بەردەوامی ململانێی سنووری نێوان قرقیزستان و تاجیکستان؛ ژمارەی قوربانیانی هەر دوولا بۆ زیاتر لە ٣٦٠ کوژراو و بریندار بەرزبوویەوە + ڤیدیۆ

دوو شه‌ممه‌ 19 ئه‌یلول 22 - 15:44
https://kurdish.iswnews.com/?p=17601

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان قرقیزستان و تاجیکستان، شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی بادکەند و سوغد بەردەوامە.

دوای پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان حکومەتەکانی تاجیکستان و قرقیزستان لە ١٦ی ئەیلول، هەردوو وڵات لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە نیوەڕۆی هەمان رۆژەوە رێککەوتن، بەڵام ئەم رێککەوتنە زۆری نەخایاند و ئاڵوگۆڕی تەقە بەردەوام بوو. لە هەمان کاتدا لەگەڵ زیادبوونی ململانێکان، سوپای تاجیکستان موشەک هەڵگرەکانی جۆری BM-21 گرادی بۆ سنوورەکانی لەگەڵ قرقیزستان گواستەوە و چەند جار هێرشی کردە سەر پێگەکانی قرقیزستان لە بنکە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەی شاری بادکەند. لەلایەکی دیکەوە قرقیزستان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار (Bayraktar TB2) هێرشی کردووەتە سەر کەرەستە و گردبوونەوەکانی هێزەکانی تاجیکستان. شەڕ و پێکدادانەکانی زەمینیش بووەتە هۆی وێرانکردنی پردی سنووری ئاق سو، و چەندین تانک و زرێپۆشی هێزەکانی هەردوولا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی قرقیزستان، لە سەرەتای پێکدادانەکانی سنووری لەگەڵ تاجیکستان تا ئێستا ٥٩ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش برینداربوون. هەروەها حکومەتی قرقیزستان رایگەیاندووە کە ئەم ململانێیانە بووەتە هۆی چۆڵکردن و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٣٧ هەزار هاوڵاتی مەدەنی. میدیاکانی تاجیکستان هەروەها لە زاری وەزارەتی تەندروستی ئەم وڵاتەوە ئاماژەی بە کوژرانی ٢٤ کەس و برینداربوونی ١٢١ کەسی دیکە کردووە.

لە ئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕووسیا، ئێران، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی بیانی لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و ناردنی پەیام بۆ کاربەدەستانی هەر دوو وڵات، داوای کۆتایی هێنان بە ململانێكان و چارەسەرکردنی ناکۆکییە سنوورییەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردووە، بەڵام پێکدادان بەبێ گوێدانە ئەم داواکاریانە بەردەوامە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام