دوایین پێشهاتەکانی عێراق؛ لە بەیاننامەکەی ئایەتوڵڵا حائێریەوە تا کشانەوەی سەدر لە سیاسەت!

دوو شه‌ممه‌ 29 ئاب 22 - 22:22
https://kurdish.iswnews.com/?p=16830

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، لەم چەند کاتژمێرەی دواییدا، گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی عێراق شاهیدی چەندین ڕووداو و بڕیاری گرنگ بووە، وەک کشانەوەی ئایەتوڵڵا حائێری لە ئەرکی مەرجەعیەتی ئایینی شیعەکان و کشانەوەی سەدر لە سیاسەت، کە ئەگەری زۆرە ئەم وڵاتەی ڕووبەڕووی کێشەی نوێی سیاسی-ئەمنی له‌ داهاتوودا بکات.

ئایەتوڵڵا سەید کازم حوسێنی حائێری، مەرجەعێکی شیعەکانی عێراق، ئەمڕۆ ٢٩ی ئاب، لە بەیاننامەیەکدا کشانەوەی خۆی لە ئەرکی مەرجەعیەتی شیعەکان لەبەر بێهێزی بەهۆی نەخۆشییەوە رایگەیاند. ناوبراو لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی و ئەوەی کە نوێنەرەکانی ئیتر مافی وەرگرتنی بەخششی شەرعییان نییە، داوای لەباوەڕداران کرد ملکەچی ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بن، چونکە بەڕێزیان شایەنترین و بەتواناترینە بۆ رێبەریکردنی ئومەتی ئیسلامییە.

ئایەتوڵڵا حائێری جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی بە ناوی هەردوو شەهیدی سەدر هەوڵی دووبەرەکی لە نێوان رۆڵەکانی گەل و ئایینزا و بە ناویانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی سەرکردایەتی دەدات لەکاتێکدا پلەی ئیجتیهادی نییە و مەرجەکانی پێویستیشی تێدا نییە، ئەو تەنانەت سەدریش نییە. ئەم زانایە بەردەوامی بوونی داگیرکەرانی ئەمریکی لە عێراق بە یەکێک لە گەورەترین حەرامەکانی لای خودا زانی.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە، موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە عێراق، بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، كە هەرگیز ئیدیعای سەركردایەتی و دەسەڵاتی نەكردووە و بۆ هەمیشە لە چالاكییە سیاسییەكان دەكشێتەوە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: زۆر کەس بە سەید ئەلحائیرییەوە وادەزانن ئەم سەرکردایەتییە بە هەوڵ یان بە فەرمانی ئەوان بەدەستهاتووە لە کاتێکدا ئەوە سەرەتا بە بەخشندەیی خودا و میراتی باوکم بەدەستهاتووە. هێشتا نەجەفی پیرۆز گەورەترین بنکەی مەرجەعییەتە و هەر وا بووە.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ منیش هیچ رۆژێک داوای پیرۆزی و ئیجتیهاد و سەرکردایەتیم نەکردووە، بەڵکو تەنیا بانگەشە بۆ چاکە و نەفرەت لە خراپە دەکەم. هەرچەندە باوەڕم وایە کە ئایەتوڵڵا حائێری بە ویستی خۆی نەکشاوەتەوە و راگەیێندراوەکەشی کە بڵاوکرایەوە بە هەمان شێوە، بەڵام من بۆ یەکجارەکی لە کاروباری سیاسی دەکشێمەوە و هەموو دامەزراوەکانیش دادەخەم جگە لە مەزارگەی پیرۆز و مۆزەخانەی پیرۆز و دەستەی کولتووری بنەماڵەی سەدر. ئیتر هەمووان ئازادن، ئەگەریش مردم یان کوژرام داواکارم فاتیحەم بۆ بخوێنن و نزام بۆ بکەن.

دوای راگەیێندراوەکەی سەرۆکی ڕەوتی سەدر، لایەنگرانی ئەم ڕەوتە چەند بینایەکی حکومییان داگیرکرد، لەنێویاندا یەکێک لە کۆشکەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا.

لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە کۆشکێکی ناوچەی سەوز

ئەم کارانە بووە هۆی ئەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات و قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیەنێت. بەم پێیە لە کاتژمێر ١٥:٣٠ی ئەمڕۆ قەدەغەی هاتووچۆ دەستی پێکردووە.

ئەم ئاژاوەگێڕیە شارە جیاوازەکانی عێراقی گرتۆتەوە و لە بەسرە گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە موقتەدا سەدر بەڕێوەچوو. لەم گردبوونەوە ناڕەزایەتییەدا وێنەی شەهیدان قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن لایەنگرانی ڕەوتی سەدرەوە سووتێنرا.

لە ئەنجامی ئەم ئاژاوەگێڕیانە مەزارگەی پیرۆزی کازمین (ع) بەڕووی زیارەتکاراندا داخرا. ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیانی لە عێراق هەڵگرتبوو، ناوچەی سەوزی بەغدایان بەجێهێشت. هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەواڵەکانی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕەت کردووەتەوە، بەڵام زانیاری و وێنانەکان دەریدەخەن کە هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا چەند کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە بەغدا گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەڵفڕینی هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەیئەم وڵاتە لە بەغدا

دوابەدوای پێشهاتەكانی چەند كاتژمێری رابردووی عێراق، باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا داوای لە سەرجەم زیارەتكاران و هاووڵاتیانی ئێرانی كرد كە لە شارەكانی كەربەلا، نەجەف ئەشرەف و كازمین ئامادەن، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە سەپێندراوە، خۆیان بەدوور بگرن لە هاتوچۆ کردندا.

خاڵی جێی سەرنجی پێکدادانەکانی ئەمڕۆ هەڵگرتنی چەکە لەلایەن لایەنگرانی سەدر و هێزەکانی سەرایا ئەلسلام لە بەغدا.

هەڵگرتنی چەک لەلایەن لایەنگرانی ڕەوتی سەدر
هەڵگرتنی چەک لەلایەن لایەنگرانی ڕەوتی سەدر
بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام