١٠ خاڵییان واژۆ کرد، یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی، کشانەوەی گروپە کوردییەکان بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی باشووری تورکیا و جێگیرکردنی یەکەکانی پۆلیسی سەربازی ڕووسیا بوو. بەڵام ڕووسەکان نەیانتوانیوە ئەم بڕگەیەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن و دەسەڵاتدارانی تورکیا چەندین جار ناڕەزایی خۆیان لەمبارەیەوە دەربڕیوە.

هەڵوێستی ئەمریکییەکان سەبارەت بە ململانێی گرووپە کوردییەکان و تورکیا وەک ڕابردوو دووفاقەییە و سەرەڕای دژایەتیکردنیان لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا، دانوستانەکانیان بۆ کشانەوەی گرووپە کوردییەکان لە ناوچە گرنگەکانی وەک منبج، تەل رەفعەت، کۆبانی و هتد بەردەوامە. هەرچەندە ئەم بابەتە لەلایەن ڕووسەکانیش پەیڕەو دەکرێت و ئەم بابەتە بە خاڵێکی هاوبەشی ئەمریکییەکان و ڕووسەکان لە باکووری سووریا دادەنرێت.

بەڵام ئێران و حکومەتی سوریا بە پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوو، بێدەنگییەکی زیرەکانەیان گرتۆتەبەر، کە هەنگاوێکی ژیرانەیە بۆ کردەوە مەیدانییەکانیان. ئەم جموجۆڵانە بەگوێرەی هەواڵە مەیدانییەکانی باکوری سوریان و ئیرادەی جیددی ئێران و سوریا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا نیشان دەدات.

لە نێو ئەو ئامانجانەی کە تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکەی ڕایگەیاندووە، شارەکانی منبج و تەل رەفعەت بۆ بەرەی خۆڕاگری گرنگی زیاتری هەیە. پاراستنی دەستی باڵا لە پارێزگای حەلەب، ڕێگریکردن لە گەمارۆدانی شاری حەلەب، کۆنترۆڵکردنی ڕێگای نێودەوڵەتی حەلەب – حەسەکە کە خێراترین و باشترین و نزیکترین ڕێگایە لە باکوری سوریا، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕووباری فورات و بەنداوی تەشرین و هتد، لە هۆکارەکانی گرنگی ئەم ناوچەیە بۆ ئێران و حکومەتی سوریایە. بۆیە ئەگەر تورکیا ببێتە هەڕەشە لەم بەرژەوەندییانەی بەرەی خۆڕاگری، ئەگەری پێکدادان لە نێوان هێزەکانی خۆڕاگری و سوپای تورکیادا هەیە.

بەڵام سەبارەت بە پرسیاری دووەم، سەرەتا دەبێ ئاماژە بە توانای سەربازیی خۆڕاگری لە سووریا بکەین. بەپێی بڕیارەکانی فەرماندەیی هێزەکانی خۆڕاگری لە سوریا، بەرپرسیارێتی پاراستنی هێڵی پێشەوە لە ئەستۆی هێزەکانی سوپای سوریایە و هێزەکانی خۆڕاگریش لەوانە یەکینە جەماوەرییەکانی سوریا، فاتمییون، ڕاوێژکارانی حزبوڵڵای لوبنان و هتد لە ژێر ناوی “هێزەکانی زولفەقار” ڕێکخراون و لە میحوەرەکانی حەلەب لە سوپای سوریا پاڵپشتی هەمەلایەنە (هەواڵگری، مووشەکی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانی و هتد) دەکەن. ئێستا ڕەنگە ئەو هێزانە لە هێڵەکانی پێشەوە لەوانە ناوچەکانی تەل رەفعەت جووڵە و گۆڕینی شوێنەکانیان هەبووبێت کە بە مانای پاشەکشەکردن لەو ناوچانە نییە.

بەشێوەی گشتی هەڵوێستەکانی ئێران و حکومەتی سوریا سەبارەت بە پێشهاتەکانی باکوری سوریا یەکڕیزی و هەماهەنگی زۆری پێوە دیارە و ئەمەش وایکردووە ڕوسیا بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی تاکلایەنە توانای نەمێنێت. هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکرات بە تایبەتی گروپە کوردییەکان بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی تورکیا ناچارن هاوکاری حکومەتی سوریا بکەن، چونکە ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنیان لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا هەڵوێستی جێگیری نییە، و ڕوسەکانیش جگە لە دانوستانەکانی بێ ئەنجام هیچ چارەسەرێکیان بۆ دۆخەکە نییە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *