شەهباز شەریف ژەنەڕاڵ عاسیم مونیری وەک سەرۆک ئەرکانی نوێی سوپای پاکستان هەڵبژارد

شه‌ممه‌ 26 تشرینی دووه‌م 2022 - 11:53
https://kurdish.iswnews.com/?p=19934

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ بەرپرسان و سەرۆکی پارتەکانی لایەنگری حکومەت، ژەنەڕاڵ عاسیم مونیر ئەحمەدی وەک سەرۆک ئەرکانی نوێی سوپای پاکستان هەڵبژارد.

دوابەدوای کۆتایی هاتنی سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ قەمەر جاوید باجوا لە بارەگای سوپای پاکستان، ناوەندی فەرماندەیی گشتیی ئەم دامەزراوە سەربازییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لیستی کاندیدە خوازراوەکانی خۆی ڕەوانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران شەهباز شەریف کرد.

لیستی پێشنیارکراوی سوپا بۆ پۆستی فەرماندەی گشتی، فەرماندە باڵاکانی سوپای پاکستان لەخۆگرتبوو کە بریتی بوون لە جەنەڕاڵ عاسیم مونیر ئەحمەد، ژەنەڕاڵ ساحیر شەمشاد، ژەنەڕاڵ ئەزهەر عەباس، ژەنەڕاڵ نەعمان مەحموود، ژەنەڕاڵ محەمەد عامر و ژەنەڕاڵ فایز حەمید، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری سوپای پاکستان. لە نێو ئەمانەدا، شەهباز شەریف، دوای دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی کابینەی حکومەت و سەرۆک پارتەکانی لایەنگری، ژەنەراڵ عاسیم مونیر ئەحمەد، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپا و بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری (ISI) بۆ کابینەی حکومەتەکەی ناساند، و کابینەکە دوای کۆبوونەوەیەکی فەرمی ناوبراوی بۆ پۆستی فەرماندەی گشتیی سوپا هەڵبژارد.

جێی ئاماژەیە کە ئەم دامەزراندنە دەبێت لەلایەن عارف عەلەوی، سەرۆکی پاکستانەوە لە پرۆسەیەکی پەسەند بکرێت. لەمبارەیەوە عیمران خان ڕایگەیاندووە، سەرۆک کۆمار دوای لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بۆچوونی خۆی بەپێی دەستوور ڕادەگەیەنێت.

پەسەندکردنی دانانی ژەنەراڵ مونیر بۆ پۆستی فەرماندەی گشتیی سوپا، شکستێکی سیاسی دیکە بۆ عیمران خان و حیزبی تەحریکی ئینساف هەژمار دەکرێت؛ لەبەر ئەوەی عاسم مونیر وەک یەکێک لە نەیارەکانیان دادەنرێت. هەروەها ڕەتکردنەوەی ئەم پێشنیازە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی سیاسی قوڵتر لە نێوان حکومەتی شەریف و پارتی تەحریکی ئینساف بە سەرۆکایەتیی عیمران خان.

پۆستی “سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان” بەرزترین پۆستە لە سوپای پاکستان و لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ دیاری دەکرێت. بەپێی دەستووری پاکستان، ئەم هەڵبژاردنە دەبێت لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پەسەند و دەستنیشان بکرێت. ژەنەڕاڵ قەمەر جاوید باجوە، وەک دەیەمین سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان، لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ەوە بۆ ماوەی دوو خول ئەم پۆستەی بەدەستهێناوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *