نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی ئاستانە لە پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو

هه‌ینی 25 تشرینی دووه‌م 2022 - 10:54
https://kurdish.iswnews.com/?p=19909

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ نوێنەرانی ڕووسیا، سووریا، تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی ئاستانە لە پایتەختی کازاخستان جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنەکان لە باکوری سووریا و پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە کرد.

ڕووسیا، تورکیا، سووریا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی ئاستانە سەبارەت بە سووریا کە لە لایەن کازاخستانەوە میوانداری کرابوو، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنەکان لە باکووری سووریا کرد و تاوتوێی دۆخی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب لە باکوری ئەم وڵاتەیان کرد.

ئەم وڵاتانە جارێکی تر پابەندی تەواوی خۆیان بۆ پاراستنی سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا ڕاگەیاند و بە ڕەتکردنەوەی هەموو پلانە جوداخوازەکان لە سووریا جەختیان لەوە کردەوە کە ئاسایش و سەقامگیری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنها لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سووریا بەدی دێت.

وڵاتانی گەرەنتیکاری پڕۆسەی ئاستانە کردەوەی ئەو وڵاتانەیان ئیدانە کرد کە پشتیوانی گرووپە چەکدار و تیرۆریستییەکان دەکەن، لەوانە پشتیوانی لە گرووپە جوداخوازەکان و دزینی نەوتی سووریا، کە داهاتی ئەو وڵاتە دەبێ بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە بگەڕێتەوە. هەروەها هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر خاکی سووریا ئیدانە کرا کە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتەیە.

لەم بەیاننامەیەدا، بە ڕەتکردنەوەی ڕێوشوێنە ئابوورییە تاکلایەنە لەدژی سووریا کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەپێویستیان زانی ئەو ڕێوشوێنانە هەڵبوەشێنرێتەوە و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەموو سورییەکان بەبێ جیاوازی و پێشمەرج و بەسیاسی نەکردنی، زیاد بکرێت.

لەکۆتایی کۆبوونەوەی ئاستانە، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، ڕەنگە بەم نزیکانە هەنگاوی جددی بۆ زیادکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا بنرێت، و وتی:

هاوکاتی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی سووریا لەگەڵ کۆبوونەوەی ئێستای ئاستانە کاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان دەبێت و هێرشەکانی ئەنقەرە بۆ سەر باکووری سووریا بە گشتی دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپتر دەکات.

لاڤرێنتیف بە ئاماژەدان بەوەی کە مۆسکۆ لە ئەنقەرە و دیمەشق پەیامی پێدەگات سەبارەت بە ئامادەیی ئەوان بۆ گرتنەبەری هەنگاو بۆ زیادکردنی پەیوەندییەکان، وتی کە بەم زووانە زیادبوونی پەیوەندییە سیاسییەکان و نزیکیی سووریا و تورکیا دەبینین.

ناوبراو ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی:

هەڵوێستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وێرانکەرن و چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ میلیشیا کوردەکان دابین دەکات. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ سووریا.

ئەیمەن سۆسان، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند:

کردەوەکانی داگیرکەرانی ئەمریکی و تورکیا تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێشێلکردنی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەگەر ڕژێمی تورکیا پابەند بووایە بە ئەنجام و بڕیارەکانی خۆی، ئەوا لە دانوستانەکانی ئاستانەدا دەستکەوتی زیاترمان بەدەست دەهێنا.

هەروەها عەلی ئەسغەر خاجی، ڕاوێژکاری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لە تورکیا کرد ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا بە سوپای سووریا بسپێرێت. ناوبراو جەختی لە پاڵپشتی ئێران بۆ یەکپارچەیی خاکی سوریا و دژایەتی ئێران بۆ هەر کردەوەیەکی سەربازی کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی دۆخی ناوچەکە، کردەوە.

شایانی باسە دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی ئاستانە بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی سووریا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە لە پایتەختی کازاخستان دەستی پێکردووە و تا ئێستا ١٩ خولی ئەم دانوستانانە ئەنجام دراوە. لە دوایین خولی ئەم دانوستانانەدا کە لە ٢٢ و ٢٣ی تشرینی دووەم لە پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕووسیا، تورکیا، ئێران و سوریا، هەروەها وڵاتانی چاودێر لەوانە لوبنان، عێراق و ئوردن، بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کرد.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *