ڕووسیا داوای کشانەوەی گرووپە کوردییەکان دەکات لە سنووری تورکیا بۆ باشووری ڕێگای M4!

شەممە 26 تشرینی دووه‌م 2022 - 21:30
https://kurdish.iswnews.com/?p=19951

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شاری قامیشلۆ، هێزەکانی ڕووسیا و سووریا داوایان لێکردن کە تا باشووری ڕێگای M4 بکشێنەوە و ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ تورکیا ڕادەستی سوپای سووریا بکەنەوە.

ژەنەڕاڵ ئەلێکساندەر چایکۆ، فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا، لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە و هۆشداری دایە ئەوان لە جددیەتی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە باکووری سووریا.

چایکۆ بە گرووپە کوردییەکانی ڕاگەیاند: تاکە ڕێگە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هێرشێکی نوێی تورکیا، کشانەوە لە تەواوی سنووری سووریا و تورکیا بەرەو باشووری ڕێگای نێودەوڵەتی (M4)، دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتر لەگەڵ سنووری تورکیا، و ڕادەستی بە سوپای سووریایە.

بەپێی زانیاریەکان گرووپە کوردییەکان ئەو پێشنیازەیان ڕەتکردۆتەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی نوێی تورکیا لە باکووری سووریا ڕاگەیاندووە.

لەم دیدارەدا کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاندووە، فەرماندە سەربازییەکانی سووریاش ئامادەبوون. وردەکاری زیاتری ئەم کۆبوونەوەیە بڵاو نەکراوەتەوە.

شایانی باسە بە لەبەرچاوگرتنی ڕەتکردنەوەی پێشنیازی ڕووسیا لەلایەن هێزەکانی هەسەدە و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی گرووپە کوردییەکان، هەروەها زیادبوونی هێرشی تۆپخانەیی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی باکووری سووریا، چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی نوێی زەمینی سوپای تورکیا دوای ڕێککەوتنی لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان لە ناوچەکانی باکوور بە زووترین کات دەست پێبکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *