دوایین هەواڵەکانی شەڕی چەکداران لە ناوچەی عەفرین، ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢

دووشەممە 24 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 17:52
https://kurdish.iswnews.com/?p=18806

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە چەند رۆژی رابردوودا و دوای رێككەوتنی تەحریر شام و جەیش ئەلوەتەنی بۆ رادەستكردنی شاری عەفرین لە پارێزگای حەلەب بە هێزە چەكدارەكانی جەیش ئەلوەتەنی، هێزەكانی تەحریر شام دەستیان بە چۆڵكردن و دەرچوونیان لەم شارە کردووە.

بەگوێرەی هەندێک لە سەرچاوە ناوخۆییەكان، ئەم بڕیارە دوای فشار و نێوەندگیری توركیا دراوە، بەڵام تەنیا بەشێک لە هێزەكانی تەحریر شام عەفرینیان بەرەو ئیدلب بەجێ هێشتووە و ژمارەیەک هێزی سەربازی، ئەمنی و كارمەندی مەدەنی ئەم گروپە تا ئێستاش لەم شارەدا ماونەتەوە و ڕەتدەکەنەوە ناوچەکە بەجێبهێڵن.

هەر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی تەحریر شام گوندی کەفەرجەنەیان بەجێهێشتووە و هێزە چەکدارەکانی جەیش ئەلوەتەنی چوونەتە ناو گوندەکە. ڕۆژی رابردوو هەروەها لە میانەی ئۆپەراسیۆنی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لە شارۆچکەی ئەلباسوتە لە باشووری عەفرین ١٣ چەکداری تەحریر شام و ٢٧ چەکداری جەیش ئەلوەتەنی ئاڵوگۆڕ کران.

لەم ڕووەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای تورکیا ژمارەیەک خاڵی پشکنینی لە ناوچەکانی دێربەلووت، ئەلغەزاویە و چەند شوێنێکی دیکە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی هێزەکانی تەحریر شام بۆ عەفرین و کەمکردنەوەی ململانێکان دامەزراندووە. وەک دەگوترێت سوپای تورکیا ڕێگری لە تێپەڕبوونی هێزەکانی تەحریر شام بەرەو ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەتی ناوچەی عەفرین کردووە.

ئەوەی دیارە تورکیا بە نیازە بە دروستکردنی بەربەست و خاڵی پشکنین ڕێگری لە ناردنی هێزی زیاتری تەحریر شام بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بکات، بۆ ئەوەی ئەم کارە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی کشانەوەی چەکدارانی تەحریر شام لە ناوچە داگیرکراوەکان و کۆتایی هاتنی ناکۆکییەکان.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *