ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێر؛ هێرشی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر باکوری عێراق و سووریا + ڤیدیۆ و وێنە

یەکشەممە 20 تشرینی دووه‌م 2022 - 14:10
https://kurdish.iswnews.com/?p=19713

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای فەرمانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێری، فڕۆکەکانی سوپای تورکیا پێگەکانی گرووپە کوردییەکانیان لە ناوچەکانی باکووری عێراق و سووریا کردە ئامانج.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠ی تشرینی دووەم، خەلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، لەگەڵ ژەنەڕاڵ یاشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپا، جەنەڕاڵ موسا ئەڤسور، فەرماندەی هێزی زەمینی و چەند فەرماندەیەکی دیکەی سەربازی تورکیا، لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە ئامادە بوون و بە فەرمانی وەزیری بەرگری تورکیا ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی “چنگی شمشێر” دەستی پێکرد.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا فڕۆکەکانی تورکیا لە یەک کاتدا هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی مالیکییە، منغ، عەین دقنە، کۆبانێ، عەین عیسا، تەل رەفعەت و .. لە باکووری سووریا. لە عێراقیش فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیای قەندیل و چەندین ناوچەی دیکەیان بۆردومان کرد.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانەکانی ئەو هێرشانە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لەوە کردووە کە ١١ کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی باکوری سووریا کوژراون.

دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی “چنگی شمشێر”، خەلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا بە سوپای تورکیا رایگەیاند “ئێوە ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێرتان بە سەرکەوتوویی تەواو کرد”.

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە وەڵامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا ڕایگەیاند، “بۆردومانکردنی ئەو ناوچانە هەڕەشە لە ئاسایشی تەواوی ناوچەکە دەکات، ئەو هێرشانەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە.”

پێش دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق و سووریا، سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە میانەی وتارێکیدا لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی سەر بە دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی زانی و ڕایگەیاند کە ئەمریکا پشتگیری لەم گرووپە دەکات.

شایانی باسە دەسەڵاتدارانی تورکیا گرووپە کوردییەکانیان وەک هۆکاری تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال لە ناوەندی شاری ئیستەنبوڵ رایگەیاندووە کە لە ئەنجامدا ٦ کەس کوژراون و ٨١ کەسیش بریندار بوون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *