هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا + وێنەکان

چوارشەممە 23 تشرینی دووه‌م 2022 - 13:15
https://kurdish.iswnews.com/?p=19824

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پارێزگاکانی حەلەب و حەسەکە بە هێرشی تۆپخانەیی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە کرایە ئامانج.

لە ڕۆژی رابردوو ٢٢ی تشرینی دووەم، سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە شاری تل رەفعەت، ناوچەی شەهبا، ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شاری کۆبانێ (عەین عەرەب)، ناوچەی شراوا لە عەفرین، باکوری شاری منبج لە پارێزگای حەلەب، ڕۆژهەڵات شاری قامیشلۆ و بنکەی هاوبەشی هاوپەیمانی ئەمریکی و یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پارێزگای حەسەکە، کردە ئامانجی هێرشەکانی خۆی.

لە درێژەی ئەو هێرشانەدا، فڕۆکەکانی سوپای تورکیا چوونە ناو خاکی باکووری سووریا و پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە نزیک شاری تل تەمر، دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەی قەحتانیە لە ڕۆژهەڵاتی قامیشلۆ، گوندی تل تەویل لە نزیک شاری تل تەمر، ناوچەی زرکان لە پارێزگای حەسەکە و گوندی مەکمان لە پارێزگای دێرەزووریان کردە ئامانج. بەپێی زانیاریەکان فڕۆکەخانەی سەربازی منغ ـیش لەلایەن فڕۆکەکانی سوپای تورکیاوە کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا چەند کەس لە سوپای سووریا کوژراو و بریندار بوون. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانەکانی ئەو هێرشانە بڵاونەکراوەتەوە.

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، گروپە کوردییەکان بە هێرشێکی تۆپخانەیی بنکەی سوپای تورکیایان لە ناوچەی کەلجەبرین و شاری ئەعەزاز (لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا) کردە ئامانج، و بەهۆیەوە چەند کەسێک کوژران و بریندار بوون.

گروپە کوردییەکان لە درێژەی چالاکییە تۆڵەسەندنەوەکانیاندا، بە هێرشی موشەکی دەروازەی سنووریی سەلامە و شاری کیلیس لە باشووری تورکیایان کردە ئامانج. باس لەوە دەکرێت کە حەوت موشەک لە ناوخۆی سووریاوە بەرەو باشووری تورکیا تەقێنراون و تا ئێستا هیچ ئامارێک لەسەر قوربانیانی ئەم هێرشە بڵاونەکراوەتەوە.

ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و گروپە کوردییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، و لە هەمان کاتدا بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە مەراسیمی کردنەوەی بەنداو و وێستگەی ئاوی یوسف ئیلی سەبارەت بە بنبڕکردنی تیرۆریستەکان بە بەکارهێنانی هێز و کەلوپەلی سەربازی، ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا لە باکوری سووریا هەیە و ئەمەش بۆیە هۆی کاردانەوەی ڕووسیا و ئەمریکا لەم بارەیەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی لەم بارەیەوە ڕایگەیاند:

تورکیا بەدەست هەڕەشەی تیرۆریستییەوە دەناڵێنێت و مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام هەڵوێستەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی تورکیا لە باکوری سووریا ناگۆڕێت. ئێمە نیگەرانین لەوەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکانی سوپای تورکیا هاوبەشەکانمان (هێزەکانی سوریای دیموکرات) لاواز بکات و ئەمەش کاریگەری لەسەر شەڕی ئەوان لەدژی گرووپی تیرۆریستی داعش هەبێت.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین هەروەها وتی:

ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە باکوری سووریا مافێکی ڕەوایە و مۆسکۆ ڕێز لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنقەرە دەگرێت و لێی تێدەگات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین خۆیان لە هەر کارێکی بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری.

شایانی باسە دوای ڕووداوی تەقینەوەکەی شاری ئیستەنبوڵ و تۆمەتبار کردنی کوردەکانی سووریا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لەم تەقینەوەیدا، سەرلەبەیانی ٢٠ی تشرینی دووەم, سوپای تورکیا بە فەرمانی وەزیری بەرگری تورکیا ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی “چنگی شمشێر” لە ناوچەکانی باکوری عێراق و سووریا دژی گروپە کوردییەکان دەستی پێکرد.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *