ڕووسیا بە تەواوی لە ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ کشایەوە

شەممە 12 تشرینی دووه‌م 2022 - 19:03
https://kurdish.iswnews.com/?p=19479

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای پاشەکشەی سوپای ڕووسیا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ، سوپای ئۆکرانیا توانی ٤٨٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە پارێزگاکانی خێرسۆن و میکۆلایڤ کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.

دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری کشانەوەی سوپای ڕووسیا لە ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ لەلایەن سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕووسیا لە ٩ی ئەم مانگە، هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ بە رووبەری ٤٨٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە کشانەوە. لەم پاشەکشەیەدا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێشڕەوی سوپای ئۆکرانیا، سوپای ڕووسیا چەندین پرد و ڕێڕەوی پەیوەندی نێوان ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دنیپرۆ، لەوانە پردی ئەنتۆنیڤسکی و کاخۆڤکا لەناوبرد.

سوپای ڕوسیا بە کشانەوەی لە شاری خێرسۆن و ناوچەکانی باکوری، جگە لە ڕادەستکردنی سەرچاوە ئابوریەکان، کەناراوەکانی زیاتری دەریای ڕەشی ڕادەستی حکومەتی ئۆکرانیا کرد و کێشەی سەرکردەکانی مۆڵدۆڤا و ناتۆی کەم کردەوە سەبارەت بە ئەگەری لەشکەرکێشی ڕووسەکان بەرەو سنوورەکانی کۆماری ترانسنیستریا.

پێشتر یەکێک لە سیناریۆ ئەگەرییەکان بۆ ئاراستەی هێرشەکانی داهاتووی سوپای ڕووسیا لە باشووری ئۆکرانیا، پێشڕەوی بەرەو پارێزگاکانی میکۆلایڤ و ئۆدێسا و دواجار سنوورەکانی کۆماری ترانسنیستریا لەگەڵ ئۆکرانیا بوو. بەڵام ئەم پاشەکشەیە ئەم ئەگەرە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەوە نیشان دەدات کە سوپای ڕووسیا هیچ پلانێکی بۆ داگیرکردنی باشووری ئۆکرانیا و گەیشتن بە سنووری مۆڵدۆڤا نییە.

ئەوەی دیارە بەم کارە ڕووسیا ڕووباری دنیپرۆی وەک سنووری خۆی لەگەڵ ئۆکرانیا داناوە و هەوڵدەدات کەڵک لەم پرسە لە دانوستانەکانی داهاتوودا لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان وەربگرێت. هەروەها ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی ڕووسیا بە درێژایی ڕووباری دنیپرۆ و هەنگاونان بەرەو ناوچەکانی باکووری پارێزگای زاپۆریژیا و تەنانەت چوونە ناو پارێزگای دنیپرۆپترۆڤسکیش لە چەند مانگی داهاتوودا هەیە.

بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ کشانەوە بەردەوامەکانی ڕووسیا لە میحوەری باکووری ئۆکرانیا و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای خارکیڤ و ئێستا ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ، ئەگەری زیادبوونی ململانێکان و بەردەوامبوونی شەڕ لە ئۆکرانیا زۆر کەم بووەتەوە، و پێدەچێت ڕووسەکان مەرجی پێویستیان بۆ بەردەوامبوون لە شەڕەکە لەدەستدابێت! بۆیە سەرکردەکانی ڕووسیا لەبری داڕێژانی ئۆپەراسیۆنی نوێ، تامەزرۆی دانوستان یان ڕەنگە چاوەڕێی ڕووداوێکی نوێ و چاوەڕواننەکراو لە شەڕدا بن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *