گەڕاندنەوەی یەکەم گوژمی پارە دزراوەکەی سەردەمی کازمی

یه‌ك شه‌ممه‌ 27 تشرینی دووه‌م 2022 - 20:19
https://kurdish.iswnews.com/?p=19982

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی بەشێک لەو پارەیەی ڕاگەیاند کە لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی مستەفا کازمیدا دزراو بوون.

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان توانیان گوژمی یەکەمی پارەی دزراوی دۆسیەی دزی سەدە کە بڕی ١٨٢ ملیار دینارە بگەڕێننەوە.

ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، “عەبدولمەهدی تۆفیق” بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “بادیه المسار” و “عبدالرحمان محەممەد ئیبراهیم” خاوەنی ئەم کۆمپانیایە دەستیان لەم دزییە هەبووە.

سودانی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، ٦٦ چەک بە بڕی ٩٨٢ ملیار دینار بە ناوی کۆمپانیای “الحوت الاحدب” بۆ “عەبدولمەهدی تۆفیق”، کە هەڵهاتووە، و “قاسم محەمەد”، خاوەنی ئەم کۆمپانیایە خەرج کراوە.

بە گوتەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ٤٥ چەک بە بڕی ٦٠٧ ملیار دینار بۆ کۆمپانیای ریاح بەغدا خەرج کراوە کە بەڕێوەبەری جێبەجێکارەکەی “عەبدولمەهدی تۆفیق” و “حوسێن کاوە”، خاوەنی ئەم کۆمپانیایە بووە، کە ئێستا دەستگیرکراوە.

ناوبراو دووپاتیشی کردەوە کە کۆی گشتی چەکی خەرج کراو ٣ ترلیۆن و ٧٥٤ ملیار و ٦٤٢ ملیۆن و ٦٦٤ هەزار دینارە.

سودانی هەروەها وتی کە دادوەری ئەم دۆسیەیە بڕیاری ئازادکردنی نور زوهێر بە بەکەفالەت دەردەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەدا تەواوی بڕە پارەکە بیگێڕێتەوە.

ناوبراو وتیشی، دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان ناوی ئەو لایەنانە ڕادەگەیەنین کە کارئاسانییان بۆ دزینی بڕە پارەیە کردووە.

جێی ئاماژەیە بڕی ٣.٧ ترلیۆن دینار یەکسانە بە ٢.٥ ملیار دۆلار، لە هەژماری ئەمیندارێتی باجەکانی بانکی رافیدەین دزراوە. ئەم بابەتە مشتومڕێکی زۆری لە میدیاکان و لە نێو نوخبە عێراقییەکان دروست کرد و زۆر کەسیش بە “دزی سەدە” ناویان برد.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو ڕایگەیاند، هێزە تایبەتەکانی ئەم وەزارەتە توانیان نور زوهێر جاسم، تۆمەتباری سەرەکی دۆسیەی گەندەڵی سێ ملیار دۆلاری ئەم دواییەی وڵات، لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیر بکەن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *