بەرزبوونەوەی گرژییەکانی قەرەباغ و ململانێی نوێی سنووری نێوان ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان + نەخشەی مەیدانی

سێ شه‌ممه‌ 13 ئه‌یلول 22 - 23:13
https://kurdish.iswnews.com/?p=17433

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، لە دوایین کاتژمێرەکانی شەوی ڕابردووەوە، گەڕێکی نوێی گرژی و ناکۆکی لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا دەستی پێکردووە؛ ئەو ململانێیانەی کە هۆکارەکەی نەزانراوە و هەر لایەنێک ئەوی دیکە بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، لە شەوی ڕابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، تۆپخانەکانی سوپای ئازەربایجان ناوچەکانی سوتێک، جەرموک، ڤاردنیس و گۆریسیان بۆردومان کردووە. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ سوپای ئازه‌ربایجان به‌ به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی خۆكوژ هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر ئامانجێک له‌ شاری مارتۆنی له‌ناو خاكی ئه‌رمینیا.

هەندێک هه‌واڵ لە هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی سوپای ئازه‌ربایجان بۆ ناو خاكی ئه‌رمینیا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ راست نییه‌ و ناتوانرێت پشتڕاستی بكرێته‌وه‌.

شەوی ڕابردوو میدیاکانی باکو هەواڵی پێشێلکردنی ئاگربەستە نوێیەکەی ئەرمینیایان لەسەر هێڵە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ناوچەی قەرەباغ بڵاوکردەوە. دوابەدوای ئەم هەواڵە بەشێک لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئازەربایجان جێبەجێكردنی دروستكردنی رێڕەوی نوێی زەنگزۆر لە نەخچیڤانەوە و ناردنی ١٢ فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازیی پڕ لە كەرەستە لە توركیاوە بۆ هێزە چەكدارەكانی ئازەربایجان راگەیاند.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگری کۆماری ئازەربایجان لەناوبردنی یەکەیەکی سەربازی ئەرمینیا و وێستگەیەکی ڕادار و دوو سیستەمی مووشەکی دژە فڕۆکەی ئێس ٣٠٠ ڕاگەیەنراوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەرمینیا سوپای ئازەربایجان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات. ئەرمینیا ڕایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای ئازەربایجان هێرشیان کردووەتە سەر یەکەی سەربازی زەنگزۆر لە ئەرمینیا. نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا ڕایگەیاند: لە شەڕی لەگەڵ ئازەربایجان لانیکەم ٤٩ ئەرمەنی کوژراون.

ڤیدیۆیەکی نادیار لە تەقەی تۆپخانەکان لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا
تەقاندنی ڕۆکێت لەلایەن ئازەربایجانەوە بە ئاراستەی هێزەکانی ئەرمینیا

میدیاکانی ئەرمینیا باس لە چۆڵکردنی ژمارەیەک گوندی ناوچەکانی کاپان و گۆریس دەکەن. بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی هەردوولا، سوپای ئازەربایجان و سوپای ئەرمینیا هێزەکانیان لەسەر هێڵە سنوورییەکان کۆکردۆتەوە و ئەگەری شەڕی زیاتریش هەیە.

لەم بارەیەوە حکومەتی ئەرمینیا ڕایگەیاندووە کە نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە وردەکاری تەقەکردنەکەی شەوی ڕابردووی لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ڕاگەیاندووە.

هەرچەندە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا کاتژمێر ٩:٠٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانی ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا گرژییەکان لە قەرەباغ زۆرن. فەرەنسا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .