ئایا ئەزموونی هەڵهاتنی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە لە کەرتی خۆرئاواش دووبارە دەبێتەوە؟

هه‌ینی 26 ئاب 22 - 16:10
https://kurdish.iswnews.com/?p=16624

هەڵهاتنی زایۆنیستەکان لە کەرتی غەززە بە نموونەی سەرکەوتووی خەباتی گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین دادەنرێت و فەڵەستینییەکانی کەرتی خۆرئاواش هیوایەکی زۆریان بەوە هەیە تا ئەوەی کە لە ساڵی 2005 لە کەرتی غەززە ڕووی دا، لە کەرتی خۆرئاواش دووبارە ببێتەوە.

زیاتربوونی چالاکییە چەکدارییەکان لە کەرتی خۆرئاوا و ئاڵۆزکردنی ناوچەکە بۆ زایۆنیستەکان وەبیرهێنەری ئەو هەلومەرجە دژوارەیە کە لە ساڵی 2005 لە کەرتی غەززە پێش هەڵهاتن لە لایەن ئەوانەوە بینراوە.

نزیکەی حەفدە ساڵ بەر لە ئێستا و لە مانگی ئاب ی 2005، ئەریێل شارۆن سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی ڕژێمی زایۆنیستی کە نازناوی ” قەسابەکەی سەبرا و شەتیلا ” ی پێدرابوو، فەرمانێکی دەرکرد کە سەرجەم شارۆچکە نشینەکان لە ناوچەکانی کەرتی غەززە بکشێنەوە. زایۆنیستەکان لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە کە 27 ڕۆژ بەردەوام بوو، 21 شارۆچکەی کەرتی غەززەیان بە 8 هەزار و 500 دانیشتووەوە چۆڵکرد. لە سەرجەم وێنەکانی ئەو کاتەدا ڕوونە کە شارۆچکە نشینەکان بە توڕەیی و چاوی گریان و بە گوشار و زۆر کەرتی غەززەی داگیرکراویان چۆڵ دەکرد. لە هەندێک وێنەدا دەبینرێت کە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هەموو جۆرە زەبر و گوشارێک دانیشتووانی شارۆچکەکان ناچار بە کشانەوە دەکەن.

فەرمانەکەی شارۆن بۆ کشانەوە لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی ئەو دانوستانە بوو کە پێشتر لە گەڵ مەحمود عەباس کردبووی و هەر دوو لا بەو ڕێکەوتنە گەیشتن کە لە بەرامبەر کشانەوەی تاکلایانە، ڕاپەڕینی فەڵەستینییەکانیش کۆتایی بێت. شارۆن کە لە یەک ساڵی ڕابردووی بە هۆی زیاتربوونی هێرشەکانی گرووپە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە و لاوازبوونی لە دابینکردنی ئاسایشی شارۆچکە نشینەکان، مەترسی ڕووخانی حکومەتەکەی لە سەر بووە، پرۆژەپێشنیارێکی پێشکەش بە پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنیستی کرد و وەک کشانەوەی تاکلایانە لە کەرتی غەززە بەرگری لێکرد و بەڵێنی ئەوەیدا کە پاش چۆڵکردنی غەززە زایۆنیستەکان لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا ژیان بە سەر ببەن.

داگیرکردنی کەرتی غەززە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە لە شەڕەکانی 1967 دەستیپێکرد و تا ساڵی 2005 بەردەوام بوو. زایۆنیستەکان لە ماوەی ئەو 38 ساڵەدا، 21 شارۆچکەیان لە غەززە درووست کرد کە لە سەدا 20 ی خاکی ئەو ناوچەی لە خۆ دەگرت. هەروەها لە ماوەی داگیرکردنی کەرتی غەززە بە هەموو شێوازێک کەڵک لە بواری کشتووکاڵیی ئەم ناوچەیە لە پێناو گەشەکردنی ئابوریی ڕژێمی تەل ئەبیب وەرگیرا. ئەم هەلومەرجەش بووە هۆی ئەوەی کە کاتێک زایۆنیستەکان لە ئەنجامی چالاکیی گرووپەکانی فەڵەستینی ناچار بە کشانەوە لە غەززە بوون، هەندێک بە سەرسوڕمانەوە لەمەیان دەڕوانی و بۆ ئەوان چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام کابینەی ئەو کاتەی ڕژێمی زایۆنیستی هیچ بژاردەیەکی دیکەی بەدەر لە کشانەوە لە کەرتی غەززە نەبوو. ڕێژەی هێرشە چەکدارییەکانی گرووپە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە لەو کاتەدا هێندە زۆر بوو کە ڕۆژێک نەبوو دەنگی بۆمب و تەقینەوە و تەقەکردن لە کەرتی غەززە و بە تایبەت لە شەواندا نەبیسترێت. دواتر ” موشیر میسری ” شرۆڤەکاری ڕۆژنامەی هائارێتس لە نووسینێکدا لە ساڵی 2020 ڕایگەیاند کە تەل ئەبیب لە ساڵی 2005 بژاردەیەکی بەدەر لە کشانەوە لە کەرتی غەززە نەبووە، لە بەر ئەوەی کە تێچووی مانەوەی ڕووی لە زیادبوون کردبوو.

هەڵهاتنی زایۆنیستەکان لە کەرتی غەززە بە نموونەی سەرکەوتووی خەباتی گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین دادەنرێت و فەڵەستینییەکانی کەرتی خۆرئاواش هیوایەکی زۆریان بەوە هەیە تا ئەوەی کە لە ساڵی 2005 لە کەرتی غەززە ڕووی دا، لە کەرتی خۆرئاواش دووبارە ببێتەوە.

ڕەنگە هەندێک کشانەوەی زایۆنیستەکان لە کەرتی غەززە بە ئامانجێکی بەرزەفڕانە ناو ببەن بەڵام ڕاستییەکانی ئەمڕۆ پیشان دەدات کە ئەگەری کشانەوەی زایۆنیستەکان لە کەرتی خۆرئاوا زیاترە لەو کاتەی کە لە غەززە کشانەوە. بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لە ساڵی 2020 ئەوەی پیشاندا کە پلانەکەی ساڵی 2005 ی ڕژێمی زایۆنیستی دوو بەشی کشانەوە لە غەززە و کەرتی خۆرئاوای لە خۆ گرتووە. بە پێی بەڵگەکان، کابینەی شارۆن لەو کاتەدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە تەنیا ڕێگای پاراستنی ڕژێمی تەل ئەبیب کشانەوە لە کەرتی غەززە و پاشان کەرتی خۆرئاوایە و بە پێچەوانەی ئەمە بەردەوامی داگیرکاری کەرتی خۆرئاوا، تەل ئەبیب ڕوبەڕوی کێشەی مان و نەمان دەبێتەوە. سەرەڕای ئەمەش ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەر دوو پارتی لیکود و کادیما قۆناغی دووەمی پلانەکەی بۆ کشانەوە لە کەرتی خۆرئاوا ڕاگرت بەڵام بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە ئەوەی پیشانداوە کە بەرپرسانی سیاسی ڕژێمی زایۆنیستی وەک بژاردەیەک سەیری کشانەوە لە کەرتی خۆرئاوا دەکەن.

هەلومەرجی ئەمڕۆی کەرتی خۆرئاوا بۆ زایۆنیستەکان زیاتر لە ساڵی 2005 ی کەرتی غەززە بووەتە جێی نیگەرانی. بە پێی دوایین ئامار، نزیکەی 491 هەزار و 923 زایۆنیست لە 150 شارۆچکەی درووستکراو لە کەرتی خۆرئاوا نیشتەجێن کە ئەمەش 50 هێندەی ئەو زایۆنیستانەیە کە پێش 2005 لە کەرتی غەززە نیشتەجێ کرابوون. بە واتایەکی دیکە لە ئێستادا لە سەدا 5 ی حەشیمەتی 9 ملیۆن و 500 هەزار کەسیی ڕژێمی زایۆنیستی مەترسی هێرشی ڕۆژانەی فەڵەستینییەکانیان لە کەرتی خۆرئاوا لە سەرە و ئەم هەلومەرجە ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت. لە ڕاستیدا سەرکردەکانی تەل ئەبیب بە ناچاری دەبێت ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە بدۆزنەوە. ڕەنگە بۆ ماوەی چەند مانگێک بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی ئاسایشی شارۆچکە نشینەکان بە ڕادەیەکی کەم دابین بکرێت بەڵام چەک و فیشەک ناتوانێت ڕێگاچارەی کۆتایی لە کەرتی خۆرئاوا بێت.

ڕاستە کە کشانەوەی زایۆنیستەکان لە کەرتی خۆرئاوا لە کورت ماوەدا ڕەنگە چاوەڕواننەکراو بێت بەڵام گومان لەوەدا نییە کە سەرکردەکانی تەل ئەبیب بە ناچاری دەبێت ئەم ڕێگایە هەڵبژێرن و ئەگەری دووبارەکردنەوەی سیناریۆی هەڵهاتن لە کەرتی غەززە لە کەرتی خۆرئاواش هەیە. هەرچەندە کشانەوە و هەڵهاتن لە کەرتی خۆرئاواش ناتوانێت مانەوەی زایۆنیستەکان دەستەبەر بکات و ئاڵۆزییەکانی تەل ئەبیب هێندە زۆرە کە بە وتەی ” ئیهود باراک ” سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستی، قەوارەی جولەکە لە هەشتەمین دەیەی دامەزراندنی چارەنووسی تەنیا لەناوچوونە.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام