دوایین دۆخی سەربازی ئۆکرانیا دوای ٢٠٠ ڕۆژ شەڕ + نەخشەی مەیدانی

یه‌ك شه‌ممه‌ 11 ئه‌یلول 22 - 18:53
https://kurdish.iswnews.com/?p=17363

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، دوای پاشەکشەی سوپای ڕووسیا لە پارێزگای خارکیڤ لە هەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی بەسەر ناوچە بەرفراوانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەم پارێزگایەدا زاڵ بوون کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٥٩٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی سوپای ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەیەکی بەرفراوانی باشووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای خارکیڤ کشانەوە و بەبێ هیچ ململانێیەکی ئەوتۆ، هێزەکانی ئۆکرانیا چوونە ناو ئەو ناوچانە و بەسەر گوند و شارەکاندا يەک لە دواى يەک زاڵبوون. لەم پاشەکشەیانەدا شارۆچکە و ناوچە گرنگەکانی وەک بالاکلیا، ئیزیۆم، کۆپیانسک و دوریچنا کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئۆکرانیا. دەتوانین بڵێین ئەم پاشەکشەیانە بە گەورەترین شکست و پاشەکشەی ڕووسیا لە جەنگی ئۆکرانیا دادەنرێت دوای پاشەکشە بەرفراوانەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی باکووری ئۆکرانیا و شاری کیێڤ لە مانگەکانی سەرەتای جەنگدا.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت دوابەدوای ئەم پاشەکشەیانەدا ڕووبەرێکی نزیکەی ٥٩٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لەلایەن سوپای ئۆکرانیا کۆنترۆڵ کرایەوە و بەپێی پێشهاتەکانی پارێزگای خارکیڤ، پێدەچێت ئەم ڕووبەرە زیاد بکرێت و سوپای ڕووسیا بۆ هێڵە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی خارکیڤ پاشەکشە دەکات. بەپێی دوایین زانیاریەکان، فەرمانێک بۆ چۆڵکردنی شارۆچکەی ڤاڤچانسکی سنووری دەرچووە و چۆڵکردنی ئەم شارۆچکەیە بە واتای گەڕانەوەی ڕووسیایە بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکانی ئەم ناوچەیە. لە شەڕەکانی چەند مانگی ڕابردوودا، شارۆچکەی ڤاڤچانسک وەک پردێکی لۆجستیکی سوپای ڕووسیا بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای خارکیڤ بەکاردەهێنرا.

بە وردبوونەوە لە نەخشەی مەیدانی، ئەوە دەردەکەوێت کە مەبەستی ڕووسەکان لەم پاشەکشەیانە، گواستنەوەی هێزەکانە بۆ پشت ڕووباری سکیل و بەکارهێنانی ئەم ڕووبارە وەک بەربەستێکی بەرگری سروشتی. تاکتیکێکی هاوشێوە کە پێشتر بە بەکارهێنانی ڕووباری سیڤەرسکی دۆنێتس لە هەمان ناوچە و بەشێک لە پارێزگای دۆنێتسک لە میحوەری لایمان و یان پارێزگای لوهانسک لە هەندێک کاتێکدا لەم شەڕە بەکارهاتووە.

بەڵام هۆکاری ئەمە چییە و بۆچی ڕووسەکان لەو ناوچانە کشانەوە؟

هۆکاری شکستەکانی ئەم دواییەی ڕووسەکان لە پارێزگای خارکیڤ چەندین هۆکاری جیاوازی هەیە. لە دوو مانگی ڕابردوودا، دوای سەرکەوتنی ڕووسیا لە دەستبەسەرداگرتنی شاری سەڤەرۆدۆنێتسک و پێشڕەوی بەرەو شارۆچکە گرنگەکانی سلاڤیانسک و باخموت، ئێمە شاهیدی وەستانێکی درێژخایەن و بە واتایەکی دیکە “چەقبەستوویی” لە بەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بووین. جگە لەم پرسە، لە بەرەی باشوور لە پارێزگاکانی خێرسۆن و میکۆلایڤ، بە شێوەیەکی کردەیی شاهیدی سەرلێشێواوی و وەستانی ڕووسەکان بووین.
نەبوونی پلانی گشتگیر و بەرنامە داڕێژراو لەلایەن سوپای ڕووسیا و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان بەرەی ڕۆژهەڵات و بەرەی باشوور و بەکارنەهێنانی هەموو یان زۆربەی توانای شەڕی ڕووسیا لە ڕووی هێزی مرۆیی، لۆجستیک، هێزی زەمینی و هێزی ئاسمانی، شکستهێنان لە سەرکوتکردنی هێزی ئاسمانی سوپای ئۆکرانیا بە شێوەیەکی کاریگەر، لەناو نەبردنی ئەو یارمەتییە سەربازییانەی کە بۆ ئۆکرانیا دەنێردرێت بە شێوەیەکی کاریگەر، پشت بەستن بە تاکتیکە کۆن و بەسەرچووەکان لە شەڕی ئۆکرانیا و … لەو هۆکارانەن کە دەتوانرێت بە ڕوونی لە شەڕەکانی ئۆکرانیادا ببینرێت.

سەرەڕای گرنگی شەڕی ئۆکرانیا بۆ ڕووسیا، لە ڕووی لۆجستیکەوە، سوپای ڕووسیا بە شێوەیەکی کردەیی بەشێکی کەمی هێزی مرۆیی خۆی لەم شەڕەدا بەکارهێناوە، یان هەموو هێزی مووشەکی و ئاسمانی خۆی لەم شەڕانەدا بەکارنەهێناوە. یان سەبارەت بە پلان، وێنەی گشتی و ئامانجی کۆتایی ئۆپەراسیۆنی ڕووسیا لە ئۆکرانیا گومانی زۆر هەیە؛ بابەتێک کە لە هەموو قۆناغەکانی جەنگدا بە شێوەیەکی سەیر سەرهەڵدەدات. شکستهێنان لە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی شاری کیێڤ و ناوچەکانی دەوروبەری لە کاتێکدا کە توانای ئەوە هەبوو، و پاشان پاشەکشەی بەرفراوان لە باکوورەوە، و پاشان تەرکیزی تەواو لەسەر بەرەی ڕۆژهەڵات و هێنانی توانای سەربازی بۆ ئەم ناوچەیە، و دیسان کەمکردنەوە یان ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان لەم میحوەرەدا بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ و سەرلێشێواوی لە پێشڕەوی یان سەقامگیرکردنی ناوچەکان لە بەرەی باشوور، بە کردەوە سەرلێشێواوی ڕووسەکان نیشان دەدات. ڕووسەکان لە لایەکەوە بەدوای ئەنجامدا دەگەڕێن و لە لایەکی دیکەشەوە ئامادە نین تێچووەکەی بدەن. ئەگەر ئەم جەنگە بۆ ڕووسیا گرنگ بێت و ڕووسەکان بیانەوێت لەم شەڕەدا ئامانجەکان بەدەست بهێنن، دەبێت هەموو یان زۆربەی هێزی شەڕکەریان بۆ ئەم شەڕە تەرخان بکەن، بە پێچەوانەوە لەبەرامبەر سوپای ئۆکرانیا چانسیان نابێت.

لەلایەکی دیکەوە ڕەنگە هێزەکانی ئۆکرانیا ئەرکێکی ئاسانتریان لە ڕووسەکان هەبێت و ئەویش پاڵنانی ڕووسەکانە بۆ دواوە و وەرگرتنەوەی ناوچە لەدەستچووەکان. بە لەبەرچاوگرتنی پاڵپشتی لۆجستیکی تا ڕادەیەک باشی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئۆکرانیا و باڵادەستی هەواڵگری ئۆکراینییەکان و بەکارهێنانی هێزی مرۆیی زیاتر لە ڕووسیا لەم شەڕەدا، تەنیا کەمێک کەمتەرخەمی لەلایەن ڕووسەکانەوە بەسە بۆ گۆڕینی شەڕ لە بەرژەوەندی ئۆکرانیا. هێزەکانی ئۆکرانیا نیشانیان داوە کە توانای بەرەنگاربوونەوە و لێدانی گورزی قورسیان لە سوپای ڕووسیا هەیە ئەگەر پشتیوانییەکی دروست و لۆجستیکی پێویستیان هەبێت، توانای شەڕی باشیان هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زیاتر لە شەش مانگ بەسەر شەڕەکەدا تێپەڕیوە، هێزەکانی ئۆکرانیا وردە وردە خۆیان رێکخستوەتەوە و لە سەرلێشێواویی مانگەکانی سەرەتا رزگاریان بووە. وا دیارە ئەگەر ڕەوتی ئێستای ڕووسیا نەگۆڕێت، لە هەفتە و چەند مانگی داهاتوودا هێرش و ئۆپەراسیۆنی کاریگەرتر لە لایەن هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور ئەنجام دەدرێت.

هەواڵی ناوچەکانی تر:
لە دوو مانگی ڕابردوودا دۆخی سەربازی لە پارێزگاکانی لوهانسک و دۆنێتسک گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و لە دەوروبەری باخموت، سۆڵدار، باکووری گۆرلیوکا، ڕۆژئاوای دۆنێتسک لە مارینکا و پێسکی و لە نزیک ئۆگێلدار پێکدادانی ناوبەناو بەردەوامە.
لە پارێزگاکانی میکۆلایڤ و خێرسۆن، پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سوپای ڕووسیا و ئۆکرانیا لە میحوەرەکانی ئارخانێلسکی و سوخی ستاڤۆک لە میحوەری ئینگۆلێت بەردەوامە. هاوسەنگی لە ململانێکانی ئەم ناوچانەدا هەیە و هیچ لایەنێک توانای پێشڕەوی بەرفراوانی نییە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .