دووەم گەورەترین خۆپیشاندانی نەیارانی حکومەتی پاکستان؛ دەستپێکردنی ڕێپێوانی لایەنگرانی عیمران خان بەرەو پایتەخت

یەکشەممە 30 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 09:01
https://kurdish.iswnews.com/?p=19000

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ خۆپیشاندانی نەیارانی حکومەت لە پاکستان بە سەرکردایەتی عیمران خان، سەرۆک وەزیرانی لەکارلادراوی پاکستان، لەکاتێکدا بەرەو ئیسلام ئاباد دەستیپێکرد، کە گێژاوی سیاسی لەم وڵاتە قووڵتر بووەتەوە و هەڵوێستەکانی دژ بە کوتلەی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت لە لایەن دامەزراوەی سەربازی بەهێزی ئەم وڵاتە، هەروەها چڕتر بوونەتەوە.

میدیاکانی پاکستان بڵاویانکردەوە، عیمران خان لە پێنج مانگی ڕابردوودا دووەمین خۆپیشاندانی گەورەی خۆی بەناوی “لانگ مارچ”، بە دروشمی “رێپێوانی ئازادی” لە شاری لاهور ناوەندی ویلایەتی پەنجابەوە دەستپێکردووە.

ئەم ڕێپێوانە کە لە لاهورەوە بە ئامادەبوونی دەیان هەزار چالاکوانی سیاسی حیزبی تەحریکی ئینساف و لایەنگرانی دەستی پێکردووە، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە یان هەینی پاش تێپەڕبوون بە چەند شارێکدا بچێتە ناو ئیسلام ئاباد.

عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، کە حکومەتی ئێستای وڵاتەکەی بە ساختەکاری و بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی بژێوی ژیان و هاوکاری لەگەڵ زلهێزە بیانییەکان تۆمەتبار دەکات، ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکی ڕێپێوانە گەورەکەی ڕاگەیاندنی “هەڵبژاردنی پێشوەختە”ـیە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی نەیارانی حکومەت لە شاری لاهور، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان وەک دوا وێستگەی عیمران خان چڕترکراوەتەوە و ئەم شارە وەک قەڵایەکی ئەمنی لێهاتووە. و هەموو ئەو ڕێگایانەی کە دەچنە ناوچە هەستیارەکان لەوانە ناوچەی دیپلۆماسی، بیناکانی سەرۆکایەتی، نووسینگەی سەرۆک وەزیران، پەرلەمان و دادگای باڵا داخراون. هەزاران هێزی ئەمنی لە نێویاندا هێزەکانی پۆلیس و دژە تیرۆر لە ناوچە جیاجیاکانی ئیسلام ئاباد جێگیر کراون.

لە هەمان کاتدا وەزیری ناوخۆی پاکستان بە داننان بە مافی ئۆپۆزسیۆن و لایەنە سیاسییەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و ئەنجامدانی خۆپیشاندان، هۆشداریدا لەوەی هەر ئاژاوەگێڕی لە ئیسلام ئاباد یان هێرشکردنە سەر ئیسلام ئاباد یان توندوتیژی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بە کاردانەوەی خێرا و توندی هێز و دامەزراوە ئەمنییەکان وەڵام دەدرێتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *