سربیا و ئەرمینیا، کڕیارە نوێیەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران!

دووشەممە 28 تشرینی دووه‌م 2022 - 14:08
https://kurdish.iswnews.com/?p=19992

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ گۆڤارێکی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ناوی سربیا و ئەرمینیای وەک کڕیاری نوێی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ناوبردووە.

گۆڤاری “فۆربس”ی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتێکدا بەناونیشانی “بۆچی ڕەنگە ئەرمینیا و سربیا بەدوای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانیدا بگەڕێن؟”، نووسیویەتی: ساڵێکی زۆر باشە بۆ هەناردەکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی. تاران سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی شاهێد-١٣٦ی بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیا ڕەوانەی ڕووسیا کرد.

بەگوێرەی ئیدیعای ئەم میدیایە، تاران لەگەڵ مۆسکۆ گەیشتووەتە ڕێکەوتنێک کە ڕێگە بە ڕووسیا دەدات لە ناوخۆی وڵاتدا ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بەرهەم بهێنێت. ئەم ڕێککەوتنە هاوشێوەی ڕێککەوتنی کردنەوەی کارگەیەک لە تاجیکستان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەبابیل ٢ لە ناوخۆی ئەو وڵاتەیە.

فۆربس بە ئاماژەدان بە قسەکانی جەنەڕاڵ سەید یەحیا ڕەحیم سەفەوی، یاریدەدەر و ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران کە رایگەیاند بوو “ئەمڕۆ لە شوێنێکداین کە ٢٢ وڵاتی جیهان داوای کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران دەکەن.”، جەختی لەوە کردەوە: “گەیاندنی بەرچاوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ئەم وڵاتانە دەتوانێت لێکەوتەی ستراتیژی بەرچاوی بۆ بەڵکان و قەفقازی باشوور هەبێت. بۆ نموونە ئەگەر سربیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بکڕێت، بەلگراد دەتوانێت ببێتە گەورەترین بەکارهێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی لە باڵکاندا”.

بەگوێرەی لێدوانی بەشێک لە شرۆڤەکارانی سەربازی سربیا، کەمی نرخی بەشێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی دەتوانێت هانی بەلگراد بدات بۆ ئەوەی بە کڕینی ژمارەیەک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە جبەخانەکەی هەمەچەشن و بەهێزتر بکات. هەروەها ڕەنگە ئێران گرێبەستێک پێشکەش بە سربیا بکات بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە شێوەیەکی ناوخۆیی، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە فراوانکردنی بەرنامەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تاڕادەیەک هەرزان.

ساموێل بێندت، یەکێک لە شرۆڤەکارە سەربازییەکان سەبارەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بە ئەرمینیا، وتی: هۆکاری سیاسی و ستراتیژی فراوانتر لە پشت ئەگەری کڕینی ئەرمینیاوە هەیە. دوای ئەوەی تەکنەلۆژیای فڕۆکە بێفڕۆکەوانی تورکیا و ئیسرائیل لە شەڕی ٢٠٢٠ یارمەتی زۆری ئازەربایجانی دا، ئەرمینیای ناچار کردووە بەدوای وەبەرهێنان لە پیشەسازی فڕۆکە بێفڕۆکەوانیدا بگەڕێت.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: تاران بەرژەوەندییەکانی لە یارمەتیدانی بەهێزکردنی سەربازی یەریڤان دەبینێت. بۆیە زۆر لۆژیکییە ئەرمینیا لە ڕوانگەی جیۆستراتیژیکەوە ببێتە کڕیاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی خۆکوژی ئێرانی وەک شاهێد-١٣٦ وەبەرهێنانێکی تاڕادەیەک کەم تێچوو، بە کاریگەری زۆرە کە دەتوانێت ببێتە تەحەدایەک بۆ ئازەربایجان و ڕەنگە تەنانەت تورکیاش.

شایانی باسە هەر جۆرە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بە ئەرمینیا یان دروستکردنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەم وڵاتە، وەک کردنەوەی هێڵی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی “ئەبابیل ٢” لە پایتەختی تاجیکستان، دەتوانێت پێشبڕکێی سەربازی لە ناوچەی ناسەقامگیری باشووری قەوقاز زیاتر بکات. لە ئێستادا هەموو وڵاتان چاویان لەوەیە هێزی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان بە هەر شێوەیەک بێت (کڕین لە وڵاتانی دیکە یان بەرهەمی ناوخۆیی) زیاد بکەن.

بەدەستهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن ئەرمینیا دەتوانێت هێزی سەربازی ئەم وڵاتە بەهێزتر بکات، چونکە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهێد دەتوانێت ئامانجەکانی بە دووری سەدان کیلۆمەتر بکاتە ئامانج. پێشبڕکێی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ناوچەیی بە باشی بەڕێوەیە و پێشبینی ناکرێت بەم زووانە خاو ببێتەوە!

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *