ڕەئیسی: پێگەی مەرجەعیەتی باڵای ئائینی ڕۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی سەقامگیری عێراقدا هەیە

سێ شه‌ممه‌ 30 ئاب 22 - 11:51
https://kurdish.iswnews.com/?p=16846

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق تەنیا لە ڕێگای وتووێژی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەوە دەبێت و پێگەی مەرجەعیەتی باڵاش لەم پێناوەدا ڕۆڵی گرنگی هەیە.

ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی دووشەممە 29 ی ئابی 2022 لە چاوپێکەوتنی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق وتی کە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق تەنیا لە ڕێگای وتووێژی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە لە چوارچێوەی دەستوور و لە سەر بنەمای لێک تێگەیشتن لە سەر حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی عێراق دەبێت.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە پێگەی مەرجەعیەتی باڵای ئائینی لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق ڕۆڵی گرنگی هەیە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەدا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بۆ کاروباری ناوچەکە کرد و وتی: دەستپێشخەرییەکان و هەنگاوەکانی عێراق بۆ باشترکردنی کەشی هاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بە بێ دەستێوەردانی بێگانەکان، لە پتەوکردنی پێکەوەبوونی ناوچەیی کاریگەری دەبێت.

ناوبراو بەڕێوەچوونی پێنج گەڕی دانوستانی نێوان ئێران و سعوودیەی بە نێوەندگێڕیی عێراق بە سوودمەند ناو برد و وتی کە بە تەواوکردنی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی پێشوو، ڕێگای بەردەوام بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان هەموارتر دەبێت.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە دەستپێکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران لە بەرژەوەندی ئاسایشی ناوچەکە دەبێت.

لەو چاوپێکەوتنەدا فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتە بە گرنگ ناو برد و جەختی لە سەر بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە کردەوە.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام