ژەنەڕاڵ مەلیک خان یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ئەحمەد مەسعود لە شەڕی تاڵیباندا کوژرا

پێنجشەممە 15 ئه‌یلول 2022 - 13:58
https://kurdish.iswnews.com/?p=17489

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، لە درێژەی ململانێکانی نێوان چەکدارانی تاڵیبان و هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود لە دەرێ عەبدوڵڵای خیل، لە شاری دەرێ سەر بە پارێزگای پەنجشیر، “حاجی مەلیک خان”، یەکێک لە هەڤاڵانی ئەحمەد شا مەسعود و دیارترین فەرماندە مەیدانییەکانی هێزەکانی ئەحمەد مەسعوود، لە شەڕەکانی پەنجشیر کوژرا.

لە درێژەی هێرشەکانی ئەم دواییەی چەکدارانی تاڵیبان لە پارێزگای پەنجشیر بە فەرماندەیی مەلا عەبدولقەیوم زاکر، حاجی مەلیک خان، هاوڕێی ئەحمەد شا مەسعود و فەرماندەی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود، لە کەمپی دەرێ، لە میانەی شەڕەکانی ناوچەی دەرێ عەبدوڵڵا خیل لە شاری دەرێ کوژرا.

لەلایەکی دیکەوە لە ئەنجامی هێرشی لەناکاوی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود بۆ سەر پێگەکانی تاڵیبان لە گوندی عەمەرەز لە شارۆچکەی خەنج، ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان، لەنێویاندا “مەولوی هارون” جێنشینی “مەلا عەبدولقەیوم زاکر” کوژران. بەپێی لێدوانی سەرچاوە ناوخۆییەکان، دوای ئەم ململانێیە، تاڵیبان دوو لە هێزەکانی ئەحمەد مەسعودی گوللەباران کردووە کە لەو ململانێیانەدا بەدیل گیراون.

لە دوو رۆژی رابردوودا بە فەرماندەیی مەلا عەبدولقەیوم زاكر، تاڵیبان هێرشی قورسی لە پارێزگاكانی پەنجشیر و بەغلان دەستی پێکردووە، كە لە ئەنجامدا لانیكەم ٤٠ ئەندامی هێزەكانی ئەحمەد مەسعود و دەیان چەكداری تاڵیبان كوژراون و برینداربوون. چڕی ململانێکان بووەتە هۆی دوورخستنەوەی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەحمەد مەسعود و لاوازبوونی جددی پێگەکانیان لە پەنجشیر، و بەشێک لە میدیاکانی دژبەر بەهۆی پەیوەندی مەلا زاکر لەگەڵ ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی ئەم پاڵپشتی هێرشانەیان کردووە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *