پیلانگێڕی نوێی ئیسرائیل بۆ زیادکردنی نفوزی لە کۆماری ئازەربایجان و باکووری ئێران

دووشەممە 17 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 17:37
https://kurdish.iswnews.com/?p=18561

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەپێی زانیارییەكانی میدیاكانی رۆژئاوا، رژێمی زایۆنیستی بە دامەزراندنی كەمپێكی پەنابەرانی جوولەكە لە كۆماری ئازەربایجان، جولەكەكانی ڕووسی لە سنوورەکانی باكووری ئێران جێگیر دەكات.

ماڵپەڕی ” میدل ئیست مۆنیتەر” رۆژی شەممە بە پشت بەستن بە “جەروسەلم پۆست” نووسیویەتی، ئیسرائیل بۆ یارمەتیدانی جوولەکەکانی ڕووسیا و بەجێهێشتنی ئەو وڵاتە، کەمپێکی کاتی بۆ پەنابەرانی جوولەکە لە کۆماری ئازەربایجان دروست دەکات. بۆیە ڕژێمی زایۆنیستی بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو جوولەکانە تەرخان کردووە کە بەنیازن لە ڕووسیا کۆچ بکەن.

وەک دەوترێت هۆکاری ئەمەش یارمەتیدانی جولەکەکانی ڕووسیا و ڕێگریکردنە لە ڕەوانەکردنیان بۆ شەڕی ئۆکرانیا. شایانی باسه‌ دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ئۆكرانیا به‌ هۆی پشتیوانیی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل له‌ حكومه‌تی ئۆكرانیا و یارمه‌تی سه‌ربازی و ڕاوێژكاری بۆ ئه‌م وڵاته‌، په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان ڕووسیا و ڕژێمی زایۆنیستی تێكچووه‌.

ڕژێمی زایۆنیستی بە دامەزراندنی کەمپی پەنابەران لە خاکی کۆماری ئازەربایجان، دەتوانێت دوو ئامانجی هەبێت: ١- ڕێگریکردن لە ناردنی جوولەکەکان بۆ ئۆکرانیا و شەڕی سیاسی لەگەڵ ڕووسیا. ٢- نیشتەجێ کردنی جوولەکەکان لە سنوورەکانی باکووری ئێران و بە جوولەکە کردن و نفوزی زیاتر لە کۆماری ئازەربایجان بە بیانووی جوولەکەکان.

لەم دواییەدا و لە ٣ی تشرینی یەکەم و لە نێوان گرژی و ئاڵۆزییەکانی سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، بێنی گانتز، وەزیری جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەشتێکی چاوەڕواننەکراودا گەیشتە ئازەربایجان و لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆمار و زاکیر حەسەنۆڤ وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە لە باکۆ کۆبووەوە. ناوبراو هەروەها لەگەڵ بەرپرسی هێزی پاسەوانی سنووری کۆماری ئازەربایجان، ئێلچین قۆلیف، کۆبووەوە و سەردانی بارەگای هێزی پاسەوانی سنووری کۆماری ئازەربایجانی کرد! ئەم گەشتە تا گەڕانەوەی گانتز بۆ فەلەستینی داگیرکراو بە نهێنی مایەوە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئازەربایجان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. ڕێککەوتنەکانی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ڕژێمی زایۆنیستی لە بواری گواستنەوەی ئاسمانی، ئەمنیەتی سایبەری (ئەلیکترۆنی)، گرێبەستی سەربازی زیاتر، بوونی ڕاوێژکارانی ئیسرائیلی لە ئازەربایجان و .. لەو بابەتە گرنگانەن کە دەتوانرێت لەم بوارەدا تاوتوێ بکرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *