ئیمامعەلی ڕەحمان سەرجەم دەسەڵاتی سیاسی و حکومییەکانی ڕادەستی کوڕەکەی دەکات

سێ شه‌ممه‌ 8 تشرینی دووه‌م 2022 - 22:08
https://kurdish.iswnews.com/?p=19350

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئیمامعەلی ڕەحمان، سەرۆکی تاجیکستان بەنیازە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دەسەڵاتەکانی ڕادەستی کوڕە گەورەکەی ڕۆستەم ئیمامعەلی بکات.

لە ٦ی ئەم مانگە، چەند سەرچاوەیەک لە کۆشکی سەرۆکایەتی تاجیکستان، بڕیارەکەی ئیمامعەلی ڕەحمان سەبارەت ڕادەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەرجەم دەسەڵاتە حکومییەکانی بە کوڕە گەورەکەی “ڕۆستەم ئیمامعەلی”، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی نیشتمانی تاجیکستان لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە.

ئیمامعەلی ڕەحمان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی بەرپرسانی باڵای ڕووسیا و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ ئەم مەبەستە دەستیپێکردوە و چەندین جار ڕاوێژی لەگەڵ ئەو لایەنانە کردووە. هەر لەو پێوەندییەدا، ئیمامعەلی ڕەحمان، لە میانەی سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە ٨ی تەمووزی ئەمساڵ، داوای لە ڕووسیا کرد لە بەرامبەر هاوکارییەکانی تاجیکستان لە ڕووسیا لەبەرامبەر گەمارۆکانی ڕۆژئاوا، پشتیوانی لە جێنشینی کوڕەکەی بکات. بەڵام لەم سەردانەدا بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ڕەحمان، پوتین دژایەتی خۆی بۆ ئەم پلانە ڕاگەیاند و کوڕەکەی ناوبراوی ئاگادار کردەوە کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا نزیک نەبێتەوە.

ناکۆکییەکانی پوتین و ئیمامعەلی ڕەحمان لەسەر ئەم بابەتە لە وتارە مانادارەکەی ڕەحمان، لە میانەی کۆبوونەوەی گەلانی کۆمۆنوێڵت لە شاری ئاستانەی پایتەختی کازاخستان لە ١٥ی تشرینی یەکەم بە ڕوونی دیارە. ڕەحمان لەم دیدارەدا لە وتارێکدا بۆ پوتین وتی: “ئێمە نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و کولتوورێکی تایبەتین، چاوەڕوانیش دەکەین ڕێزمان لێ بگیرێت. ئێمە وڵاتێکی هەژار نەبووین و لەڕووی سەرچاوە کانزاییەکانەوە بە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر هەژمار دەکرێین. ئێمە هەمیشە ڕێزمان لە ڕووسیا گرتووە وەک هاوبەشی ستراتیژی سەرەکیمان، بۆیە پێویستە ڕێزمان لێ بگیرێت. ئێمە دەمانەوێت وەک وڵاتانی دیکە مامەڵەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانمان لەگەڵدا بکرێت و پێویست ناکات پارەیەکی زۆر بۆ ئەمە خەرج بکەین”.

“ڕۆستەم کوڕە گەورەی “ئیمامعەلی ڕەحمان”ە و لە ساڵی ١٩٨٧ لەدایک بووە. ناوبراو دوای وەرگرتنی پۆستی سەرەکی لە وەزارەتی ئابوری و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تاجیکستان و دامودەزگاکانی تری حکومی، لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ شارەوانی دوشەنبێ هەڵبژێردرا و هاوکات لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٠ بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی تاجیکستان. سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی تاجیکستان دووەم پۆستی سیاسی-حکومەتی تاجیکستانە و بەپێی یاسای فەرمی ئەم وڵاتە لە ئەگەری مردنی لەناکاو یان بێتوانایی جەستەیی سەرۆک کۆمار، دەسەڵاتەکە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی تاجیکستان دەگوازرێتەوە. بۆیە هەموو ڕێگا سیاسی و ئیداریەکان بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی تاجیکستان بۆ ڕۆستەم ئیمامعەلی خۆش کراوە و بۆچوون و هەڵوێستی سیاسی پوتین و سەرۆکانی وڵاتانی دیکە ناتوانێت گۆڕانکاری لە داهاتووی سەرۆکایەتی تاجیکستان بکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *