تەقینەوە لە قوتابخانەی ئایینی ئایبەک ٤٧ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

هه‌ینی 2 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 00:47
https://kurdish.iswnews.com/?p=20127

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەهۆی تەقینەوەیەک لە قوتابخانەی ئایینی “ئەلجیهادیە” لە شاری ئایبەکی ناوەندی پارێزگای سەمنگان زیاتر لە ٤٧ کەس بوونە قوربانی.

لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی تیرۆریستی لە قوتابخانەی ئایینی ئەلجیهادییە لە گەڕەکی سەرک بەندەری شاری ئایبەک لە ناوەندی پارێزگای سەمنگان، لانیکەم ١٦ خوێندکار کوژران و ٢٤ی دیکەش بریندار بوون. عەبدولنافع تەکور، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان، تەقینەوە تیرۆریستییەکەی شاری ئایبەکی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە زیانی گیانی ئەم تەقینەوەیە ١٠ کوژراو و ژمارەیەکی نادیار بریندار بووە. هاوکات سەرچاوە خۆجێییەکان لە سەمنگان ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی قوربانیانی ئەم تەقینەوەیە زیاتر لە ٣٥ کوژراو و ٢٣ بریندارە.

تا ئێستا شێوازی تەقینەوەکە و وردەکارییەکانی دیکەی ئەم هێرشە تیرۆریستیە دیاری نەکراوە، بەڵام گرووپی “بەرەی نیشتمانیی ئازادگان” بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەیان لە ئەستۆ گرتووە. لەم بەیاننامەیەدا بەرەی ئازادگان ئەم قوتابخانەیەی بە کەمپێکی سەربازی تاڵیبان ناو بردووە و باس لەوە کردووە کە زیاتر لە ٥٠ کەس لە تەقینەوەکەدا کوژراون و بریندار بوون.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم قوتابخانەیە لە سەردەمی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان ناوی سەنتەری ڕاهێنانی مامۆستایان بووە و دوای کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ناو و بەکارهێنانی بۆ “قوتابخانەی جیهاد لە پارێزگای سەمنگان” گۆڕدراوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *