یادداشت: کامیان بۆ تاڵیبان گرنگترە؟ ئەمریکا یان دراوسێکان؟!
وەزیرانی دەرەوەی هیندستان و ڕووسیا لە کۆبوونەوەیەکیان دا ڕایانگەیاندووە کە تاڵیبان ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بەو وڵاتانە جێبەجێ نەکردووە. ڕەنگە گرنگترین پرسیار ئەوە بێت کە ئایا تاڵیبان بەڵێنی بە هیچ لایەنێکی تر، جگە لە ئەمریکا داوە؟
ئەمریکا و تاڵیبان لە دۆحە ڕێککەوتنێکی فەرمییان واژۆ کرد.
بەگوێرەی هەمان ڕێکەوتن، ئەمریکا جوگرافیای ئەفغانستانی بە ملیارەها دۆلار کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو رادەستی تاڵیبان کرد و دوای ئەوەش هەفتانە بڕێکی زۆر پارەی کاش بە تاڵیبان دەدات (تا ئێستا نزیکەی دوو ملیار دۆلار بە کاش) و لە ڕووی هەواڵگرییەوە، هاوکارییەکی بەرفراوانی لەگەڵ ئەم گرووپە، بەتایبەتی لە بواری سەرکوتکردنی نەیارانی هەیە.
لەلایەکی دیکەشەوە تاڵیبان بەڵێنی داوە هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ناوچەکە دابین بکات و لە هەر کارێک کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێت، خۆیان بەدوور بگرن. ئەم بەڵێنە، هاوکاریی ناوچەیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەکوو ڕووسیا، ئێران و هیندستانیش دەگرێتەوە.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە تا ئەم ساتە هەم تاڵیبان و هەم ئەمریکا بەڵێنەکانیان بەرامبەر یەکتر جێبەجێ کردووە.
ئێستا با دراوسێکان وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە تاڵیبان بە وردی چ بەڵێنێکی بەوان داوە و ئەم بەڵێنانە لەسەر بنەمای کام بەڵگەنامە، گەرەنتی جێبەجێکردنی کراوە؟
ئەوەی کە چەند فەرماندەیەکی ناوخۆیی تاڵیبان بەڵێنی زارەکییان بە هەندێک وڵات داوە بەدڵنیاییەوە وەک ئەو ڕێککەوتنەی کە لە قەتەر لە نێوان ئەمریکا و تاڵیبان واژۆ کراوە، بە جددی وەرناگیرێت.
هەروەها پێویستە ئەو پرسیارەیان ئاراستە بکرێت، کە ئایا وڵاتانی دراوسێ دەتوانن بەرامبەر بەو خزمەتگوزارییەی کە ئەمریکا پێشکەش بە تاڵیبانی کردووە (جوگرافیا + چەک + پارەی کاش + پاڵپشتی سیاسی و هەواڵگریی) پاڵپشتی ئەم گرووپە بکەن بۆ ئەوەی قورسایی تەرازوەکانی هەڵبژاردن بەرەو ئەوان بڕوات، نەک ئەمریکا؟
لێدوانەکان