تیرۆرکردنی فەرماندەیەکی مەیدانی هەسەدە لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر قامیشلۆ + وێنەکان

پێنجشەممە 24 تشرینی دووه‌م 2022 - 22:36
https://kurdish.iswnews.com/?p=19896

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر شاری قامیشلۆ، سێ ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژران کە یەکێکیان فەرماندەیەکی مەیدانی بوو.

ئێوارەی ڕۆژی رابردوو ٢٣ی تشرینی دووەم، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە نزیک گۆڕەپانی قەرموتی ڕۆژئاوای شاری قامیشلۆ لە پارێزگای حەسەکە کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران، لەنێویاندا ریزان گۆلو بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی بەرگری و ڕاوێژکاری باڵای مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە سەرچاوە خۆجێیەکان، بە ڕەتکردنەوەی هەواڵی کوژرانی ڕیزان گۆلو، رایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ناوبراو بە سەختی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ ناوەندێکی پزیشکی. تا ئێستا وردەکاری زیاتر لەسەر ئەم ڕووداوە بڵاونەکراوەتەوە و فەرماندەکانی هەسەدە لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

جێی ئاماژەیە دوای ڕووداوی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال لە ناوەندی شاری ئیستانبوڵ و تۆمەتبارکردنی گرووپە کوردییەکان وەک ئەنجامدەری ئەم ڕووداوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، هێرشی تۆپخانەیی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە ناوچەکانی باکووری سووریا زیادی کردووە، و ئەگەری ئەوە هەیە کە خولێکی نوێی تیرۆرکردنی ئامانجدار لەلایەن دەزگا سەربازی-ئەمنیەکانی تورکیاوە دژی بەرپرسان و فەرماندە مەیدانییەکانی گرووپە کوردییەکان لە باکووری سووریا دەستپێبکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *