عیمران خان: ناچینە ناو پایتەخت و دەست لەکار دەکێشینەوە!

یەکشەممە 27 تشرینی دووه‌م 2022 - 21:31
https://kurdish.iswnews.com/?p=19986

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ عیمران خان پاش بەشداریکردن لە گردبوونەوەی دەیان هەزار لایەنگرانی لە ڕاوالپندی، چوونی بۆ ئیسلام ئابادی پایتەختی ئەم وڵاتەی هەڵوەشاندەوە و دەستلەکارکێشانەوەی تەحریکی ئینساف لە سەرجەم ئەنجومەنی یاسادانانی ناوخۆیی و دەوڵەتی ڕاگەیاند.

دوابەدوای بانگەوازی گردبوونەوەی لایەنگرانی عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە ڕاوالپندی، لایەنگران و ئەندامانی حیزبی تەحریکی ئینساف لە ٢٦ی ئەم مانگەدا گردبوونەوەیەکی گەورەیان لەم شارە ڕێکخست و داوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پاکستانیان کرد. بەپێی پلانی حیزبی تەحریکی ئینساف، بڕیار بوو دوا قۆناغی ناڕەزایەتی لایەنگرانی عیمران خان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەم قۆناغە بە بڕیاری کتوپڕی عیمران خان لە ڕاوالپندی هەڵوەشایەوە.

عیمران خان لە میانەی یەکەم وتارەکەیدا دوای هەوڵە شکستخواردووەکەی تیرۆرکردنی لە ویلایەتی پەنجاب، وێڕای سوپاسی لە ڕێژەی زۆری بەشداری خەڵکی پاکستان لە شاری ڕاوالپندی، ڕایگەیاند کە ڕێپێوانی ناڕەزایەتی بەرەو ئیسلام ئاباد ڕایدەگیرێت، چونکە نیگەرانە لەوەی ببێتە هۆی ئاژاوە و وێرانکاری لە وڵاتدا. ناوبراو هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی وەزیر و ئەندامانی پەرلەمانی حزبەکەی ڕاگەیاند و وتی کە بەم نزیکانە کاتی کشانەوە له سیستمی گەندەڵ ڕادەگەیەنێت. عیمران خان لە درێژەدا لە داواکارییەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە کشایەوە و ڕایگەیاند، حیزبی تەحریکی ئینساف بەشداری لە هەڵبژاردنە پلان بۆ داڕێژراوەکە دەکات و سەردەکەوێت.

ململانێی عیمران خان لەگەڵ حکومەتەکەی شەهباز شەریف و لایەنە پشتیوانەکانی لەدوای لێپێچینەوەی عیمران خان لە پەرلەمان و دوورخستنەوەی لە ١٠ی نیسانی ئەمساڵدا دەستیپێکرد. دوای ئەم ڕووداوە، عیمران خان ئەمریکای بە پیلانگێڕیی لەدژی خۆی تۆمەتبار کرد و بە ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی و رێپێوانی جەماوەری بەرەو شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، هەوڵیدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات، بەڵام ئەم فشارە شکستی هێنا و بەڵێنی سەرکەوتن بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتی لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ دواخرا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *