یادداشت: ئەبولحەسەن ئەلهاشمی خەلیفەی داعش کوژرا؛ ناوبراو کێ بوو و چی کرد؟
چوارشەممەی رابردوو ٣٠ی تشرینی دووەم، ئەبو عومەر موهاجیر وتەبێژی داعش لە چوارەمین پەیامی خۆیدا بەناونیشانی “فیقتلون و یقتلون” کوژرانی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی ئەلقوڕەشی سەرکردەی داعش و جێنشینی ئەبولحسێن حوسەینی ئەلقورەشی ڕاگەیاند. ئەمە یەکەمجارە داعش پێش ئیدیعای ئەمریکا کوژرانی ئەمیر یان خەلیفەی خۆی ڕادەگەیەنێت و ئەمەش ئەوە دەریدەخات کە ئەو گروپە یان ئەو هێزەی سەرکردەی داعشیان کوشتووە نەیانزانیووە کێ دەکوژن، چونکە ئەگەر بزانایە بە دڵنیاییەوە بە باشترین شێوە سوود لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە وەردەگرت!
خەلافەتی چەند مانگە:
هەواڵی کوژرانی خەلیفەی پێشووی داعش، ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەشی، بە وردی و تەنانەت لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی تەرمەکەی لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢ لەلایەن جۆرج بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە ڕاگەیەندرا. ئەو هەواڵەی کە مانگێکی خایاند تا لە لایەن داعشەوە پشتڕاستکرایەوە. لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٢ بوو کە ئەلفورقان کە یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی ڕاگەیاندنی داعش کە بەزۆری پەیامە فەرمییەکانی ئەم گرووپە بڵاودەکاتەوە، پەیامێکی دەنگی بەناونیشانی “فمنهم من قضی نحبه” لە لایەن وتەبێژی نوێی داعش ئەبو عومەر ئەلموهاجیر خوێندرایەوە. لەم پەیامەدا ئەبو عومەر ئەلموهاجیر کوژرانی ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەشی خەلیفەی پێشووی داعشی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە داعش وەک خەلیفە بەیعەتیان بە کەسێک بە ناوی “ئەبولحەسەن ئەلهاشمی ئەلقوڕەشی” داوە، کە یەکێکە لە گەورەکانی داعش. دوای ڕاگەیاندنی کوژرانی ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی، ئەبو عومەر ئەلموهاجیر دوو پەیامی دەنگی دیکەی لە کاتی جیاوازدا بڵاوکردەوە تا ئەوەی کە چوارەم پەیامی خۆی لە ٣٠ی تشرینی دووەم لە ژێر ناوی “فیقتلون و یقتلون” بڵاوکردەوە، و تێدا کوژرانی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی ئەلقوڕەشی و بەیعەتی داعش لەگەڵ “ئەبولحسێن ئەلحسێنی ئەلقوڕەشی” وەک خەلیفە ڕاگەیاند. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە دەکرێ بڵێین ئەبولحەسەن ئەلهاشمی نزیکەی ٨ یان ٩ مانگ وەک خەلیفەی داعش بەرپرسی کاروباری ئەم گرووپە بووە.
ئەبولحەسەن ئەلهاشمی کێ بوو؟
ئێمە دەزانین دوای کوژرانی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، داعش هیچ وێنە و دەنگی خەلیفەکانی بڵاونەکردۆتەوە. بۆیە گومانەکان لەسەر کەسایەتی یان تەنانەت وێنەی خەلیفەکانی داعش لە میدیاکاندا پرسێکی ناڕوونە. ئەم بابەتە لەسەر ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی و هەروەها بە شێوەی توندتر لەسەر ئەبولحەسەن ئەلهاشمی وروژێنرا، چونکە ئەبو عومەر ئەلموهاجیر لە بەیاننامەی “راگەیاندنی خەلافەتی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی”دا ئاماژەی بەوە کرد کە ناتوانێت لەبەر هۆکاری ئەمنی ناوی ڕاستەقینەی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی ئاشکرا بکات. لەم نێوەندەدا، هەندێک ئەبولحەسەن ئەلهاشمییان بە “بەشار خەتاب غەزال ئەلسەمیدعی” یان “حەجی زەید” دەزانی، هەندێکیشیان بە “زیاد جوهەر عەبدوڵڵا” یان هەمان “ئەبو حاریس ئەلعیراقی” لە کەسە سەرەتاکانی داعش لە کۆمیتەی جێبەجێکردن (اللجنه المفوضه) وەک گرنگترین دامەزراوەی دوای خەلیفە زانی. هەندێک کەس ئەبو ئەلحەسەن ئەلهاشمییان بە “جومعە عەواد ئەلبەدری” برای ئەبوبەکر بەغدادی دەزانی، ئەم هەواڵە لە زاری بەرپرسانی عێراقی لەلایەن ڕۆیتەرزەوە و دوای ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئەبولحەسەن بڵاو کرایەوە.
کێ ئەبولحەسەن ئەلهاشمی کوشت؟
ئەوە یەکەمجارە داعش کوژرانی سەرکردەکەی ڕادەگەیەنێت پێش ئەوەی ئەمریکا بانگەشەی کوشتنی ئەمیر یان خەلیفەی داعش بکات و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو گروپە یان ئەو هێزەی سەرکردەی داعشیان کوشتووە نەیانزانیوە کێ دەکوژێت، چونکە ئەگەر بزانایە، بە باشترین شێوە سوود لە راگەیاندنی ئەم هەواڵە وەردەگرت. ئەمە لە کاتێکدایە کە داعش هیچ زانیارییەکی لەسەر کات و شوێنەکە و هەروەها بکوژی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی نەداوە. هەرچەندە بەشێک لە میدیاکانی تورکیا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢، دوای دوو مانگ لە ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی، بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە کەسێکیان لە ئەستەمبوڵ دەستگیرکردووە کە پێیان وایە خەلیفەی داعشە. میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند، جومعە عەواد ئەلبەدری برای ئەبوبەکر بەغدادییان دەستگیرکردووە کە پێدەچێت ئەبولحەسەن هاشمی بێت. لە کاتێکدا ئەو وێنەیەی کە لە ناوبراو بڵاوکرایەوە دەوترا وێنەی ئەلسەمیدعیە. دوای سێ مانگ و لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ بوو کە ئەردۆغان دەستگیرکردنی ئەلسەمیدعی ڕاگەیاند، بەڵام باسی لەوە نەکرد کە ئەو هەمان ئەبولحەسەن ئەلهاشمییە، بەڵکو بە یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی داعش ناوی برد. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تورکیا خۆی لە ناوهێنانی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە بە خەلیفەی داعش بەدوور گرت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم کەسە دەستگیرکراوە و نەکوژراوە، ئەستەمە قبووڵ بکرێت کە پەیامی دەنگی ئەم دواییەی داعش پەیوەندی بە پەیامەکەی میدیاکانی تورکیا و ئەردۆغان هەبێت. بە تایبەت ئەگەر خەلیفەی داعش گیرابێت، ئەگەری ئەوە هەیە دوای دەرکردنی بەیاننامەیەکی لەو شێوەیە لە لایەن داعشەوە، لە لێدوانێکدا پێچەوانەکەی رابگەیەنێت. بابەتێک کە پێناچێت داعش ریسکی دەرکردنی بەیاننامەی کوژرانی خەلیفەکەی سەرەڕای گرتنی قبوڵ نەکات. لە لایەکی دیکەوە ئەبو عومەر ئەلموهاجیر لە بەیاننامەی ” فیقتلون و یقتلون ” کە لە ٣٠ی تشرینی دووەمدا بڵاویکردووەتەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چۆنیەتی کوژرانی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی ئاشکرا دەکات، و دەڵێت کە لە ململانێیەکدا کوژراوە و لە کاتێکدا کوژراوە کە چەند کەسێکی کوشتووە، ئەمەش بژاردەی کوژرانی خەلیفە یان مردنی لە زیندان بۆ نموونە لە زیندانەکانی تورکیا لاواز دەکات.
پێشهاتەکانی داعش لە ماوەی چەند مانگی خەلافەتی ئەبولحەسەن:
لە چەند مانگی خەلافەتی ئەبولحەسەن ئەلهاشمیدا ئەوەی دەبینرێت ئەو گۆڕانکارییانەن کە وەک چالاکیەکانی داعش لە ئەفریقا ڕوودەدات. دوای ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئەبولحەسەن ئەلهاشمییە کە دامەزراندنی ویلایەتی ساحیل و جیابوونەوەی لە ویلایەتی ڕۆژئاوای ئەفریقا و هەروەها دامەزراندنی ویلایەتی مۆزەمبیق و جیابوونەوەی لە ویلایەتی ئەفریقای ناوەڕاست ڕادەگەیەنرێت. ئەم پرسە بێ گومان بەهۆی پەرەسەندنی چالاکییەکانی داعش لە ئەفریقای ڕەش و پێدانی سەربەخۆیی زیاتر بە ئەندامانی باڵای داعش لە ناوچە چالاکییەکانیاندا بووە. چالاکیەکی دیکەی بەرچاوی داعش لە سەردەمی خەلافەتی ئەبولحەسەن ئەلهاشمیدا جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی “الثأر للشیخین” (تۆڵەی دوو شێخ واتە ئەبوبەکر بەغدادی و ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەشی) بوو، کە لە مانگی ڕەمەزاندا و نزیکەی دوو هەفتەی خایاند. لەم ماوەیەدا ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. ئەمه له کاتێکدایه که له ماوەی مانگی ڕابردوودا جگه له ئەفریقا ژماره و ئەنجامی ئۆپەڕاسیۆنەکانی داعش بەشێوەیەکی بەڕچاو کەمبوونەتەوه. لەلایەک ڕەنگە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە هەبێت لە ناوچەکانی تەلال حەمرین، جەبەل مەکحول و شوێنەکانی تر کە بە چەقی بوونی داعش ناسراون. بەڵام ڕەنگە ئەم کەمبوونەوەی بەرچاوی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ گومانەکان لە پرسی خەلافەت دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەبو ئەلحەسەن ئەلهاشمی لەناو ڕیزەکانی داعشدا بگەڕێتەوە، کێشەیەک کە داعشی ناچار کرد بە تۆمارێکی دەنگی چارەسەری ئەم بابەتە بکات.
پێویستی بەیعەت:
بێ گومان خەلافەت لە داعشدا ناکرێ بە سەرکردایەتییەکی کاریزما و ڕۆشنگەر هەژمار بکرێت. بەڵام بابەتە گرنگەکە ئەوەیە کە لە دیدگای داعشدا بەیعەت بابەتێکی هەستیارە و بەپێی ریوایەتی “من مات وليس في عُنقِهِ بيعةٌ فإنَّ مِيتتَهُ جاهليةٌ” هەرکەسێک بمرێت و بەیعەتی بە کەس نەدابێت بە مردنی جاهلیەت مردووە. بۆیە سەرەڕای نەبوونی سەرکردایەتی کاریزماتیک لە داعش و هەروەها هەنگاوی داعش بەرەو جۆرێک لە لامەرکەزیەت و تا رادەیەکی سەربەخۆیی لە چالاکیی و ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچە جیاوازەکاندا ( هەر وەک ئەلقاعیدە)، شەرعیەتی داعش بە هەبوونی خەلیفە و بەیعەت دان بە خەلیفە دەگەڕێتەوە، بابەتێک کە ناتوانرێت بە ئاسانی تێپەڕێنرێت. بۆیە ڕەنگە بتوانرێت چالاکییە بچووکەکانی داعش لە مانگی ڕابردوودا بە شک و گومانەکانی ناو داعشەوە ببەسترێتەوە، کە پێدەچێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی لە ناو خودی گروپەکەدا ڕوویدابێت، کە دواجار داعشی ناچارکرد پێش دەسەڵاتێکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی، مردنی خەلیفەکەی رابگەیەنێت.
کوشتنی ئەلهاشمی و ئەلزەواهیری:
وەک دەزانین چەند مانگێک لەمەوبەر ئەمریکییەکان ڕایانگەیاند کە ئەیمەن ئەلزەواهیرییان لە کابوڵ کوشتووە، بابەتێک کە بە گشتی کەس گومانی لە ڕوودانی نییە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتا ئەلقاعیدە بە فەرمی پرسی کوژرانی ئەلزەواهیری ڕانەگەیاندووە! هەرچەندە سەرکردایەتی لە ئەلقاعیدەدا ئیمارەتە و خەلافەت نییە و دواجار بەیعەتی ئەلقاعیدەکان لەگەڵ کەسێکی وەک تاڵیبانی ئەفغانستانە. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا هێشتنەوەی پرسی کوژرانی ئەلزەواهیری لە گوتاری فەرمی ئەلقاعیدەدا دەتوانێت شەرعیەتی سەرکردایەتی لەم گرووپەدا تێکبدات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە داعش هەوڵی داوە بە خێرایی چاکسازی و چارەسەری نەبوونی سەرکردایەتی بکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر کێشەیەکی بۆ پرسی شەرعیەت. بە لەبەرچاوگرتنی کێبڕکێی توندی داعش و ئەلقاعیدە لە ڕاکێشانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی یەکتر، ئەم هەنگاوەی داعش لە ڕاگەیاندنی فەرمی مەرگی خەلیفە و ڕاگەیاندنی خەلیفەیەکی نوێ دەتوانێت تۆپەکە هەڵبداتە گۆڕەپانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەلقاعیدە، سەرمایەکی کۆمەڵایەتی کە بەهۆی هەڵپەسێردراوی سەرکردایەتی، ئەگەری ئەوەی هەیە کە بەم ڕاگەیاندنەی داعش، بەرەو ئەوە بڕوات.
لێدوانەکان