عەون: حزبوڵڵا هاوبەشی ئێمەیە و پشتیوانی لێ دەکەین/”ئیسرائیل” زۆربەی مەرجەکانی ئێمەی قبوڵ کردووە

هه‌ینی 9 ئه‌یلول 2022 - 12:04
https://kurdish.iswnews.com/?p=17209

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، سەرۆککۆماری لوبنان لە وتارێکدا کە جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانی لە حزبوڵڵا دەکات، وتی: هەنگاوەکانی خۆڕاگری لوبنان [حزبوڵڵا]، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی لەبارەی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانەوە بەرەو پێش برد.

میشێل عەون لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەلجمھوریەی لوبنانی سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ حزبوڵڵا ڕایگەیاند: ئێمە باجی ئەم پەیوەندییەمان داوە، کە لە بەرژەوەندی لوبنان بوو، و جبران باسیل، سەرۆکی بەرەی رزگاری نیشتمانی لوبنان، هەروەها بەهۆی هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ حزبوڵڵا لەلایەن ئەمریکییەکانەوە سزا درا و ئێمە پەشیمان نین؛ چونکە ئەوەی کردمان دەرئەنجامی بیروباوەڕ بوو.

ناوبراو وتیشی: “حزبوڵڵا” بەشێکە لە گەلی لوبنان و ئێمە لە یەک وڵاتدا پێكەوە دەژین و تێیدا پێكەوە دەمێنینەوە، نەک لەگەڵ ئیسرائیلییەكان یان ئەمریكییەكان یان هەر كەسێكی تر. بە واتایەکی تر بنەما نیشتمانی و ئەخلاقییەکان، دوور لە هەر لێکدانەوە و بەرژەوەندییەکی سیاسی، داوامان لێدەکات کە وەک شەڕی “تەموز” لە پاڵ هاوبەشەکەماندا لە بەرامبەر هەڕەشەکان بوەستین.

عەون، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا جارێکی دیکە لە ئەگەری شەڕێکی دیکە بە هۆکاری جۆراوجۆر هەڵوێستێکی لەو شێوەی دەبێت، جەختی کردەوە: بەڵێ دەبینن کە هەڵوێستی ئێمە ناگۆڕێت؛ چونکە ئەم هەڵوێستە پرەنسیپی و نەتەوەییە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی هەلومەرجەکاندا ناگۆڕێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بە ئاماژەدان بە بابەتی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی نێوان لوبنان و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین، هەروەها گەشتی نوێنەری ئەمریکا عامۆس هۆکشتاین بۆ ناوچەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا، ڕایگەیاند: زۆربەی داواکارییەکانی لوبنان ئێستا لەلایەن لایەنی ئیسرائیلیەوە قبوڵکراوە، هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە پرسە بنەڕەتییەکان لە کۆتایی نزیکە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ ڕێککەوتنی کۆتایی بکەین.

ناوبراو هەروەها رایگەیاند: کێڵگەی غازی “قانا” بە تەواوی بۆ لوبنان دەبێت، لە هەمان کاتیشدا پێداگری لەسەر مافی خۆمان دەکەین بۆ دەرهێنانی غاز لە بەشەکەی دیکەشەوە.

میشێل عەون لەم دۆسیەیەدا لەسەر ڕۆڵی خۆڕاگری لوبنان وتی: جموجۆڵەکانی خۆڕاگری لە پێشخستنی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان کاریگەر بوو.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *