بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ سنوورەکانی ئێران و تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان

هه‌ینی 25 تشرینی دووه‌م 2022 - 00:02
https://kurdish.iswnews.com/?p=19906

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق چوار بڕیاری نوێی بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی عێراق لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا پەسەند کرد.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران و تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی باکووری عێراق تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاگەیاندنی یەحیا ڕەسووڵ عەبدوڵڵا، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق چوار بڕیاری نوێی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق پەسەند کرد، کە بریتین لەم خاڵانە:
١- دروستکردنی پلانێک بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بەمەبەستی پاراستنی هێڵی سفری سنووری لەگەڵ ئێران و تورکیا.
٢- دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ پاڵپشتی لۆجستیی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و بەهێزکردنی توانا مرۆییەکان، کەلوپەلە پێویستەکان و پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی ئەو هێزانە.
٣- گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەهێزکردنی خاڵە سنووری و بارەگاکان بە توانا مرۆییەکانی وەزارەتی ناوخۆ.
٤- هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی یەک و دوو بەمەبەستی یەکخستنی ڕێوشوێنە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق.

شایانی باسە، هێزە چەکدارەکانی ئێران دوای هۆشدارییە بەردەوامەکانی ئێران بە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ داماڵینی چەک لە گروپە تیرۆریستییەکان و دەرکردنیان لە ناوچەکە، و بێ هەڵوێستی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتە خۆجێیەکان بەرامبەر بە هۆشدارییەکان، لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە تا ئێستا چوار قۆناغی ئۆپەراسیۆنیان لە دژی گروپە تیرۆریستییەکانی جێگیر لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامداوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک تیرۆریست کوژران و برینداربوون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا سوپای تورکیا وەک کاردانەوە بە تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ئیستانبوڵ، چەندین ناوچەی لە باکووری عێراق کردە ئامانج.

هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ هەنگاوە دیپلۆماسیەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی ناچار کردووە سەبارەت بە سنوورەکانی ئێران و تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بڕیار بدات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *