ڕووسیا: ئۆکرانیا خەریکی دروستکردنی بۆمبێکی پیسە!

سێشەممە 25 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 17:39
https://kurdish.iswnews.com/?p=18840

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وەزیرانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئیدیعای ڕووسیایان ڕەتکردەوە کە وتبووی ئۆکرانیا هەوڵی دروستکردن و بەکارهێنانی بۆمبی پیس دەدات.

دوای چەندین جار ئیدیعای دەسەڵاتدارانی ڕووسیا سەبارەت دروستکردنی بۆمبی وێرانکەر لەلایەن ئۆکرانیاوە، سێرگێی شویگۆ، وەزیری بەرگری ڕووسیا، لە ٢٣ی ئەم مانگە رایگەیاند کە زانیاری لەبارەی هەوڵی ئۆکرانیا بۆ بەکارهێنانی بۆمبی پیس یان ئەتۆمی سنووردار لە باشووری ئەم وڵاتە هەیە. ناوبراو وتیشی، كار بۆ دروستكردنی ئه‌م بۆمبه‌ له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌ و مه‌به‌ست له‌م كرده‌وه‌یه‌ تۆمه‌تباركردنی ڕووسیایه‌ به‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كۆكوژ و دروستکردنی هه‌ڵمه‌تێكی سه‌رتاسه‌ری دژ به‌ ڕووسیا.

دوابەدوای ئەم ئیدیعایە وەزیری بەرگری ڕووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتاکانی لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و تورکیا کرد و لەمبارەیەوە هۆشداریی دا.

کاربەدەستانی وڵاتانی رۆژئاوا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند کە ئەم بانگەشانە هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵەکانی ڕووسەکان بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەویی سوپای ئۆکرانیا لە بەرەکانی باشووری ئەم وڵاتە. هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ئەم هەواڵانەی ڕەتکردەوە و وتی: “ڕووسیا ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و بۆمبی پیس لەسەر خاکی ئۆکرانیا دەکات. هەموو ئەو پیسییەی لەم شەڕەدا هەیە هۆكاری ڕووسیایە!” زێلێنسکی هەروەها ئاماژەی بە مەترسییەکانی کۆنترۆڵکردنی ڕووسیا بەسەر دامەزراوەی ئەتۆمی زاپۆرۆژیا کرد و داوای کرد جیهان لەم ڕووەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووسیا بکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دوای لێدوانەکانی ڕووسیا بڕیاریداوە کەسانی پسپۆڕ بنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە دروستکردنی بۆمبێکی پیس لەلایەن ئۆکرانیا.

بۆمبی پیس بۆمبێکی تێکدەرە کە لە پاشماوەی ئەتۆمی و ماددە تیشكدەرەکان دروست دەکرێت و بەپێی بەکارهێنانی لە سێ پۆلدا دروست دەکرێت، بچووک و مامناوەند و گەورە. دوای تەقینەوەکە ئەم بۆمبە ماددەکانی وەک چەکی کیمیایی و میکرۆبی لە ناوچەیەکی فراواندا بڵاودەکاتەوە. بێگومان قەبارەی تەقینەوە و زیانەکانی ئەم بۆمبە بەقەد بۆمبی ئەتۆمی بەرفراوان نییە، بەڵکو قوربانییەکانی چەندین ساڵ و بۆ چەند نەوەیەک لە زیانی تێکدەرانەی دەناڵێنن و ئەو ناوچەیەی کە تێدا بەکاردەهێنرێت بۆ کاتێکی نادیار پیس دەبێت و ناتوانرێت بەکاری بهێنرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *