ئەنساروڵڵا بەرپەرچی هێرشێکی هاوپەیمانی سعوودیەی لە بەرەی یافع دایەوە

شەممە 8 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 00:37
https://kurdish.iswnews.com/?p=18235

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێرشی هێزەکانی ئەلعمالقە و ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور بۆ سەر پێگەکانی ئەنساروڵڵا لە میحوەری ئەلحەد یافع لە نێوان پارێزگاکانی بەیزا و لەحج شکستی هێنا.

بەرەبەیانی ٧ی تشرینی یەکەم، دوای ئەو گرژییەی کە هێزەکانی ئەلعمالقە لە ناوچەی حەبج، لە نێوان ئیدارەی زاهیر لە پارێزگای بەیزا و ئیدارەی یافع لە پارێزگای لەحج دروستیان کرد، هێزەکانی ئەنساروڵڵا هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ئەلجەبانە، ئەلهەزبە و بەرزاییەکانی نزیک جەبەل ئەلعار و بە گەمارۆدانی هێزەکانی ئەلعمالقە زیانی قورسی گیانی و ماددیان بەو هێزانە گەیاندەوە کە لەلایەن هاوپەیمانی سعوودیەوە پاڵپشتی دەکرن. لە درێژەی ئەم پێکدادانانەدا، هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور بۆ پشتیوانیکردن و ڕزگارکردنی هێزەکانی ئەلعمالقە لە گەمارۆی ئەنساروڵڵا، ڕەوانەی ناوچەکە کران و ئێوارەی ڕۆژی رابردوو (هەینی) شەڕ و پێکدادانەکان دەستیپێکردەوە. لە ئێستادا ئەنساروڵڵا لەم بەرەیەدا گوشارەکانی بۆ سەر ئەلعمالقە کەم کردۆتەوە و هێڵەکانی بەرەی یافعیش بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک بۆ دۆخی پێشوویان گەڕاونەتەوە.

لە ئەنجامی ئەم پێکدادانانەدا لانیکەم ١٠ کەس لە هێزەکانی ئەلعمالقە و ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور کوژران و زیاتر لە ٤٠ کەسیش بریندار بوون. ئەنساروڵڵا هیچ وردەکارییەکی لەبارەی زیانە گیانی و ماددیەکانی لەم ململانێیەدا نەخستووەتەڕوو.

دوابەدوای نوێنەکردنەوەی ئاگربەستی پێشنیارکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن، پێکدادان و ئاڵوگۆڕی تەقە لە میحوەرەکانی مارب و بەیزا دەستی پێکردۆتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کێشە و ناکۆکییانەی کە لە نێوان گروپەکانی سەر بە هاوپەیمانی سعوودیە (حیزبی ئیسڵاح و لایەنەکانی دیکە) دروست بووە، پێشبینی دەکرێت لە شەڕەکانی داهاتووشدا ئەنساروڵڵا دەستی باڵای هەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *