بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیی هایپرسۆنیکی پێشکەوتوو لەلایەن ئێرانەوە

هه‌ینی 11 تشرینی دووه‌م 2022 - 11:20
https://kurdish.iswnews.com/?p=19433

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەریق حەسەن تارانی موقەدەم، بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی هایپەرسۆنیکی ڕاگەیاند.

ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەراوێزی یادی ١١ ساڵەی شەهیدبوونی سەردار حەسەن تارانی موقەدەم وتی: بە فەزڵی خودا توانیمان مووشەکی پێشکەوتووی بالیستیکی هایپەرسۆنیک بەرهەم بهێنین، کە دەتوانێت لە ناوچەیەک کە گرنگترین و پێشکەوتووترین سیستەمی قەڵغانی بەرگری مووشەکی هەبێت، بەناویاندا تێپەڕێت و هەمان سیستەمی قەڵغانی مووشەکی بکاتە ئامانج.

ئەم سیستەمە خێراییەکی زۆر بەرزی هەیە و توانای مانۆڕی لە بۆشایی ئاسمانیشدا هەیە. هەم سیستەمی بەرگری ئاسمانی کە لە ناو بەرگەهەوا کار دەکەن و هەم ئەو سیستەمە گرانبەهایەی کە بەرپەرچی مووشەکەکانی لە دەرەوەی بەرگەهەوا دەدەن، ئەم مووشەکە نوێیەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەموویان تێدەپەڕێنێت و پێموانییە تا چەند دەیەی داهاتوو تەکنەلۆجیایەک هەبێت کە بتوانێت بەرپەرچی بداتەوە. ئەم مووشەکە پێشکەوتنێکی گەورە لەم جۆرە مووشەکانەیە.

مووشەکی بالیستیکی هایپەرسۆنیک بریتییە لە مووشەکێک کە بە خێرایی زیاتر لە ٥ بۆ ٢٥ هێندەی خێرایی دەنگ دەڕوات. لە ئێستادا تەنیا وڵاتانی ڕووسیا، ئەمریکا، چین، کۆریای باکوور و هیندستان دەستیان بەم تەکنۆلۆژیایە گەیشتووە. جگە لەوەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بانگەشەی دروستکردنی سیستەمێکی بەرگری مووشەکی کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیک، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگە و وێنەیەک لەسەر ئەم بانگەشەیە بڵاونەکراوەتەوە.

مووشەکی هایپەرسۆنیک یەکێکە لە نوێترین تەکنەلۆجیاکانی هێزی مووشەکی، ئەمەش وا دەکات دەستی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا یان ئیسرائیل کراوەتر بێت. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئێران سێ پەیامی سەربازی گرنگی ئاراستەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە، کە گرنگییەکی زۆریان هەیە: ١- هەڵدانی مووشەکی قائیم ١٠٠ تایبەت بە مانگی دەستکرد کە مەرجی پێشوەختەیە بۆ هەڵدانی مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا یان کیشوەربڕ. ٢- پەردەلادان لەسەر مووشەکی بەرگری سەیاد B4، کە توانای بەرپەرچدانەوەی ئامانجە ئاسمانییەکان لە مەودای زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆمەتری هەیە. ٣- دروستکردنی مووشەکی هایپەرسۆنیک یان سوپەرسۆنیک.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *