سەنعا: ڕۆژانە زیاتر لە ٨٠ منداڵی تازە لەدایکبوو گیان لەدەست دەدەن

شه‌ممه‌ 19 تشرینی دووه‌م 22 - 08:53
https://kurdish.iswnews.com/?p=19685

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی یەمەن ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی پێداویستی پزیشکی، ڕۆژانە زیاتر لە ٨٠ منداڵی تازە لەدایکبوو گیان لەدەست دەدەن.

دکتۆر نەجیب ئەلقەباتی، ڕاوێژکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی یەمەن (کە بنکەکەی لە شاری سەنعایە) ڕایگەیاند، لەسەدا ٣٩ی منداڵانی تازە لەدایکبوو پێشوەختەن، کە بە بەراورد لەگەڵ پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ساڵی ٢٠١٥دا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلخەبەر ئەلیەمەنی، دەستدرێژیی هاوپەیمانی سعوودیە و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو هۆکاری سەرەکی لەدایکبوونی منداڵی پێشوەختە لە یەمەنە. ئەو چەکانەی کە دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ چەندین جار بەکارهێنانیان لە شەڕی یەمەندا راگەیاندووە و شەرمەزاریان کردووە.

دکتۆر نەجیب ئەلقەباتی هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕۆژانە زیاتر لە ٨٠ منداڵی تازە لەدایکبوو لە یەمەن گیان لەدەست دەدەن.

لە هەمان کاتدا دکتۆر محەممەد ئەلمەنسور، جێگری وەزیری تەندروستی حکومەتی سەنعا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پارێزگای حودەیدە ڕایگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ٢٦٠ هەزار حاڵەتی مردن بەهۆی مەلاریا و تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، و بەردەوامی شەڕ و گەمارۆدانی یەمەن و بۆردومانکردنی ژێرخانەکان بووەتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەکان.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، بارودۆخی ئابووری کە بەهۆی شەڕەوە هاتۆتە ئاراوە، بە توندی کاریگەری لەسەر توانای گەلی یەمەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی داناوە. هەروەها داخستنی بەندەرەکان بووەتە هۆی دواکەوتن و نەگەیشتنی کەلوپەلی پێویست.

ئەلمەنسوور لە درێژەدا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە فشار بخاتە سەر هاوپەیمانی سعوودیە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە و کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا و بەندەری حودەیدە بۆ گەیشتنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام