لە سایەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی، تورکیا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر باکوری سووریا!

چوارشەممە 23 تشرینی دووه‌م 2022 - 22:27
https://kurdish.iswnews.com/?p=19860

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە سایەی هەڕەشەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی گروپە کوردییەکان لە باکوری سووریا، هێرشە تۆپخانەیی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پارێزگای حەسەکە بەردەوامە.

لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سووریا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی “چنگی شمشێر”، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای ئەم وڵاتە دوو کێڵگەی نەوتی نزیک گوندی مەلاعەباس و باکووری شاری قەحتانیەی ڕۆژهەڵاتی قامیشلۆ لە پارێزگای حەسەکەیان کردە ئامانج. ئەم هێرشانە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەو کێڵگە نەوتییانە. هەروەها خاڵی پشکنینی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە نزیک گوندی هێمۆ لە ڕۆژئاوای شاری قامیشلۆ بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا کراوەتە ئامانج. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانەکانی ئەو هێرشانە بڵاونەکراوەتەوە.

دوای گەڕی یەکەمی هێرشەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بنکەی هاوبەشی سوپای ڕووسیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە نزیک شاری تەل تەمر لە پارێزگای حەسەکەیان کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە یەکێک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. دوای ئەم هێرشە، سوپای ڕووسیا دەستیان کرد بە چۆڵکردنی بارەگاکەیان لە ناوچەی تەل حەمرا.

جگە لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی بۆ سەر ئامانجەکانی تەل تەمر، هێزەکانی سوپای تورکیا و هێزە چەکدارانەی سەر بەو وڵاتە، بە هێرشی تۆپخانەیی هەردوو گوندەکانی ئوم ئەلخەیر و تەل تەویل لە نزیک تەل تەمریان کردە ئامانج.

چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە نوێنەرانی پەرلەمانی پارتی داد و گەشەپێدانی راگەیاند:

ئێمە هەموو ئەو کەسانە دەدۆزینەوە و سزایان دەدەین کە دەستیان هەبووە لە تەقینەوەی شەقامی ئیستقلال لە ئیستەنبوڵ. تورکیا لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بێدەنگ نابێت. ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەریانخست کە ئەو لایەنانەی کە گەرەنتی ئەوەیان دەکرد کە تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانەوە ناکرێتە ئامانج، بەڵێنەکانیان نەبردەسەر.

ناوبراو سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکوری سووریا وتی؛

ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە باکوری سووریا تازە دەستیان پێکردووە. ئێمە لە گونجاوترین کاتدا دەست بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکەین. ئێمە دەست بە کێوماڵکردنی باکوری سووریا لە میلیشیا کوردەکان لە شارەکانی تەل رەفعەت، منبج و عەین ئەلعەرەب دەکەین و ئەو هەنگاوانەش گەرەنتی یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی سووریا و عێراق دەکات.

شایانی باسە کە زیادبوونی ئەم هێرشانە هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناوچەکانی باکوری سووریا بە هۆشدارییەک بۆ گرووپە کوردییەکان و حکومەتی سووریا دادەنرێت و پێدەچێت، وەک ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بینیمان، دانوستانەکانی فەرماندە باڵاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ ڕووسیا، ئەمریکا، ئێران و تەنانەت حکومەتی سووریاش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست پێبکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *