باشاغا دیسانەوە نەگەیشتە تەرابلوس!

سێشەممە 30 ئاب 2022 - 13:35
https://kurdish.iswnews.com/?p=16849

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، هەوڵەکانی فەتحی باشاغا، سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی لیبیا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری تەرابلوسی پایتەختی ئەم وڵاتە شکستی هێنا.

دوای پێنج ڕۆژ لە گرژی سیاسی و ململانێی چەکداری، سێیەم هەوڵی فەتحی باشاغا بۆ چوونە ناو تەرابلوس شکستی هێنا. لە ئەنجامی ململانێی نێوان لایەنگرانی چەکداری فەتحی باشاغا و هێزەکانی حکومەتی ویفاق سەر بە عەبدولحەمید ئەلدەبیبە سەرۆک وەزیران لە شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا، زیاتر لە ٣٢ کەس کوژران و ١٦٠ کەسیش برینداربوون، ئێستاش ئەلدەبیبە و باشاغا یەکتر بە دەستپێکردنی ململانێ و کوشتنی لیبییەکان تۆمەتبار دەکەن.

باشاغا لە بەیاننامەیەکدا ئەلدەبیبەی بەوە تۆمەتبارکرد کە حکومەتی رادەست نەکردووە و خوێنی خەڵکی مەدەنی ڕشتووە و ماڵ و موڵکیان تاڵان کردووە. عەبدولحەمید ئەلدەبیبە هەروەها لایەنگرانی باشاغای بە کۆمەڵێک کودەتاچی ناوبرد کە دادگایی کراون. لەم بارەیەوە داواکاری گشتیی سەربازیی لیبیا فەرمانێکی دەرکردووە کە گەشتی باشاغا و ئوسامە جەویلی فەرماندەی چەکدارانی لایەنگرانی باشاغای قەدەغە کردووە.

لە ئێستادا شەڕ و پێکدادان لە تەرابلوس ڕاگیراوە و لە هەندێک شوێن بە شێوەیەکی ناوبەناو ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان لایەنەکان ڕوودەدات. ناوەند و دەوروبەری تەرابلوس ئارامە و هێزەکانی حکومەتی ویفاق بە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی ئەلسوانی لە میحوەری باشوری تەرابلوس پاشەکشەیان بە هێزەکانی لایەنگری باشاغا کردووە.

ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لیبیا و پەرلەمانی لیبیا و باڵیۆزخانەی وڵاتانی کاریگەر لە لیبیا هەروەها داوای ڕاگرتنی ململانێکان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییان کردووە.

بە لەبەرچاوگرتنی شکستی فەتحی باشاغا لە وەرگرتنەوەی حکومەت و پایتەخت، ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکان لە لیبیا هەیە. پاڵپشتی ژەنەڕاڵ حەفتەر لە باشاغا دەتوانێت بە جددی کێبڕکێ بگەیەنێتە ئاستی سەربازی و جارێکی دیکە ئەم وڵاتە ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان و دەستێوەردانی سەربازی تورکیا، ئیمارات و ڕووسیا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *