وەڵامی سعوودیە بۆ هەڕەشەکەی ئەمریکا: هیچ گوشارێک قبوڵ ناکەین!

هه‌ینی 14 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 18:56
https://kurdish.iswnews.com/?p=18459

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ له‌ وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بەیاننامەیەک بڵاو کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند که‌ وڵاته‌که‌ی هیچ هەڕەشە و گوشارێک قبوڵ ناکات که‌ ببێته‌ هۆی لادانی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که‌ بۆ پاڵپشتی ئابووری جیهان دراوە.

دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری نوێی ڕێکخراوی ئۆپێک پلاس بۆ کەمکردنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن هەڕەشەی لە بەرپرسانی حکومەتی سعوودیە کرد و ڕایگەیاند کە هەنگاوەکانی ئۆپێک پلاس لێکەوتەی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی ئەمریکا و سعوودیە دەبێت.

ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ به‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ بڕیاری ئه‌م دواییه‌ی ئۆپێک پلاس، كه‌مكردنه‌وه‌ی زۆری دابینكردنی نه‌وت له‌ لایه‌ن ئه‌م ڕێكخراوه‌وه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی وزه‌ی جیهان زانی و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌ گوشارێک بۆ سه‌ر ئابوری جیهان راگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە هەروەها لە وەڵامی دژایەتی زۆری ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، دەنگۆی رێکەوتنی سعوودیە و ڕووسیای لەم بارەیەوە ڕەتکردەوە و رایگەیاند: بڕیارەکەی ئۆپیک پلاس بە کۆدەنگیی تەواوی ئەندامانی ئەم گروپە دراوە. ڕیاز لە ڕوانگەیەکی ستراتژیەوە و لە ئاست بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دوو وڵاتدا سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات. ئێمە هیچ هەڕەشە و گوشارێک قبوڵ ناکەین و هەر کارێک بۆ لادانی ئامانجەکانی پشتیوانیکردن لە ئابووری جیهانی ڕەتدەکەینەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی تشرینی یەکەم، نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێک پلاس لەسەر پلانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە ڕێککەوتن. ئەم کەمبوونەوەیە لە دابینکردندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فشارێکی زیاتر لەسەر وڵاتانی ئەوروپا و هاوکارییەکی دارایی گەورە بۆ ڕووسیا دروست ببێت. بەدڵنیاییەوە ئەم پرسە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر شەڕی وزەی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپا و زستانی داهاتوو بۆ ئەوروپییەکان قورستر دەکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *