یادداشت: پرۆژەی هاوبەشی سعودیە، ئیمارات و ئەمریکا بە ناوی “لەناوبردنی ئێران لە ناوخۆەوە”
ڕۆژنامەی “ئەلئەخبار”ی لوبنانی ژمارەیەک بەڵگەنامەی پلانی نهێنی سعودیە و ئیمارات بۆ لاوازکردنی ئێران و ڕاکێشانی شەڕ بۆ ناو ئەم وڵاتە بڵاو کردەوە. بە پێی ئەم بەڵگەنامانە، ژووری بیرکردنەوەی سعودیە – ئیمارات ٥ ساڵ لەمەوبەر، دوای لەسێدارەدانی شێخ باقر ئەلنمر پێکهێنرا و یەکێک لە بەرنامەکانی، دامەزراندنی کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی بە زمانی فارسی بۆ هاندانی گەنجان بوو.
کاتێک محەممەد بن سەلمان لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ئێران وتی: “چاوەڕێی ئەوە ناکەین سعودیە ببێتە مەیدانی شەڕ، بەڵکو هەوڵدەدەین شەڕەکە بکێشینە ناو ئێران”، زۆرێک لە شیکاری لێدوانەکانی بن سەلمان باسیان لەوە کرد کە ڕیاز، وەک هەمیشە، بە نیازی بەکارهێنان و ناردنی گرووپی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش بۆ ئێران و ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانەیە.
بەڵام لەو بەڵگەنامانەی کە دەست ئەلئەخبار گەیشتووە، دەرکەوتووە کە مەبەستی بن سەلمان بە ئامانج گرتنی ئێران لە ناوخۆەوە، لەگەڵ پلانی دروستکردنی کاریگەری لەسەر گەنجانی ئێرانی بووە.
بەپێی ئەم بەڵگەنامانە، دوای چوار ڕۆژ لە هەواڵی لەسێدارەدانی شێخ نەمر باقر ئەلنەمر و کۆمەڵێک گەنجی قەتیف؛ ئەنجوومەنی ڕاگەیاندنی نیشتمانی ئیمارات پێشنیارێکی پێشکەش بە نوێنەرانی سعودیە و بەحرەین کردووە کە بە “ستراتیژی میدیایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئێران” ناوی بردووە، و لە ساڵانی دواتردا بە هەماهەنگی ئەمریکییەکان پێکهێنرا و بوو بە “پلانێک بۆ لاوازکردنی ئێران لە ناخۆەوە”.
بەپێی بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان، دوو ئامرازی دیار کە لەم ستراتیژەدا پێشنیارکراون بریتین لە “دامەزراندنی ناوەندێک بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسەکانی ئێران” و “دامەزراندنی کەناڵێکی هەواڵی ٢٤ کاتژمێری بە زمانی فارسی” بۆ پەخشکردنی هەواڵەکان بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەری لەسەر گەنجانی ئێرانی.
ناوەندی لێکۆڵینەوەکە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٦ دامەزرا و ناوی “ناوەندی کەنداوی عەرەبی بۆ لێکۆڵینەوەی ئێران” بۆی هەڵبژێردرا، بەڵام دواتر ناوی ئەم ناوەندە گۆڕدرا بۆ “ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ئێران — ڕسانە” و لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا لەلایەن “محەمەد ئەلسلمی سعودی” بەڕێوەدەبرێت.
لە دەقی ئەم ستراتیژەدا هاتووە کە بوودجەی کەناڵی هەواڵی “ئێران ئینتەرناشناڵ” کە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ لە لەندەن دامەزرا، لە نێوان ٢٠ بۆ ٦٠ میلیۆن دۆلار بووە کە ئێستا دوو هێندە زیادی کردووە و کارمەندەکانیش بەردەوامن لە هەوڵی ڕاکێشانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی میدیایی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی.
لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا کە لەلایەن ئەلئەخبارەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئەنجومەنی نیشتمانی میدیای ئیمارات تیمێکی دە کەسی لە شارەزایان و پسپۆڕانی پرسەکانی ئێران پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە و باس لەوە دەکرێت کە سەیف ئەلزعابی باڵیۆزی ئیمارات لە تاران بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەم لیژنەی کردووە.
دوو بەڵگەنامەکەی تر پێکهاتووە لە دوو پەیامی سوڵتان ئەلجابر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕاگەیاندنی ئیمارات بۆ عەبد بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات کە لە پەیامی یەکەم باس لە ستراتیژی، بەشەکان و دوایین پێشهاتەکان و هەروەها لە پەیامی دووەم باس لە پێشهاتەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ ناوبراو کراوە.
بەڵگەنامەیەکی دیکە کە گرنگترین بەڵگەنامەیە، بە ئاماژەدان بە پێشکەشکردنی ئەم ستراتیژە بۆ لایەنی ئەمریکی، باس لەوە دەکات کە لیژنەی سێ قۆڵی ئەمریکی، سعودی و ئیماراتی ئەم ستراتیژەیان قبوڵ کردووە، و لە چوارچێوەی ئەوەی ناویان ناوە “ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و کەنداو”، هەوڵ دەدەن.
بەپێی ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانە لە ئیمارات، ئەم پلانە تێروتەسەلە، نیشانەی کۆمەڵێک لە پلانەکان بە ئامانجی دزەکردن و دروستکردنی ناکۆکی لە کۆمەڵگەی ئێراندایە، بەتایبەتی لەناو گەنجان لەڕێگەی ئامرازەکانی کەڵک وەرگرتن لە بەرنامە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
یەکەم؛ گەنجانی ئێرانی حەزێکی زۆریان هەیە بۆ زانین و فێربوونی تەکنۆلۆژیا. بۆیە پێویستە سایتەکانی زمانی فارسی دروست بکرێن بۆ ئەوەی بەکارهێنەرانی ئێرانی بتوانن ئەو سایتانە بدۆزنەوە کە حەزیان لێیە. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ دزەکردن لە فەرهەنگی ئێران و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر میللەتی ئێران.
دووەم؛ دروستکردنی کەمپەینی “بیربکەرەوە ئەگەر ئێران بەم شێوەیە بێت”. لەم بەشەدا سەکۆیەک دەدرێتە هونەرمەندان و چالاکوانان بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان و کێشانی ژیانێکی باشتر بۆ ئێران و نیشاندانی ئەوەی کە کۆمەڵگا ئامادەیە بۆ گۆڕانکاری.
سێیەم؛ ڕوانگە: نزیکبوونەوە لە جۆری بیرکردنەوەی گەنجانی ئێرانی، نەهێشتنی بیروباوەڕی ئایینی و مێژوویی. بۆیە پێویستە نیشان بدرێت کە لە ئێران تەنیا دەنگی حکومەت دەبیسترێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت دەنگی دیکەش بە باشی ببیسترێت.
چوارەم؛ بیرکردنەوە، قبوڵکردن و گۆڕین. دروستکردنی تەحەددا بۆ بیرکردنەوە باوەکان لە ئێران، هاندانی گەنجان بۆ گۆڕینی بیروباوەڕەکانیان، بردنیان بەرەو خەباتکردن بۆ مافەکانی گەلی ئێران یان کۆچکردن لێیەوە، تیشک خستنە سەر ژیانی ئێرانییەکانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات و پەخشکردنی ڤیدیۆی کەسانی ناودار کە ئێرانیان بەجێهێشتووە و تێڕوانینیان لە بۆ ئێران.
پێنجەم؛ کارتۆن و کات بەسەربردن: پەیوەندیکردن لەگەڵ گەنجان لە ڕێگەی کارتۆن و سۆشیال میدیا و تیشک خستنە سەر زانیارییە ڕاستەقینەکان و گێڕانەوەی بە پێچەوانەی ئەوەی حکومەتی ناوەندی دەیگێڕێتەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم بەرنامەیە تەنیا سنووردار بە ئێران نییە، سعودییەکان و بە تایبەت باڵیۆزەکانی سعودیە لە وڵاتانی دیکەی وەک تاجیکستان بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرقاڵی دزەکردن و دروستکردنی بنکەی جەماوەری و باڵادەستین. لەگەڵ سعودیە، وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی ئیمارات، هەروەها باڵادەستی تەواوی دامەزراوە ئەمریکییەکان لەسەر بواری پڕوپاگەندەی ڕاستەقینە و ناراستەقینەی تاجیکستان، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو فراوانبوون دەڕوات.
بۆ نموونە، سەبارەت بە پەیوەندی تاجیکستان لەگەڵ ئەم بەرنامەی دژە ئێرانی دەتوانین ئاماژە بەمانەی خوارەوە بکەین:
١- بوونی چالاکانەی کەناڵی “ئێران ئینتەرناشناڵ” لە تاجیکستان و دامەزراندنی ڕۆژنامەنووسان لە ناو تاجیکییەکان کە “ئاناهیتا دادخۆدا” یەکێکە لەو حاڵەتانە، و پەیوەندی ئەم کەسە بە دەزگاکانی هەواڵگری، وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و جگە لەوەش گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل و لە هەمان کاتدا بوونی لە ئێرانیش جێگەی سەرنجە.
٢- لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا کۆنفرانسێکی ئەمنی لە شاری دوشەنبێی پایتەختی تاجیکستان بە سپۆنسەری و ڕێکخستنی سعودیە بەڕێوەچوو. خاڵی جێی سەرنجی ئەم کۆنفرانسە ئەوە بوو کە شاندی سعودیە بە سەرۆکایەتی “محەمەد ئەلسلمی”، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاماژەپێکراو، واتا ناوەندی دژە ئێرانی “ڕسانە”، لەم کۆنفرانسەدا ئامادەبوو، و لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا، چەند پۆستێکی دژە ئێرانی لە لاپەڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاوکردەوە.
٣- محەممەد ئەلسلمی پاش بەشداری کردنی لە کۆنفرانسی ئەمنی دوشەنبێ، لەگەڵ بەرپرسانی جۆراوجۆری تاجیکستان کۆبووەوە و چەند بەڵگەنامەیەکی هاوکاریی واژۆ کرد، لەنێویاندا دیدار و ڕێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ “ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی سەرۆکایەتی تاجیکستان” کە گرنگییەکی زۆری هەیە.
٤- بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی دژە ئێرانی “ڕسانە”، تەنیا دوای ماوەیەکی کورت لە گەشتەکەی بۆ تاجیکستان، سەردانی باکۆی پایتەختی ئازەربایجان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی پلە باڵای ئەم وڵاتە کۆبوویەوە. دوای گەشتەکەی بۆ تاجیکستان، ڕاستەوخۆ چووەتە ئۆزبەکستان و لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتەش کۆبووەوە.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم پلانە ١٢٠ میلیۆن خەڵکی فارسی زمانی لەخۆ دەگرێت و لە هەمان کاتدا پێویستە لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی “ڕەسانە” لە وڵاتانی دراوسێی ئێران کە هیچ لێکچوونێکی کولتووری و شارستانییان لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستدا نییە، بکرێت:
– ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە داخستنی ڕێگاکانی نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێو دراوسێکانیدا یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە دەتوانن لانیکەم وڵاتانی ناوچەکە بەرامبەر بە ئێران بێلایەن بکەن.
– دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمن بۆ خۆیان لە وڵاتانی ناوچەکەدا.
– هەماهەنگی تەواوەتی پلانەکانی ئەم بەرەیە لەگەڵ ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان دیارە و ئامانجی هەموویان بەرپەرچدانەوەی نفوزی کۆماری ئیسلامییە لە ناوچەکەدا.
لێدوانەکان