ژمارەی قوربانیانی سوپای ئازەربایجان لە پێکدادانەکانی لەگەڵ ئەرمینیا گەیشتە ٧١ کەس + وێنە

شه‌ممه‌ 17 ئه‌یلول 22 - 00:45
https://kurdish.iswnews.com/?p=17538

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی ئەم دواییەی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا، ٧١ سەربازی باکو کوژران.

سەرەڕای کەمبوونەوەی چڕیی ململانێکانی نێوان هێزەکانی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا، وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان لیستێکی نوێی ٢١ کەسی لە ژمارەی قوربانییەکانی لە ململانێکانی لەگەڵ سوپای ئەرمینیادا بڵاوکردەوە. بەم شێوەیە ژمارەی قوربانیانی سوپای ئازەربایجان لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا لەگەڵ هێزەکانی ئەرمینیا بۆ ٧١ کەس بەرزبوویەوە.

هەر لەم بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان لە مەراسیمی ناشتنی کوژراوانی ململانێکانی ئەم دواییەدا وتنی دروشمی ئاینی قەدەغە کرد و ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی ئەم فەرمانە پێشێل بکەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیاش ژمارەی قوربانیانی سوپای ئەم وڵاتەی لە ئەنجامی ململانێکانی لەگەڵ سوپای کۆماری ئازەربایجان ڕاگەیاند. بە وتەی پاشینیان، لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا لانیکەم ١٣٥ سەربازی ئەرمینیا کوژراون.

شایانی باسە ململانێکانی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ئێوارەی ١٢ی ئەیلول دەستی پێکرد. تا ئێستا هۆکاری ئەم پێکدادانانە دیاری نەکراوە و هەر لایەنێک ئەوی دیکە بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات. لە کۆتاییدا ڕۆژی ١٥ی ئەیلول، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەرمینیا ڕێککەوتنی نێوان ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجانی سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئاگربەست ڕاگەیاند.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام