نازم دەباغ: بنکە و بارەگای گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هەرێم دادەخرێن
نوێنەری حكومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە ئاماژە بە ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای گرووپەکانی دژبەری شۆڕش، لە پاش هۆشداری بە بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگری لە چالاکییەکانی ئەو گرووپانە، وتی: بۆ ئێمە قبووڵکراو نییە گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان ببنە جێی نیگەرانی و لە ئەگەری بەردەوامی چالاکی چەکداریی ئەوان، ئەمجارە بڕیاری جیدیمان دەبێت.
پاش جموجوڵی تیرۆریستیی گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بنکە و بارەگای ئەو گرووپانە لەم ماوەیەدا لە هەرێمی کوردستان بووە ئامانجی هێرشی درۆنەکان و تۆپخانەکانی سوپای پاسداران.
چەند سەرچاوەیەک بە ئاماژە بە ڕاگرتنی هێرشەکان، پاش لەناوبردنی ئامانجە دیاریکراوەکان، بەردەوامی هێرشەکانیان بۆ چۆنیەتی هەڵسووکەوتی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان گەڕاندووەتەوە و هۆشداری ئەوەیان داوە کە ئەگەر بەرپرسانی هەرێم بڕیاری گونجاویان نەبێت و ڕێگری لە چالاکی و کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەو گرووپانە لە دژی ئێران نەکەن، هێرشەکان دەست پێدەکاتەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمنی هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستان چی گوزەرا؟
نازم دەباغ لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ ئاژانسی ئێرنا سەبارەت بە هەنگاوەکانی ڕێگری لە چالاکی گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی کە بنکە و بارەگایان لە هەرێمی کوردستانە، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانەوە، نیگەرانی خۆیی لە سەر چالاکی گرووپە کوردییە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە.
ناوبراو وتی: سێ مانگ بەر لە ئێستا و جارێکی دیکەش نزیکەی 20 ڕۆژی ڕابردوو، کۆمیتەی ئەمنی هاوبەش لە تاران و هەولێر چەند کۆبوونەوەیەکیان هەبوو کە لەو کۆبوونەوانەدا سەبارەت بە پتەوکردن و توندووتۆڵکردنی ئاسایشی سنورەکان هەندێک بڕیار درا و جەخت لەوەش کرایەوە کە نابێت گرووپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان چالاکی چەکدارانە یان مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان لە خاکی هەرێمی کوردستان هەبێت و بۆ ماوەیەک ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەوانمان بینی تا ئەم دواییە کە لە ناوخۆی ئێران هەندێک ڕووداو هاتە پێشەوە.
بنکەی گرووپە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە هەرێم چۆڵ دەکرێت
نازم دەباغ وتی: لە کۆبوونەوەی شاندە هاوبەشەکانی کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وتووێژی باش کرا و بڕیار درا دەبێت بنکە و بارەگای ئەو گرووپانە لە خاکی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکرێت کە لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەداین و بابەتێکی سەرەکی تاوتوێ دەکرێت کە ئایا مەبەست تەنیا بنکە سنورییەکانە یان سەرجەم ئەو بنکە و بارەگایانەش دەگرێتەوە کە لە سەردەمی حکومەتی سەدامەوە تا ئێستا بوونیان هەیە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران وتی: حکومەتی هەرێم بەردەوام ڕایگەیاندووە کە موڵەتی ئەوە نادات لە خاکی خۆیەوە چالاکی لە دژی وڵاتانی دراوسێ هەبێت و ئەمەش وەک سیاسەتێکی ستراتیژی بە گرووپە کوردییە ئێرانییەکان ڕاگەێندراوە.
پاراستنی ئاسایشی دراوسێکان سیاسەتی ستراتیژیی ئێمەیە
نازم دەباغ وتی: خۆمان پابەندی ئەوە دەزانین کە موڵەتی ئەوە نەدەین هەندیک گرووپ ببنە هۆکاری نیگەرانیی ئێران و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوە نیگەرانە کە ئەو گرووپانە بە چالاکی سەربازی و چەکداریی خۆیان ببنە پاساوی بۆردومانکردنی هەرێم و گیان و ماڵی خەڵکی ئێمە بکەوێتە مەترسییەوە.
ناوبراو وتی: گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران دەیان ساڵە لە کوردستانی عێراقن و ئێمە تا ڕادەیەک چالاکییەکانی ئەوانمان کۆنتڕۆڵ کردووە و وامان کردووە کە پابەندی ڕێکەوتنەکان بن بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس و گرووپ لە بارودۆخەکە سوودی خەراپ وەردەگرن و کاتێک ڕوبەڕوی هۆشداری ئێمە و کاردانەوەکانی ئێران دەبنەوە، جموجوڵەکانیان ڕادەگیرێت.
ئەمجارە سەبارەت بە گرووپە کوردییەکانی ئێران بڕیاری جیدیمان دەبێت
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: نابێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی دیکە یان هێزێکی چەکداری دیکە ئەوەی بیەوێت جێبەجێی بکات، ئەگەر گرووپە کوردییە ئێرانییەکان پابەندی ڕێکەوتنەکان نەبن و گرنگی بە هۆشدارییەکانی ئێمە بۆ ڕاگرتنی چالاکییە چەکدارییەکان لە دژی ئێران نەدەن، بە دڵنیاییەوە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەوان بڕیاری جیدیی دەبێت.
نازم دەباغ وتی: ئێمە بەردەوام و لە قۆناغە جیاجیاکاندا ئەو گرووپانەمان ئاگادار کردووەتەوە و هۆشداری ئەوەمان داوە کە ئەگەر درێژە بە جموجوڵەکانیان بدەن و پێداگری لەو هەڵوێستانەیان بکەن کە لە میدیاکانەوە باسی دەکەن و کێشە بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بخوڵقێنن، ناچار دەبین بە ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ هەڵسووکەوتیان لە گەڵ بکەین.
ناوبراو سەبارەت بە هۆشداریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئامادەبوونیان لە بنکەی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری شۆڕش، وتی: هیچ یەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لە گەڵ گرووپە نەیارەکانی ئێران نییە و کۆبوونەوە و سەردانەکانی ئەوان بۆ بنکەی ئەو گرووپانە تەنیا بۆ دانوستان و گەیاندنی پەیام و سنوردارکردنی بەشێک لە چالاکییەکانی ئەوانە کە بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان بووەتە جێی نیگەرانی.
جام کوردی
لێدوانەکان