گرژییەکی نوێی سنووری لە قەرەباغ و سنووری ئازەربایجان و ئەرمینیا

یەکشەممە 13 تشرینی دووه‌م 2022 - 11:59
https://kurdish.iswnews.com/?p=19489

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای ئەم وڵاتە وەڵامی تەقەکردن و هێرشە تۆپخانەییەکانی ئەرمینیای لە ناوچەی واردانیسی پارێزگای گغارکونیکەوە بۆ سەر پارێزگای کەلبجر داوەتەوە. هەروەها پێگەکانی ئازەربایجان لە پارێزگای خوجاڤاند و هێڵەکانی بەرکەوتنی ناوچەی قەرەباغ لە نزیک شوێنی ئاشتیپارێزەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا هێرشیان کراوەتە سەر. بەپێی بەیاننامەی لایەنی ئازەری، سوپای ئەم وڵاتە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکانی ئازەربایجان لە پارێزگای گغارکونیک رایگەیاند کە پێنج سەرباز لە ئەنجامی هێرشی تۆپخانەکاندا بۆ سەر پێگەکانی سەربازی بە سەختی بریندار بوون. سەرچاوە ئەرمەنییەکان لە ناو ناگۆرنو-قەرەباغ لە هێرشەکانی سوپای ئازەربایجان و ترس و دڵەڕاوکێ دانیشتوانی نزیک لە هێڵەکانی بەرکەوتن هەواڵیان داوەتەوە.

هاوڵاتیانی ئەرمەنی ناوچەکە پێیان وایە هێرشەکانی ئەم دواییە بەهۆی توڕەیی بەرپرسانی باکو لە گردبوونەوەی ٥٠ هەزار کەسی لە خان کێندی (ستیپاناکرات) و دژایەتیان بۆ چوونە پال ئازەربایجان ئەنجامدراوە. بە وتەی بەرپرسانی ئەرمەنی لە قەرەباغ، ئێستا ئەو ناوچەیە ١٢٠ هەزار هاوڵاتی بە زۆرینەی ئەرمەنی و کەمینەی کوردی ئێزیدی تێدایە. میدیاکانی حکومی ئازەربایجان ئەم گردبوونەوەیان دروستکراو و بە پێدانی پارە بە خەڵک ناوبردووە.

پێنجشەممەی ڕابردوو، نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا نیگەرانی خۆی لە بەردەوامیی گرژییە سنوورییەکان و هێڵەکانی بەرکەوتن دەربڕی و ڕایگەیاند: ئازەربایجان بە هێرشەکانی هەوڵدەدات ئەرمینیا بە پێشێلکردنی ئاگربەستی مۆسکۆ و بەیاننامەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی سوچی تۆمەتبار بکات. ناوبراو هەروەها داوای دروستکردنی ناوچەیەکی بێلایەنی پاراستن لە هێڵەکانی بەرکەوتنی ناگۆرنۆ- قەرەباغ کردەوە.
نەیارانی پاشینیان بەهۆی وەڵام نەدانەوەی هێرشەکانی ئازەربایجان و بەرگری نەکردن لە مافی ئەرمەنییەکانی قەرەباغ، ناوبراوی بە خائین ناو دەبەن.

میدیاکانی دەوڵەتی کۆماری ئازەربایجان لەوە زیاتریش ڕۆیشتوون و ئەمجارەیان باس لە دۆزینەوەی مینە دروستکراوەکانی ڕووسیا لە ناوچەی چۆڵکراوی ئاغدام کردووە کە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بەرهەم هێنراون. ئەم سەرچاوانە هێشتا بەڵگەیان لەمبارەیەوە نەخستۆتەڕوو. جێی ئاماژەیە کە سوپای ئەرمینیا بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، ناوچەی ئاغدامی داگیرکراوی بۆ ئازەربایجان گەڕاندەوە.

بەپێی شیکردنەوەی “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، سیاسەتی دژە ئەرمەنی لە ئازەربایجان تا ئێستاش بە شێوەی دروستکردنی گرژی، تەقەکردن و پێشێلکردنی ئاگربەست و تۆمەتبارکردن پەیڕەو دەکرێت. چالاکوانانی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی ئەم وڵاتە هەروەها پێیان وایە دامەزرێنەرانی ئەم سیاسەتە هەوڵ لە پەردەپۆشکردنی ناسەقامگیری ئابووری و گەندەڵی دەدەن، هاوشان لەگەڵ ئەو دیکتاتۆرییەی کە حکومەتی ئازەربایجان لێی بەرپرسە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *